لە میسر هێرش دەكرێتە سەر میریام فارس

لە میسر هێرش دەكرێتە سەر میریام فارس
لە سەرەتای مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی میریام فارس ریكلامێكی لە چەند كەناڵێكی میسری بڵاوكردەوە، بەم بۆنەوە میریام ترندێكی بڵاوكردەوە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەركەوتنی ریكلامەكە، هەروەها تویتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دەڵی: «من زۆر خۆشحاڵم بەو سەركەوتنەی كە گۆرانی و ریكلامەكەم بەدەستیان هێنا لە میسر دوای 24 كاتژمێر لە بڵاوكردنەوەی، زۆر بیرت دەكەم میسر».
ئەم هەنگاوەی میریام بووە مایەی تووڕەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندانی میسر، چونكە پێشتر لە چەند بۆنەیەكدا بە ئاشكرا رایگەیاند بوو كە میسر ناتوانێت پارەی كۆنسێرتەكانی دابین بكات، بۆیە ژمارەیەك لە هونەرمەندانی میسر هێرشێكی توندیان كردە سەر میریام، لەم بارەوە مونە فەزالیی ئەكتەری میسری لە وەڵامی تویتەكەی میریام دەڵێ: «ئەی میسرت بە كوخ ناو نەبردبوو، خۆیشت زۆر بە گرانتر لە میسر دەزانی، ئێستاش بیری میسر دەكەی، ئەوەی راستی بێت پارەكانی میسرت بەلاوە جوانە، بەڵام خەتاكە لە تۆ نییە، باش بزانە میسر بە تۆوە خۆشحاڵ نییە، میسر هێڵی سوورە.»
جێگای سەرنجە میریام لە چەند بۆنەیەكدا بە ئاشكرا رایگەیاند بوو كە ئەو بۆ میسر ئاسان نییە و كرێی كۆنسێرتەكانی زۆر گرانە و میسر ناتوانێت دابینی بكات، پێش شۆڕشی میسر چەندین كۆنسێرتی لەو وڵاتە ئەنجام دەدا، بەڵام دواتر ناوبانگی زیاتری پەیدا كرد ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە كرێی كۆنسێرتەكانی بەرز ببێتەوە و داواكارییەكانی زۆر بوون، كە رەنگە میسرییەكان نەتوانن دابینی بكەن، بەتایبەتی دوای شۆڕشی میسر، ئەم لێدوانەی میریام بووە مایە توڕەبوونی میسرییەكان و بە ئیهانەیان وەسف كر، بۆیە داوایان كرد كە رێگا بە میریام نەدرێت چیتر بێتە نێو خاكی میسرەوە.
سەرچاوە: arabic.sputniknews
Top