كار و چالاكییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزا

كار و چالاكییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزا
لەبواری تۆڕی ئاوی خواردنەو ئاوەڕۆ و بیرلێدانی ئاوی خواردنەوە و قیرتاو و كۆنكریتكردندا:
قیرتاوكردن (ستابلایزەر) لەشاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان بەگشتی 96134مەتر دووجا بووە.
قیرتاوكردن (بایندەر) بەگشتی لەهەموو هەرێمی كوردستان 3559750مەتر دووجا بووە.
كۆنكریتكردنی كۆڵان و شەقامی ناو گەڕەكەكانی شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان بەگششتی 230723مەتر دووجا بووە و راكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە هەر لەم چوار شارەدا گەیشتۆتە 317787مەتر دووجا و بەگشتی لە هەموو هەرێمی كوردستان بە درێژی 139781 مەتر ئاوەڕۆ دروستكراوە.
هاوكات لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان لە ماوەی ئەم دوو ساڵە 63بیری ئاوی خواردنەوە لێدراون.
جێبەجێكردنی شەقامی 120مەتری بازنەی شاری هەولێرە كە كارەكانی پەیوەست بە رێگای كەسنەزان – رێگای كەركووك و لە رێگای كەركووك –موسڵ لە قۆناغی كۆتاییدایە و تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.
نۆژەنكردنەوەو قیرتاوكردنەوەی شەقامی سەرەكیی هەولێر – كەركووك كە بەشێوەیەكی زۆر سەردەمیانەو ستاندارد جێبەجێكراوە.
لە بواری پاكڕاگرتنی ژینگەدا
یەكێك لەكارو چالاكییە گرنگ و بەرچاوەكان كە بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە لە (15/6/2016) لە ژێر سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەڵمەتی ( با كوردستان پاك بكەینەوە لەیەك رۆژدا) كە رێكخراوی خاوێن دۆستی ژینگە بە هاوكاری راستەوخۆی حكومەتی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەچوو بە هاوكاری رێكخراوی(UNDP) و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و بە پاڵپشتی یەكێتی ئەوروپا(EU) كە تێیدا 10050كەس لە هەڵمەتەكەدا بەشداربوون، كە هەزاران تەن لەخۆڵ و خاشاك كۆكرانەوە،،كە ئەم هەڵمەتەش دەچێتە سەر نەخشەی جیهانی.
پڕۆژەی پەیوەست بە پلانی پەرەپێدانی ستراتیژی:
پڕۆژەی ئامادەكردنی پلانی پەرەپێدانی ستراتیژی بۆ شارۆچكەی تەقتەق بە سەرپەرشتی رێكخراوی(UN – HABITAT)، هەروەها بەشداریكردنی چەند ئەندازیارێك لەخولی بیناو سەڵامەتی ئاگر كە لەلایەن كۆمپانیای(AJG) ئەڵمانی رێكخرابوو. هەروەها یەكێك لەكارەكانی ئەم وەزارەتە دابەشكردنی زەوییە بەسەر چین و توێژە جیاجیاكانی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵدا و بە شەش وەجبە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدان دابەش كردووە، وەجبەی حەوتەمیش ئامادەیە بۆ دابەشكردنی زەوی بە سەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان.
بایەخدان بە بواری گەشتیاری:
ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی گەشتیاریی نێودەوڵەتی لە بەرواری 19 – 20/ 3/2016 كە تێیدا رێزدار سەرۆكی حكومەتی كوردستان ئامادەبوو، لەم كۆنفرانسەدا (70) گرێبەستی گەشتیاری لەگەڵ كۆمپانیای جیاجیای ناوخۆ و دەرەوەی گەشتیارییەكان واژووكران، كە بووە هۆی هاتنی گەشتیارێكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2015 ژمارەی گەشتیاران 782000كەس بووەو بۆ ساڵی 2016 ژمارەی گەشتیاران گەیشتە 1300000گەشتیار كە بە رێژەی 80% زیادی كردووە و ژمارەی گەشتیار لە ساڵی 2017 گەیشتە 2100000كەس، بەڵام تەنیا لەشەش مانگی یەكەمی ساڵی 2018 ژمارەكە نەك تەنیا لەچاو ساڵی پێشتر، بەڵكو لەچاو سالێ 2013 زۆر زیاتر بووە كە گەیشتۆتە 1310000 گەشتیار.
گرنگیدان بە شوێنەوار:
شوێنەوار ناسنامەی میللەتانەو كوردستانیش نیشتمانی دێرینی گەلی كوردە و خاوەنی شوێنەوارێكی زۆرو گرنگە، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەمبارەوە كاری باشی ئەنجامداوە بە نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان بەپێی شێوەو پێكهاتەی خۆیان و بەبەردەوامی كاركردنی زیاتر لە 31 تیمی بیانی شارەزاو پسپۆڕ لەبواری شوێنەواردا لە كوردستان كە كنەو پشكنین و رووپێوكردن و لێكۆلینەوەی خۆبەخشانەیان كردووە و تیمەكانیش لە وڵاتانی (ئەمریكا، ئیتالیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، چیك، فەڕەنسا، هەنگاریا، یۆنان، ئیسپانیا و چەندین وڵاتی تر)بوون.
لە بواری كەمكردنەوە بێكاریدا:
یەكێك لەو كارانەی كە بۆ كەمبوونەوەی بێكاری بە سەرپەرشتی وەزارەت لەماوەی چوار ساڵی رابردوو ئەنجامدراوە، دۆزینەوەی هەلێ كاربووە و یەكێك لەو هەنگاوانە ئەوە بوو بە هاوكاری رێكخراوی (GIZی ئەڵمانی هەلی كار بۆ 2500كەس رەخسێندرا، ئەمەش بۆ پەناهەندەو ئاوارەو خەڵكی رەسەنی هەرێم بوو. لە بواری بایەخدان بە پارك و رووبەری سەوزایی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەهەر دەرفەت و هەبوونی بودجەو داهاتێك هەوڵیداوە زیاتر خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكات، لەم قەیرانەشدا توانرا پڕۆژەی پاركی پێشمەرگە كە لەسێ بەش پێكهاتووە لەسەر رووبەری 52دۆنم زەوی دروست بكرێت و رووبەری سەوزایی ئەم پاركە 81000مەتر دووجایە و پاركی پێشمەرگە دەریاچەو تاڤگەی دەستكردو نافوورەو چەند یاریگایەكی وەرزشی لەخۆدەگریت، ئەو پاركە بۆتە شوێنێكی زۆر جوان و جەماوەری كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆری خەڵك بەتایبەتی خیزانەكانی ناو شاری هەولێر و گەشتیاران سەردانی دەكەن، كە دیمەن و پێكهاتەكانی زۆر جوان و دڵڕفێنن.
Top