کتێبەکەى عەمەرخانى شکاک بڵاو کرایەوە

کتێبەکەى عەمەرخانى شکاک بڵاو کرایەوە
کاتژمێر ٨ی شەوی ١٥/٤/٢٠٢١ لە هۆتێل شیراتۆن لە هەولێر و لەناو ئاپۆراى خوێنەر و توێژەر و نووسەرانى کورد، کتێبی (عەمەرخانى شکاک لە سەرهەڵدانى سمکۆوە تا کۆمارى کوردستان ١٩٠٦ - ١٩٤٦) بە واژۆی نووسەری پەرتووکەکە محەمەد ساڵح قادری بڵاوکرایەوە.

کتێبەکە لە ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەى (محەمەدساڵح قادری)یە و بە زمانی کوردی (دوو شێوەزارى کرمانجیی خواروو و سەروو) هاوکات بە زمانی فارسیش چاپ کراوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا محەمەد حەمەباقی ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی چەند پەیڤێکی لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە پێشکەش کرد و گوتی: "ئەم پەرتووکە بۆیە پڕبایەخ و گرنگە، چونکە پشتی بە چەندین سەرچاوەی جۆراوجۆر بەستووە و بەڵگەمەندە و ئەمەش زانستی و ئەکادیمیبوونی ئەم لێکۆڵێنەوەیە دەسەلمێنێت".

دواتر محەمەدساڵح قادری، نووسەر و ئامادەکاری کتێبەکە چەند گوتەیەکی لەبارەی کتێبەکەی خستە ڕوو و ڕای گەیاند: "من لەم پەرتووکەدا نەمویستووە قەزاوەت و داوەری بکەم، بەڵکوو بۆ ڕاستکردنەوەی هەندێ ناڕوونیی ناو بزووتنەوەی ئەو بەشەی کوردستان ئەم کارەم کردووە و بۆ بە ئەنجامگەیاندنی لە بەڵگەنامە و ئەرشیڤی هەشت وڵات کەڵكم وەرگرتووە کە سەرجەم ١١٧ بەڵگەی جۆراوجۆ لەم کتێبەدا گونجێندراون".

هەروەها پاشان بە واژۆی نووسەر کتێبەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا.

ئەم کتێبە سەردێرێکى مێژووى ئەوکاتەی نیشتمانە کە پیاوێکى کورد ڕۆڵێکى گرنگى تێدا گێڕاوە و توانیویەتى لە زۆر شوێن و کاتدا ببێتە هۆی گۆڕینى ئاراستەى ڕووداوەکان.

ئامادەکارى ئەو کتێبە زیاتر لە ١٧٠ لاپەڕەى بەو بەڵگەنامانەداوە کە تایبەت بە (عەمەر خانى شکاک) و هەر لە کتێبەکەدا جگە لە بەڵگەنامەکان کە لە هەشت ئەرشیڤخانە سوودى وەرگرتووە، ئینجا سوودى لە فۆلکلۆر و مێژووى زارەکی و کتێب و لە زانیاریی نووسراوەکانیى ئەو بوارەش وەرگرتووە. بۆیە ئەو کتێبە مایەى هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە لەبەر ئەو لێکۆڵینەوە مێژووییانەى لەبارەى ئەو سەردەمەدا دەکرێن.

پەرتووکی (عەمەرخانی شکاک، لە سەرهەڵدانی سمکۆوە تا کۆماری کوردستان ١٩٠٦ - ١٩٤٦) کە بە دوو زمانی کوردی (سۆرانی – کورمانجی) و فارسی و لە سێ بەرگی جیادا بڵاو کراوەتەوە، بەشی سۆرانی و فارسییەکەی لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردییە و کورمانجییەکەشی لەلایەن وەشانگەی ئاڤێستا لە باکووری کوردستان چاپ کراوە.

basnews
Top