هونەرمەند جەعفەر حەسەن لە تەمەنی 77 ساڵیدا بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد

هونەرمەند جەعفەر حەسەن لە تەمەنی 77 ساڵیدا بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد
جەعفەر حەسەن، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی کورد بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا لە تەمەنی 77 ساڵیدا، ئێوارەی رۆژی 19-4-2021 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.

ناسر حەسەن، دەرهێنەری نێودار و برای هونەرمەندی کۆچکردوو جەعفەر حەسەن رايگەیاند " ماوەی چەند رۆژێک بوو جەعفەری برام لەژێر چاودێری تووندی پزیشک لە ژووری چاودێری چڕدابوو، ئەم ئێوارەیە بەیەکجاری دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەتا هەتاییە ماڵئاوایی لێکردین".

هەر بەم بۆنە خەمناكەوە فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەولێر گوتی" هونەرمەند جەعفەر حەسەن، رۆڵێکی گرنگی لەنێو میوزیک و گۆرانی کوردی و عەرەبی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوازدانەرێکی بەتوانا بووەو دەیان ئاوازی کوردی و عەرەبی داناوە، بەڵام دوای ململانێکی تووند لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا، ئەم ئێوارەیە کۆچی دواییکرد، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو هونەرمەندانی کوردستان دەکەم".

هونەرمەند جەعفەر حەسەن، لە ساڵی 1944 لە شاری خانەقین لەدایکبووە، لە ساڵی 1958 دەستی بەکاری هونەری کردووە، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرو میوزیکژەن بووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا بووە، ئەندامی گرووپی میوزیکی دیجلە بووەو لە تەلەڤزیۆنی بەغدا کاری کردووە، دەیان گۆرانی و ڤیدیۆکلیپ و کۆنسێرتی تۆمارکراوی هەیە.

rudaw
Top