كار و چالاكییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ

كار و چالاكییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پلانی ساڵانەی هەیە بۆ چاندنی گەنم لە كوردستاندا، وەك خۆراكی سەرەكیی هاووڵاتیان لە ئێستادا بەرهەمی ساڵانەی گەنم گەیشتۆتە سەرووی یەك ملیۆن تەن، كە لە رێژەی خودبژێوی تێپەڕاندووە.
سەوزەو میوەی خۆماڵی و هاوردە رووی لە زیادبوونە
بەرهەمی ساڵانە(900) هەزار تەن سەوزە و(70)هەزار تەن میوەی خۆماڵییە
سەبارەت بە بەرهەمی خۆماڵی لە سەوزە گەیشتە (900) هەزار تەن، لە میوەش گەیشتۆتە نزیكەی (70) هەزار تەن، دیارە بایەخێكی زۆریش دراوە بە خانووی پلاستیكی كە لە ئێستادا نزیكەی (12000) خانووی پلاستیكی لە هەر چوار پارێزگا هەیە، كە كاریگەریی ئەرێنیی هەبووە لە زیادكردنی بەرهەم، بەتایبەتیش لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، هاوكات ساڵانەش وەزارەت باج دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردەو لیستێكی قەدەغەكراوی سەوزەو میوەی هاوردەشی هەیە لەكاتی پێگەیشتنی هەندێ لەو بەروبوومی خۆماڵی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی داهات و گومرگەكان دەكاتەوەو لە رێگای ئەوانیشەوە خاڵەكانی سنوور و كەرەنتینەكانی كشتوكاڵ ئاگادار دەكرێنەوە.
پەتاتە وەكو خۆراكێكی سەرەكی و ستراتیژی
بەرهەمی ساڵانەی خۆماڵی دەگاتە (400) هەزار تەن
لەم چەند ساڵەی دواییدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە هەوڵێكی چڕوپڕی خستۆتە گەڕ تایبەت بە دابینكردنی بنەتۆی پەتاتە جۆری پەسندكراوی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پڕ لە بەهای خۆراكی تەندروستی، بۆیە ساڵانە رێژەی ئەم بەرهەمە لە زیادبووندایە، لەئێستادا پتر لە (400) هەزار تەن ساڵانە بەرهەم دێت كە بۆ سوودوەرگرتن لە پیشەسازیش بەكاردەهێنرێت.
سامانی ئاژەڵ و پەلەوەرو بە پێی پێداویستیی دانیشتووان لە برەودایە
بەرهەمی ساڵانە (90) هەزار تەن گۆشتی مریشك و (700) ملیار دانە هێلكەیە
لەم ساڵانەی دواییدا وەزارەت گرنگیی زۆری بە بەرهەمی گۆشتی سوورو ماسی و مریشك و هێلكە داوە، لە كوردستاندا نزیكەی (3) ملیۆن و (800) هەزار سەر مەڕو بزن و (400) هەزار مانگاو گوێرەكە و (4) هەزار گامێش هەیە، لە رووی دابینكردنی ئەلەف و فاكسین و چۆنیەتی پاراستنی ئەم سامانە و زیادكردنی بڕی بەرهەمی گۆشتی پەلەوەر و هێلكە، وەزارەت هەنگاوی بەرچاوی هەڵێناوە، هاوكات پتر لە (1350) كێڵگەی پەلەوەر هەیە كە بەسەر هەر چوار پارێزگادا دابەش بووە، بۆیە ساڵانە پتر لە (90) هەزار تەن گۆشتی مریشك بەرهەم دێت، دەربارەی هێلكەش ساڵانە (700) ملیار دانە لە هەڵهێنەرەكانی ناوخۆ دەخرێتە بازاڕەوە. سەبارەت بە ماسی، لە كوردستان (600) حەوزی ماسی هەن كە ساڵانە نزیكەی (6000) تەن گۆشتی ماسی بەرهەم دێنن، ئەمە وێڕای بوونی (130) ساردخانە كە زۆربەیان ئەهلین و بە پاڵپشتی و مۆڵەتی وەزارەت دامەزراون و بەشدارییەكی تەواو دەكەن لە پاراستنی بەرهەمەكانی كشتوكاڵ لە وەرزە جیاوازەكانی ساڵ.
قەرزی كشتوكاڵ و بووژاندنەوەی پڕۆژەكان
تا ئێستا (178) ملیار دینار قەرز بە جووتیارو خاوەن پڕۆژەكان دراوە
لە ساڵانی رابردوودا وەزراەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە رێی بانكی كشتوكاڵی قەرزی كشتوكاڵی بە سەدان جووتیارو خاوەن پڕۆژەكانی پەلوەرو ساردخانەو حەوزی ماسی داوە، كە هەر یەكەیان بە بڕی جیاواز بووە، لە ساڵانی رابردووداو تا ئێستاش وەزارەت بڕی (178) ملیار دینار قەرزی بەم جووتیارو خاوەن پڕۆژانە داوە، كە ئەم پڕۆژانەش دەگرێتەوە: لێدانی بیری ئیرتیوازی و خانووی پلاستیكی و ئامێری رشاندن و حەوزی ماسی و پەلەوەر و ئامێرەكانی كشتوكاڵی وەك تراكتۆر و دەڕاسە، ئەو قەرزانەش بۆ هەر پڕۆژەیەك بە پێی خەمڵێندراو رێژەیەكی پشتگیریی بۆ خەرج كراوە.
Top