ئـارام لــــە تـەڵــەی كـچێـكـ

ئـارام لــــە تـەڵــەی كـچێـكـ
(ئارام) خەریكی بەزم و شایی نێو ئاهەنگی دەرچووانی خولی دەرچوونی برا گەورەكەی بوو، لە زانكۆ ئەو ئێوارەیە هەمووان لەناو رەزمی سەماو گۆرانی ئەو گۆرانیبێژەی كە لە پاشنیوەڕۆیەوە قوتابیان و هاوڕێ و دۆست و كەسوكارەكانیانی خستبووە شادییەكی ئەوها هەموویان مەستی هەڵپەركێ و ئاوازی گۆرانییەكانی بوون، كابرای گۆرانیبێژ جەماوەرێكی زۆری هەبوو زۆرێك لە كچان، بگرە كوڕانیش شەیدای دەنگ و رەنگ و رووی ببوون، ئەویش بەخۆی مەست و گەرم بوو، بەهاندان و فیكەی هاندەر و شەیدایەكانی هێندەی دیكە وەجۆش هاتبوو. (ئارام)، هەم لەبەر ئەوەی لە خۆشەویستی (لەنجە) باڵی گرتبوو، هەر لە خۆشەویستی ئەویش كابرای گۆرانیبێژی خۆشدەوسیت، هەمیش ئاسوودە ببوو، دەیگوت تەواو تازە من و ئەو كێشەیە كۆتاییمان هات، بۆیە فیكری بۆ مردن چووبایە، بۆ دووبارە تووش بوون نەدەچۆوە.
ئەوجا لە گەرمە گەرمی هەڵپەركێ دابوو، زۆری دڵ بەوە خۆش بوو كە براكەی توانی بەسەركەتوویی كۆلیژ تەواو بكات، ئەویش زۆر بە پەرۆش بوو ئامادەیی زوو تەواو بكات و لە كۆلیژێك بە دڵی خۆی وەربگیرێت، هێندە هەڵپەڕی بوو، لەشی شەلالی ئارەقە ببوو، هەناسەبڕكێ بوو، بڕیاری دا بچێتە دەرەوەی هۆڵەكە و تاوێك پێشوو بدات و فێنكی بێتەوە، چاوێكی لە (لەنجە) داگرت و بە تیلەی چاو تێیگەیاند بۆ ماوەیەكی كاتی دەچێتە دەرەوە و تۆزێك خۆی فێنك دەكاتەوە و هەوا گۆڕییەك دەكات.
(لەنجە) هەر بەتیلەی چاو تێیگەیاند كە زوو بگەڕێتەوە ئەوەبوو لە هۆڵەكە هاتە دەرەوە و دەبەیەك ئاوی ساردی بە دەموچاوی خۆیدا كرد و یەك دوو قومە ئاویشی خواردەوە، هەر هێندەی زانی دەستێك هەندێك پەڕە كلینكسی بۆ درێژ كرد و گوتی: فەرموو بەوانە دەموچاوت وشك بكەوە. (ئارام) نەیناسی ئەو دەستە هی كێیە، ئاوڕێكی دایەوە ئەفسەرێكی یەك ئەستێرە لەشانی بینی و داوای لێكرد تا بنكەی پۆلیس بێت و هەندێك پرسیاری لێدەكەن و دەگەڕێتەوە. (ئارام) رەنگ ورووی تێكچوو، دڵی خورپەیەكی كرد و لە دڵی خۆیدا گوتی: بە خوای دیسان تووش بوومەوە. ئەوجارە چۆن دەرباز دەبمەوە، چاری نەبوو هەر دەبوو لەگەڵیان سواری ئۆتۆمبێلەكەیان بێت، ئەگەر لاملی بكات بە زۆر سواری ئۆتۆمبێلی دەكەن، چار نییە دەبێ بە پێشیان بكەوێت. گوێڕایەڵیان بوو، بە ئەفسەرەكەی گوت: خێرە ئەو جارە؟ ئەویش گوتی: چ نییە هەر خێر دەبێ، دوو سێ پرسیارانت لێدەكەین و بەڕڵڵات دەكەینەوە، لە شێوەی وەڵامدانەوەكەی (ئارام) زیندانی هاتەوە پێش چاو، خۆی بۆ دووبارە زیندانی كردنەوە سازدا، وای لەخۆی كرد كەوا بزانێ هەر لە ئێستاوە زیندانییە و ئاهەنگ و خۆشی و هەڵپەركێ و (لەنجە)ی خۆشەویستی و ئازادی خۆی لەبیركرد. هەوڵی دەدا لێكدانەوەكانی لە مێشكی خۆیدا كۆ بكاتەوە و خۆی بۆ پرسیار و وەڵامەكان ئامادە بكات. كە گەیشتنە بنكەی پۆلیس، دابەزین و (ئارام)یان بردە ژووری ئەفسەری لێكۆڵینەوە و یەكەم شت كە جارێ ئەفسەرەكە خەریكی ئامادەكردنی كاغەزەكانی كۆنووسی بوو، بەدەم رێكخستنی كاغەزەكان و نووسینی كلێشەی لێكۆڵینەوەكە بە (ئارام)ی گوت: دادوەر بڕیاری داوە بۆ ماوەیەكی كاتی بەند بكرێیت و لێكۆڵینەوەی زیاترت لەگەڵدا بكرێت سەبارەت بەو تۆمەتەی كە ئاڕاستەی تۆ كراوە و شكایەتت لەسەری لێكراوە، كەوا تۆ هەڵساوی بەدەستدرێژی كردنت بۆ سەر (تریفە) و پڕت داوەتێ و بێ بنت كردووە، كە ئەفسەرەكە ئەو قسانەی كرد، (ئارام) ئیدی بەتەواوەتی لەو دوو دڵی و راراییەی كە لەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیس، لە رێگادا بۆی دروستببوو رزگاری بوو، زانی مەسەلەكە چییە. ئەفسەرەكە بە (ئارام)ی گوت: ئێستا ئەو پرسیارانەمان وەڵام دەدەیتەوە، بۆچی ئەو كچەت بێ بن كردووە، لە كوێ ئەم كارەت كرد، چی بوو، كێشت لەگەڵ بوو؟ ئەوانم بە دوورودرێژی وەڵام بدەوە...
شكایەتەكەی تریفە چی بوو
تریفە تەمەنی هەڤدە ساڵ بوو، تا بڵێی جوان و سەرنج راكێش بوو، تا بشڵێی مەكرۆ و سەر بەگۆبەند بوو، بەڵام لەبەرامبەر حەز و ئارەزووەكانیشی تا بڵێی لاواز بوو، (تریفە) كە لەگەڵ باوكی چووبوونە بنكەی پۆلیس و گوفتاری خۆیان دابوو، پاشان دادوەر فەرمانی كردبوو كەوا بنێردرێتە پشكنینی پزیشكی بۆ ئەوەی بزاندرێ داخۆ هەر كچە یان كراوەتە ژن. راپۆرتی پزیشكی دەڵێ: ئەو كرایتە ژن و دەمێكیشە ئەو شتەی لێكراوە، ئەوجا گوفتارەكەشی سەبارەت بە شكایەتیكردن لە (ئارام) بەو شێوەیە بوو، (تریفە) دەڵێ: من و (ئارام) هەردووكمان قوتابین، هەریەكە و لە قوتابخانەیەكین و قوتابخانەكانمان نزیكەی دوو سەد مەترێك لێك نزیكە، چەند جارێك لەكاتی هاتنە دەرەوەمان رێكەوتی یەكتریمان دەكرد و ئەو سەرنجی منی دەدا و بە تیلەی چاو تەماشای دەكردم. من یەكەم ساڵم بوو لەم قوتابخانەیە، پێشتر لە قوتابخانەیەكی تر بووم، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵمان گوازرایەوە نزیك ئەو قوتابخانەیە، باوكم منی گواستەوە بۆ ئەم قوتابخانەیەی كە ئێستا لێی دەخوێنم، (ئارام)یش هەموو رۆژێ كردبوویە عادەت، كە لە قوتابخانە تەواو دەبووم، ئەویش دهاتە دەرەو تا منی نەدیتبایە و تا من نەگەیشتبامەوە ماڵەوە نەدەچۆوە. بەمشێوەیە یەك دوو مانگ بە دوامەوە بوو، ئینجا لە رێگەی كچێكی خزمیانەوە توانیمان بەیەكەوە قسە بكەین، سەرەتاش هەر لەیەكەم قسەكردنەوە گوتی: من دەمێكە شەیدای تۆم و بەدواتەوەم. هەموو ئامانجم ئەوەیە ببیە خۆشەویستم، منیش گوتم !بە مەرجێ خۆشەویستی دەكەم ئەگەر نیازت پاك بێت، ئەوا پەیوەندیت لەگەڵدا دەبەستم ئەگەر نا هیچ، ئەویش گوتی: ئامانج و مەبەستی منیش ئەوەیە تۆ بخوازم. ئەوە بوو پەیوەندییەكەمان دروستبوو، ئەوجا رۆژبەرۆژیش بەهێزتر دەبوو. رۆژیش نەبوو دیاری جۆراوجۆرم بۆ نەنێرێ. رۆژێكیان بە منی گوت وانەیەك مۆڵەت وەربگرە و دایكم دەیەوێ بتبینێ. منیش گوتم بۆچی؟ گوتی: من پێم گوتووە و بەراستی رامگەیاندووە پێی كە دەمەوێ بتخوازم، دایكیشم پێی گوتوومە باشە رۆژێك بیهێنە ماڵەوە ئەگەر بە دڵی منیش بوو ئەوە بۆت دەچینە داخوازی، ئەوەیە مەسەلەكەیە. ئەوە قسەی (ئارام) بوو، كە چووم دایكی لەوێ نەبوو، پێی گوتم دانیشە چۆتە ئەم ماڵە دراوسێیەمان ئێستا دەگەڕێتەوە، ئیتر چارەگە سەعاتێك دانیشتم و هەر نەهاتەوە، ئینجا هاتە لام و دەستی لەسەر دەستم دانا، گوتم: ئەوە چییە؟ گوتی هیچ نییە، ئەی ئێمە یەكتریمان خۆش ناوێت!؟ پاشان زیاتر دەستی گوشیم و لێم هاتە پێشەوە، بەڵام من هەڵسام، گوتی: چ لە گۆڕێ نییە، بۆ واتێكچووی دایكم ئێستا دەگەڕێتەوە، گوتم نەخێر دەڕۆمەوە درەنگم بەسەرداهات. رۆیشتمە دەرەوە، رۆژی دواتر هەندێ بڕوبیانووی هێنایەوە كە دایكی لە ماڵ نەبوو و نازانم چی و چی. هەفتەیەكی دیكە خەریكم بوو، كە دووبارە بچمەوە ماڵیان لای دایكی. منیش بڕوام بە قسەكانی كرد و گوتم ئەگەر ئەوە مەبەستی خواستنم بێت با دایكیشی بمناسێت و رای لەسەر بێت ئینجا بێنە خوازبێنیم، كە چوومەوە دیسان دایكی لەماڵ نەبوو، چەند بڕوبیانوویەكی دیكەی هێنایەوە، ئەمجارەش خۆی لێم نزیك كردەوە، دواتریش غافڵگیری كردم و منیش زۆر بەرگریم كرد بەڵام دواتر لە پەل و پۆ كەوتم و چیتر توانای بەرگریم نەما و ئەویش ماوەیەك خەریكم بوو تا كارەكەی خۆی تەواو كرد و چیتر كچ نەمام.
هەموو هەوڵێك بۆ رزگار بوون لەم تەڵەیە
(ئارام) كە گوێی لە ناوەڕۆكی شكایەتەكەی بوو، سەری سوڕما و گوتی: خودایە ئەو كچە چ تەمسیلیەكی عەجیبی چنیوە و نیشان داوە، لە وەڵامی پرسیارەكانی ئەفسەری لێكۆڵینەوەشدا گوتی، من بە هیچ شێوەیەك دەستم بۆی نەبردووە و بۆ ماوەی ساتێكیش بێت چییە نەمبردۆتەوە ماڵی خۆمان، بابێ بزانم ماڵمان دەناسێت؟ ئەوانەی ئەو گوتوویەتی هەمووی درۆ و ناڕاستین و دروستكراون، هیچی راست نین، تەنیا بۆ ماوەیەك ئەویش دوو هەفتە یان زیاتر بوو لەسەر رێگەی قوتابخانە یەك دوو جار قسەم لەگەڵ كردووە، بەڵام ئیدی دیارە ئەوە منی بە نێچیرێكی قەڵەو زانیوە تاوەكو تووشی داوی خۆیم بكات. دوای وەرگرتنی وتەكانی (ئارام) رەوانەی لای دادوەر كراو ئەویش هەمان شتی دووبارە كردەوە، پاشان بردرایە زیندان. مانەوەی (ئارام) بە گیراوی و لێكۆڵینەوەش لە كێشەكە درێژەی كێشا و هەر دوولاش لەسەر گوفتارەكانی خۆیان مانەوە، باوكی (ئارام) و خێزانەكەیان تەواو شپرزە و ناڕەحەت ببوون بەدەست ئەم كێشەیەوە، هەموو لا لە دروستكردنی ئەو كێشەیە بۆ (ئارام) سەریان سوڕمابوو. باوكی (ئارام) هەموو هەوڵێكی خۆی دەدا بۆ ئەوەی (ئارام) لە بەندیخانە و رزگاركردنی لەو كێشەیە دەستەبەر بكات، دواجار ناچار بوو پارێزەرێك بگرێت، هەوڵی زۆریاندا تا بەشێوەیەكی كاتی رزگاری بكەن، بەڵام هیچ دەرەنجامێكی لێنەكەوتەوە.
پارێزەرەكەیان پێشنیاری ئەوەی بۆ باوكی (ئارام) كرد هەوڵبدەن باوكی (تریفە) رازی بكەن دەست لە داواكەیان وشكایەتیان لە (ئارام) هەڵبگرن، ئەگەرنا هەتا لێكۆڵینەوە و پاشانیش دادگاییكردن تەواو نەبێت و حوكمی كۆتایی لەسەر كێشەكە نەدرێت، (ئارام) ناتوانێ لە بەندیخانە بێتە دەرەوە. ئەوە بوو ئەوان لە مەشورەتی ئەوە دابوون، كە یەكێك لە تەرەفی ماڵی (تریفە) پەیوەندی بە پارێزەرەكە كرد كە ئەگەر ئەوان رازین با بێن گفتوگۆ لەسەر مەسەلەكە بكەن. پارێزەرەكە رازی وابوو، كە بەخۆی بە ئیجازەی ماڵی (ئارام) قسەیان لەگەڵدا بكات بەڵكو بگاتە دەرەنجامێك. ئەوە بوو ئەوانیش پێیانگوتبوو یا ئەوەتا كچەكەیان بخوازێت یانیش ئەوەتا بڕە پارەیەكی زۆر بدەن ئەوجا لە داواكەیان خۆش دەبن. دوای گفتوگۆی چەند رۆژە و قسە و باسی هەردوولا لە رێگەی پارێزەرەكەوە، گەیشتنە ئەوەی هەردوولا رێككەوتن لەسەر بڕە پارەیەك كە زۆر كەمتر لە وەی باوكی (تریفە) داوای كردبوو، ماڵی (ئارام) بیاندەنێ و ئەوانیش واز لە داواكەیان بێنن. ئینجا پاش ئەوەی لە نووسینگەی پارێزەرەكە بڕە پارەكەیان بە نووسین و شایەت وەرگرت، باوكی (تریفە) چووە بنكەی پۆلیس و نووسراوێكی لێخۆشبوونی دایە بنكەی پۆلیس و ئەوانیش بردیانە لای دادوەر كە رەزامەندی لەسەر بدات و (ئارام) لە بەندیخانە ئازاد بكات، كە دادوەر نووسراوەكەی خوێندەوە بانگی باوكی (تریفە)ی كرد وپێی گوت: تۆ بە ئارەزووی خۆت لێی خۆش دەبی؟ ئەویش گوتی: بەڵێ، گوتی: دیارە پارەت وەرگرتووە؟ باوكی ئارام گوتی: نەخێر هیچم وەرنەگرتووە بەڵام بۆم دەركەوتوە كە ئەو كەسە نییە كە دەستدرێژی كردۆتە سەر كچەكەم و ئەویش ئێستا دەڵێ من بە هەڵە ناوی ئەو كوڕەم هێناوە بۆ ئەوەی بمخوازێت. دادوەرەكە كەسێكی شارەزا و بە ئەزموون بوو، خەندەیەكی كرد و سەرێكی بادا، تەماشایەكی باوكی (تریفە)ی كرد و گوتی: بەهەڵە ناوی داوە، ئەی جاری یەكەم چۆن بوو وا رژد بوو، كە هەوە و دەیناسی و ئەو چیرۆكە دوورودرێژەت بۆ خوێندینەوە كە نەشت دەبڕیەوە، ئێستاش دەڵێی هەو نییە، ئەی پێم ناڵێی كێیە؟ چاوەڕێی وەڵامی باوكی (تریفە)ی نەكرد، ئیمزایەكی لەسەر داواكە كرد و بڕیاری دا (ئارام) ئازاد بكرێت. ئینجا باوكی (تریفە) گوتی: بە خودای گەورەم. دادوەرەكە یەكسەر قسەكەی پێ بڕی و گوتی: قسە مەكە، كارمان زۆرە، چیت هەیە بڕۆ لە بنكەی پۆلیس بیڵێ، نەك لێرە..
Top