ناسك...رووبەڕ ووبـوونەوە لەگەڵ و
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
(عەبدوڵڵا) باوكی (شاهین) ئاگادار دەكاتەوە كە نێوان خۆی و ژنەكەی گەیشتۆتە رادەیەك كە مەحاڵە بۆ یەك ببن، بنەماڵەی هەردوولا چەند جارێك هەوڵ دەدەن پێكیان بێنن، بەڵام هەر رێك ناكەون. بۆیە دواجار (عەبدوڵڵا) لەگەڵ خەزووری قسە دەكات و رێكدەكەون كە بەخۆشی و لێكگەیشتنەوە با جیاببنەوە. بەهەرحاڵێك بێت خەزووری دەگاتە ئەو بڕوایەی كە ئەو دوانە لێكجیاببنەوە باشترە لەوەی پێكەوە بەو هەموو ناكۆكییەكانەوە بژین، بەڵام (عەبدوڵڵا) تكا لە خەزووری دەكات با كێشەی ئەوان نەپەڕێتەوە بۆ خێزانی (ناسك و شاهین) و ئەوان هەقیان بەسەر كێشەی ئەوانەوە نەبێت، خەزووریشی رازی دەبێت، بەڵام (شاهین) رازی نابێ، پاش هەوڵ و كۆششێكی زۆر (شاهین) ناچار دەكرێ واز لەو هەڵوێستەی بێنێ و شیرازەی خێزانی خۆی تێكنەدات. (شاهین) ناچار بوو ملكەچ بكات بۆ ئیرادە و بڕیاری باوكی، بەڵام زۆری پێناخۆش بوو كە دەبوو بەبێ ویستی ئەو بەو بڕیارەی باوكی رازی بێت، (عەبدوڵڵا) ناچار بوو، ژنەكەی خۆی تەڵاق دا و بینێرێتەوە ماڵە باوكی. هەرچی هەقیشی هەبوو پێدا. كە (شاهین) خوشكەكەی دیت گەڕاوەتەوە ماڵ و بە گریان و نووكە نووكەوە خۆی وەكو زوڵلملێكراو نیشاندا، كاری تێكرد و لە ژێر ئەو كارتێكردنەوە سوێندی خوارد كە ژنێكی تر بەسەر (ناسك)دا بهێنێ. رۆژبەرۆژیش نێوانی لەگەڵ (ناسك) بەرەو خراپی دەچوو، بێ ئەوەی (ناسك) لەو ناخۆشییانەدا دەستی هەبووبێت، باوكی (شاهین) زۆری ئامۆژگاری كوڕەكەی كرد، بەڵام ئەو هەموو جارێ دەیگوتەوە كە: ئەگەر یەك رۆژیشی لە دنیادا مابێ ژنی دووەم هەر دێنێ.
گەڕان بە دوای ژنی دووەمدا
(شاهین) چەندە بەینی لەگەڵ (ناسك) ناخۆش بوو، بەپێچەوانەشەوە زۆر نێوانی لەگەڵ (شلێر)دا خۆش بوو. بەڵام (شلێر)ی چۆن ناسی و پەیوەندییەكەی بە چی گەیشت، با ئەو بەسەرهاتانە (ناسك) بۆمان بگێڕێتەوە. (ناسك) لە گێڕانەوەی ئەو باسانەدا بەمشێوەیە هاتە ئاخاوتن و گوتی: كە (شاهین) خوشكەكەی تەڵاقدرا، وایدەزانی من تەڵاقم داوە، یان من هۆی تەڵاقدانی بوویمە، هەموو جارێكیش پێم دەگوت، ئاخر من چیم كردووە، من چ كارم بە كێشەی ئەوانەوە هەیە، خۆ من سەرچاوەی ناكۆكییەكانیان نەبوویمە، تۆ بۆ ئاسایشی ئەم خێزانە دەشێوێنێ؟ سوودی نەبوو گوێی لە قسەكانم نەدەگرت، بڕیاری خۆی دابوو. بۆ ئەوەی قسەكەی خۆشی بسەلمێنێ و بڕیارەكەی خۆی بباتە سەر، زۆر بەملاوبەولادا چاوی گێڕا، تا یەكێكی دۆزییەوە و پەیوەندی لەگەڵدا بەست كە ناوی (شلێر) بوو، دیارە پێیگوتبوو كە ژنی هەیە، بەڵام توانیبووی قەناعەتی پێبكات و ماوەیەك بەخۆشەویستی پەیوەندییەكەیان بردبووە سەرێ، منیش كە زانیم تازە خەریكە وا بڕیارەكەی خۆی دەباتەسەر پێمگوت كە رازی نابم ژن بێنێ، تا من تەڵاق نەدات. بەڵام ئەو دەیگوت من تەڵاقت نادەم بۆ ئەوەی نەتوانی شوو بكەیتەوە و لێرش لەگەڵ من بە خەفەتان بمریت. ئەوە بوو هەموو رۆژێ ژیانمان ناخۆش بوو، زۆر جاریش لێیدەدام و ئازاری دەدام، ئیتر چوو ژنەكەی خواست و بەدزی گواستییەوە و پێشتر تەدارەكی ماڵی رێكخستبوو هەموو شتێكی بۆ دابینكردبوو، بۆیە كە گواستییەوە بردییە ماڵێكی تازە. ئینجا لە هەفتەی دوو شەو یان سێ شەو زیاتر نەدەمایەوە هەر لای ئەو بوو. بەڵام من جارێ پێم نەزانی بوو. تا رۆژێك خزمێكی ئەوان پێی گوتم، كە بە مەسەلەكەم زانی كردمە شەڕ و ناخۆشی لەگەڵی، پاش شەڕەكەیان دوو هەفتە نەهاتەوە ماڵەوە. منیش چووم مەسەلەكەم بە باوكم و كەسوكارم گوت. باوكم گوتی: كچم یان ئەوەتا داوای تەڵاقی لێبكە یانیش مادام تەڵاقت نادات بێدەنگ بە و خۆت لەگەڵ ئەو وەزعە رابێنە. گوتم ئەگەر لەگەڵم باش بێت ئەوا قەیدی ناكات، بەڵام لەگەڵیشم باش نییە. باوكم گوتی خۆم قسەی لەگەڵدا دەكەم. ئەوە بوو قسەی لەگەڵدا كرد و ئەویش بەڵێنی دانێ كە باشتر بێت، بەڵام راستی نەكرد، چەند جارێكی دیكە بووە شەڕمان و لە ماڵ دەریكردم و ئیهانەیەكی زۆری كردم. (عەبدوڵڵا)ی برام گوتی: دەچم داواكارییەكی باش دەكەم باوكم نەیهێشت، گوتی: دەنا بەخوا قەسەم، یا دەبێ لێیبدەم لە تۆڵەی لێدانی (ناسك)ی خوشكم، یانیش (ناسك) دەبێ لەگەڵ من بێتە بنكەی پۆلیس و شكایەتی لێبكات. ئەوەبوو لەگەڵ (عەبدوڵڵا)ی برام چووینە بنكەی پۆلیس و سكاڵام تۆماركرد و راپۆرتی پزیشكیشم برد. ئینجا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو. چوار رۆژ لە بەندیخانەدا مایەوە. ئینجا سكاڵای ئەوەشم لە دژی تۆماركرد كەوا لە دەرەوەی دادگا ژنی دووەمی هێناوە.
دووبارە دەستگیركرایەوە پاش مانەوەی پێنج رۆژی تر لە بەندیخانە دیسان بە كەفالەت ئازاد كرا، كەچی لە جیاتی ئەوەی دڵنەواییم بكات و هەوڵی ئاشتبوونەوە بدات لەماڵێ دەریكردم و نەیهێشت تەنانەت یەك تاقەكراسیشم ببەم، منیش لە دادگای باری كەسی داوام لەسەری تۆماركرد و داوای جیابوونەوەم لێكرد، پاش چەند دانیشتنێك دادگا بڕیاری جیابوونەوەمانی داو هەموو مافەكانیشمی بۆ مسۆگەر كردم، ئەویش لەسەرهێنانی ژنی دووەم، پاش ئەوەی بە تكا و نێوانكاری خزم و كەس و دۆستان لە مافی خۆم خۆش بووم، ئینجا دادگا هەر (6) مانگیش بە بەندكردن حوكمیدا.