ئەنجومەنی وەزیران پلانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی پەسەند کرد
May 6, 2020
راپۆرتەکان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٥/٥ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرا کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا تایبەت بە بابەتی شایستە داراییەکان و دۆسێی نەوت و گاز خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندەکە و بەرز نرخاندنی هەوڵەکانیان، پێشنیارەکانی شاندەکەی پەسەند کرد بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر دەستبەجێ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی یاسای چاکسازیی بە پێی ئەو پلانەی كه لە لایەن لیژنەی باڵای چاکسازییهوه پەسەندکراوه و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش ڕاسپێردران بە وەرگرتنی رێکاریی پێویست بە ئاراستەی زامنکردنی مافی مووچەخۆرانی شایستە.
ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
• کەمکردنەوەى خەرجییەکان :
لە دواى گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، سەبارەت بە کەمکردنەوەى خەرجییەکان، ئەنجومەنى وەزیران ئەم بڕیارانەى خوارەوەى دا:
1) کەمکردنەوەى مووچە و دەرماڵەى خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێم و سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنى دادوەریی و ئەنجومەنى پارێزگا لە بوارەکانى خزمەتى شارستانى و سەربازیی و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ و ئاسایشى گشتى و ئەنجومەنى ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین كراون یان خانەنشین دەبن.
2) خەرجکردنى تەنیا مووچەى بنەڕەتى بۆ ئەو پلە تایبەتانەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتى بەرەو سەرەوەن و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ماوەى ٣٠ رۆژدا، چارەنووسى وەزیفیان لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیی یەکلایى بکاتەوە.
3) پێویستە وەزارەتى دارایى و ئابوورى مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى تۆماركراون و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن.
4) کەمکردنەوەى بودجەى تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانى خەرجى بگرێتەوە وەکو بوارى دابینکردنى دەرمان و پێداویستى پزیشکى و تاقیگەیی و خواردنى نەخۆشخانە و زیندانییەکان و خانەى بەساڵاچووان و نەوجەوانان و منداڵان و شێڵتەرەکانى ژنان و پاکردنەوەى شار و شارۆچکەکان و نەخۆشخانەکان و پێداویستیەکانى ئاو و کرێى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و چاکردنەوەى ڕێگاوبانەکان.
5) پەیڕەوکردنى سیستمى نوێى ئۆنلاین بۆ خەرجکردنى بودجەى تەشغیلی لە پێناو بڕەودان بە شەفافییەت و کەمکردنەوەى رووتین.
6) راگرتنى خەرجییەکانى بودجەى وەبەرهێنان (پڕۆژەى وەزارەتەکان و پەرەپێدانى پارێزگاکان).
7) پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەى وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێم لە لایەن ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى و ئابوورى بە ئاراستەى کەمکردنەوەى بۆ نزمترین ئاست.
8) راگرتنى خەرجکردنى راستەوخۆى وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتى خۆیان.
9) پێداچوونەوە بە خەرجییەکانى خزمەتگوزاریی بوارى نەوت و گاز.
• زیادکردنی داهات:
لە تەوەرێکى دیكهی کۆبوونەوەکەدا لە دواى گفتوگۆ و راگۆڕینەوە سەبارەت بە زیادکردنى داهات، ئەنجومەنى وەزیران ئەم بڕیارانەى دەرکرد:
1) رێکخستنەوەى ئەو خزمەتگوزارییانەى لە لایەن کەرتى تایبەتەوە بە شێوەى گرێبەست لە دەروازە سنوورییەکان پێشکەش دەکرێن بە جۆرێک، دەبێت داهاتى ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ بەرژەوەندى گشتى بێت.
2) هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەى کە دراون لە رەسمى گومرگ و باج کە لەگەڵ یاسا و رێنماییەکان ناگونجێن.
3) کۆنتڕۆڵکردنى دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستى رێگرى لەهەر کارێکى نایاسایى کە زیان بە داهاتى گشتى بگەیەنێت.
4) پابەندکردنى کۆمپانیا ناوخۆییەکانى بوارى نەوت و گاز، کۆمپانیاکانى بوارى سکیوریتى و کۆمپانیاکانى بوارى پەیوەندى و ئینتەرنێت و پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون بە پێدانى باج لە چوارچێوەى یاسا وڕێنماییەکاندا.
5) رێکخستنەوەى میکانیزم و ئەو لایەنانەی کە رسوماتی خزمەتگوزاریی وەزارەتەکان بە شێوەى گرێبەست کۆدەکەنەوە، بە جۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا بێت.
6) سەپاندنى باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان.
7) پێویستە لەسەر وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پۆڵینى سەرجەم ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە بکات کە زێدەڕۆییان لەسەر كراوه، سەرەڕاى پێداچوونەوەى ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى بە گرێبەست بەکرێدراون لە رووى نرخ و شێوازى گرێبەست بۆ ئەوەى وەک سامانێکى نیشتمانیی مامەڵەیان پێوە بکرێت.
8) هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى بۆ ئەو پڕۆژانەى مۆڵەتى وەبەرهێنانیان پێدراوە، بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە.
9) هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى کە بە موساتەحە دراون، بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە.
10) تاپۆکردنى سەرجەم ئەو زەوییانەى کە بە شێوەى کارت تەرخانکراون بۆ هاووڵاتیان و هەروەها تاپۆکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان بە ناوى هاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە نرخى خزمەتگوزاریى کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوون.
11) جەردکردنى سەرجەم موڵک و ماڵى حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکان لە لایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە، بۆ ئهوهی وەک سەرچاوەیەک بۆ داهاتى گشتى مامەڵەیان پێوه بکرێت.
12) وەرگرتنەوەى قەرزە بازرگانییەکان لە لایەن وەزارەتى دارایى و ئابوورى لەبەر رۆشنایى یاساى چاکسازیی.
13) پەسەندکردنى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی دابەشکردنى کارەبا و کۆکردنەوەى کرێى بەشداربووانى کارەبا لە لایەن کەرتى تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت.
14) پەسەندکردنى پڕۆژەى کڕینەوە و بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانى هەرێمى کوردستان لە لایەن کەرتى تایبەتهوه لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ.
15) داشکاندنى رێژەیەک لەو پێشینانەى حکومەت کە لە لای هاووڵاتیانە (پێشینەى خانووبەرە و پێشینەى هاوسەرگیریی و قەرزى بچووک) بە مەرجێک هاووڵاتیان ئامادە بن تا رۆژى ١٥ حوزەیرانی ٢٠٢٠ تەواوى بڕى پێشینەکان بۆ حکومەت بگەڕێننەوە.
• سووککردنی بارو گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا زیانمەند بوون:
1) لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكه، بۆ ئەو ماوەیەی کە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بە پێی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان قەدەغەی هاتوچۆ.
2) بەخشینی هاووڵاتیيان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمیەکانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە، وەک رێکاریی خۆپارێزیی.
3) دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتيیان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكومی و شارەوانيیەكان له ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.
4) لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.
5) بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە کرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تا كو ٢٠٢٠/٦/١٥.
6) پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكیيەكانی دیكه كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانیيەوە.
• دەستپێکردنەوەی دەوام :
ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
1) دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران تەنیا لە دیوانی وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٥/٦.
2) وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ، دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان و رێکخستنی دەوامی فەرمانبەران بە پێی پێویست و بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە ٢٠٢٠/٥/١١.
3) فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکات بەمەبەستی کارئاسانی لە جێبەجێکردن و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی.
4) هاووڵاتییان لە دوای ٢٠٢٠/٥/١١ دەتوانن سەردانی فەرمانگەکان بکەن بە لە بەرچاوگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان .
• لامەرکەزی ئیداری:
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردن بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی لە سەرجەم پارێزگاکان بە بێ جیاوازی و بەو شێوەیەی لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا هاتووە بە جۆرێک کە گونجاو بێت لە گەل سیستەمی یاسایی و کارگێڕی هەرێمی کوردستان و شۆرکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتی بە پێی یاسا، لە ژێر چاودێری سەرۆکایەتی حکومەت لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.