ئۆپێرا نهێنییە تاڵەكانی ژیانی خۆی ئاشكرا كرد

ئۆپێرا نهێنییە تاڵەكانی ژیانی خۆی ئاشكرا كرد
خانمە میدیاكاری ناسراوی ئەمریكی لە مانەی كتێبێكدا ئۆپیرا پەردەی لەسەر چەند نهێنییەكی تایبەتی ژیانی خۆی هەڵدایەوە، بەتایبەتی سەردەمی منداڵیدا كە بۆ ئەو زۆر ناخۆش بووە لە نێوان دایكێك كە زۆر گرنگیی بە ژیانیی نەدەدا و داپیرێكی توند لە مامەڵە كردندا.
بەپێی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتیانی ئۆپیرا لە كتێبە نوێیەكەیدا بە ناوی (چیت بەسەر هاتووە؟) باسی لە سەردەمی منداڵیی خۆی دەكات، كە مایەی شۆك بووە، لە هەمان كاتدا بۆ ژیانی داهاتووی وەك ئەزموونێك بووە، لەلایەكی دیكەوە ئۆپیرا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە ئەنستاگرام باسی چەند ئەزموونێكی تاڵی ژیانی خۆیی كردووە، لەم بارەوە دەڵێت: «لە ژیانی خۆمدا زۆر بە دەگمەن هەستم بە خۆشەویستی كردووە، ناچار بووم بەشێكی ژیانم لە گوندێكی میسیسیپی لەگەڵ داپیرم بەسەر بەرم، بەڵام داپیرم زۆر توند بوو لەگەڵمدا و لەسەر بچووكترین رەفتار زۆری لێ دەدام، لە بەرامبەردا دایكیشم زۆر لەگەڵم ساردبوو و گرنگیی پێنەدەدام، تەنانەت زۆربەی شەوان لە بەلەكۆنی ماڵەكەدا دەخەوتم.»
ئۆپیرا دەربارەی كاریگەریی قۆناغی منداڵی لەسەر ژیانی دەڵێت: «كاریگەریی درێژخایەنی چەوسانەوە و ناچاربوون بە بێدەنگی و زەردەخەنەی نادرووست، وای لێ كردم ببمە خاوەن كەسایەتییەك كە تەنیا هەوڵ دەدەم دڵی بەرامبەرەكانم خۆش بکەم، چونكە تا نیوەی تەمەنم نەمزانی بە بڕوایەكی تەواوەوە بە بەرامبەرەكەم بڵێم (نەخێر)».
شایەنی ئاماژە پێكردنە كە ئۆپیرا بە یەكێك لە دەوڵەمەندەكانی جیهان ناسراوە و لە ساڵی 2003 سەروەتەكەی لە یەك ملیار دۆلار زیاتر بوو، لە ساڵی 2005 بەپێی راپرسییەكی گۆڤاری فۆربس لە كۆی (20) ئافرەتی خاوەن دەسەڵات لە بواری میدیا و دەسەڵاتی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی نۆیەم هات، هەروەها لە ساڵی 2005 بۆ ئەو كەسایەتییانەی كە زۆرترین كاریگەرییان لەسەر ئاستی جیهان هەیە، لە پلەی دووەمی راپرسییەكی هەمان گۆڤاردا هاتبوو.
سەرچاوە: سپۆتنیك
Top