بەهجەت... چاوەڕوانی و پەشیمانی

بەهجەت... چاوەڕوانی و پەشیمانی
دەمە دەمی رۆژئاوا بوون بوو، كە(نەسرین)ی پووری(بەهجەت)بە كەیف و دڵخۆشيیەكی بەرچاوەوە خۆی كرد بە ماڵەكەی(پەروین)ی خوشكە گەورەی، بێ سەلام و كەلام، خۆی كرد بە ژوورەكەدا و چاوی گێڕا هەتا (پەروین)ی خوشكی ببینێ(پەروین) دانیشتبوو خەریكی پێچانەوەی سازكردنی كەرەستەی چێشتی بەیانی بوو، كە چاوی بە (نەسرین) كەوت، گوتی: چییە وا بە كەیف و سەفای، چی بووە.......؟(نەسرین)یش گوتی:
دادە بەخوا(بەهجەت) ئەمجارە بەخت یاوەرییەتی، پوورە(نەخشین) كچێكی نازداری بۆ(بەهجەت) دۆزیوەتەوە، بەڵام چۆن كچێك ، چەندین ساڵە بە ماڵەوە لە وڵاتی(هۆڵەندا) دەژین و شوقەی خۆیان هەیە كچە لە كۆمپانیایەك كاردەكات و كەسوكارەكەی وەزعیان باشە و ئێ خێزان و بنەماڵەیەكی باشيشن...(پەروین) تۆزێك پێكەنی و بە(نەسرین)ی خوشكی گوت: باشە باشە، تۆزێك لەسەرەخۆ، با جارێ بزانین(بەهجەت) ئەو كچەی دەوێ یان نە، تا ئێرە (بەهجەت) بە خۆی سەرەتاكانی هەوڵی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە، ئینجا ئیستێكی كرد و تۆزێك گەرووی خۆی پاككردەوە و بە پێكەنینەوە سەرێكی بادا، پاشان رووی لە ئێمە كرد دەستی بەگێڕانەوەی تۆماری ژیانی خۆی كردەوە و گوتی:
ئێستاش كە ئەو ساتانەم بە بیر دێتەوە پێكەنینم بەخۆم دیت، زۆرجار لە خۆم دەپرسم باشە ژن هێنان چۆن وا دەبێت، چەند منداڵانە بیرم دەكردەوە، لە راستیدا تەمەنم هەر بیست ساڵێك دەبوو، كاكە كوشتە و شێت و شەیدای گەیشتن بە ئەوروپا بووم، جگە لە ئەوروپا دڵم بە هیچ شتێك خۆش نەبوو، شەو و رۆژ بیرم دەكردەوە و لە دڵی خۆمدا دەمگوت: تۆ بڵێی رۆژێك بێت خۆم لە وڵاتێكی ئەوروپی بدۆزمەوە و بە شەقام و كوچە و كۆڵان و باخچەكانیدا پیاسە بكەم و كچە چاوشین و قژ زەردەكانیان ببینم، فێری زمانێكی ئەوروپی بم و كە جار جارەش بێمەوە كوردستان بۆ خۆ دەرخستن و خۆ نواندن، تەلەفۆن بۆ برادەرێكی خۆم لە ئەوروپا بكەم و لە پێش خزم و دۆست و برادەران بە زمانی ئەوان بدوێم و قسە بكەم، بەڵام نەمدەزانی چۆن بگەم بەم ئەوروپا نازدارە، تا رۆژێك (نەسرین) ی پوورم پێشنیارێكی بۆ كردم، بەڕاستی زۆر چووە دڵمەوە، ئەو گوتی(بەهجەت) ماشەڵڵات لێبێ جوان و جاحێڵی، لەقەد و باڵات دەگری، لەسەروو رووخسارت دەگری، لەوپەڕی جوانی دایت، با من رێگەیەكت بۆ دابنێم سوێندت بۆ دەخۆم دەگەیتە ئەوروپا، منیش گوتم دەی پلە گیان بە قوربانت بم چۆن دەیگەمێ، گوتی: بێوەژنێك دەناسم، ژنێكی زۆر باش و زۆریش زۆر زانە دەردی زۆری وەكو تۆش چارەسەر كردووە، گوتم: چۆن؟ گوتی: ئەو دنیا و بنیا دەناسێ، بەختی زۆر كەسی هەڵساندووە، ژنی چاكی بۆ كوڕی چاك دۆزیەوەتەوە، زۆر كوڕ و گەنج هەبوونە هەموو ئاواتیان گەیشتن بووە بە ئەوروپا ئەو وایكردووە بگەنە ئەوروپا، زۆر كچ هەیە، لە ئەوروپا، نیشتەجێیە و ساڵانێكە، بەخۆوە خاو و خێزانەوە لەوێن، حەز ناكات مێرد بە كوڕی ئەوروپایی بكات، دەیەوێ بگەڕێتەوە لە كوردستان مێرد بە كوردێك بكات، زۆری وەكو تۆش حەز دەكات بچێتە ئەوروپا، كچێكی وەها دەخوازێ و كچەكە لێرە مارە دەكرێت و كە دەشگەڕێتەوە لەوێ كاروبارەكانی بۆ تەواو دەكات و دەتوانێ رایكێشتە ئەوێ، تۆش ئەگەر بە گوێی من دەكەی من بە پوورە( نەخشین) دەڵێم، كە كچێكی دانیشتووی ئەوروپامان بۆ بدۆزێتەوە و لێرە مارەی بكەی و پاشان راتبكێشێتە ئەوێ، بەڕاستی بیرۆكەكەم زۆر پێ جوان و سەركەوتوو بوو، گوتم: خوا بكا شتی وا هەبێ بەخوا مەمنوونی تۆ و پوورە(نەخشین) و كچەش دەبم، ئەوەبوو، پوورە(نەسرین)م، خۆی گەیاندە پوورە(نەخشین) و مەسەلەكەی پێگوت: ئەویش دوای مانگ و نیوێك كچێكی بۆ دۆزیمەوە، ئینجا وەكو بەڵێنم دابوو ئەگەر ئەم كارەم بۆ بكات ئەوا دیارییەكی باشی بۆ دەكڕم كە لە پێنج سەد دۆلار كەمتر نەبێت، هەر كە بۆمی دیتەوە دایكم و پوورە (نەسرین)م، سەرو سۆراغیان كرد و خۆیان گەیاندێ، پێشتر پوورە(نەخشین) كارەكەی بە تەواوەتی بەجێهێنا بوو زۆر شتی مەیسەر كردبوو، چەند كاتژمێرێك لەگەڵ كچە دانیشتن و هەموو شتێكمیان لەگەڵ یەك بڕاندەوە، مابوو من و ئەو یەكتر ببینین، ئەوانیش هەر هەمان رۆژ ئەمەشیان مەیسەر كرد، من و كچە یەكتریمان دیت، هەر دوولامان بەیەك رازی بووین، كچە بەڵێنی دا هەر كە مارەم كرد و لێرەش گواستمەوە، كە چۆوە(هۆڵەندا) پێویستییەكانی راكێشانم بۆ ئەوێ، لە بەڵگەنامە و پاسەپۆڕت و ئەو شتانەم بۆ ئامادە بكات، ئەوەبوو دوای مارەكردن و سازكردنی ئاهەنگ و خۆشی، ئینجا ئاهەنگی زەماوەندمان رێكخست و گواستمەوە، مانگ و نیوێك وەك ژن و مێرد ژیانێكی خۆشمان بەسەر برد، ئیتر ئەو گرێبەستی هاوسەرێتی و ئەو بەڵگەنامە پێویستانەی لەگەڵ خۆیدا برد و گەڕایەوە(هۆڵەندا). پاش دوو سێ مانگان لە(هۆڵەندا) كارەكانی بۆ تەواوكردم و هاتەوە منی بردە(هۆڵەندا) كە گەیشتمە ئەوێ، ئای خودایە كە دڵم خۆش بوو، وامدەزانی دنیا هەمووی هی منە، دڵم بە هەموو شتێكی ئەوروپا خۆش بوو، دەمگوت ئەوە منم لە ئەوروپام، بەخوا قەت باوەڕناكەم.
ژیانی ئەوروپا و دروستبوونی كێشەی چاوەڕواننەكراو
(بەهجەت) لە درێژەی قسەكانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: بەڵام هەفتەیەك ، دە رۆژێكی پێ چوو هەستم بە جۆرە ژیانێكی تر كرد، ژنەكەم لە كۆمپانیایەك كاری دەكرد، بەیانی كاتژمێر هەشت دەڕۆیشتە سەر كار و ئێوارە كاتژمێر پێنجی ئێوارە دەهاتەوە، كە لەسەر كار دەگەڕایەوە هیلاك و شەكەت و بێتاقەت بوو، یەكسەر دەچووە ژووری خۆی و دەخەوت.
دەوری كاتژمێر یانزە بە ئاگا دەهاتەوە و هەڵدەستا، دەبوایە من خواردنێكی گەرم ساز بكەم، ئەو هەفتەی چوار رۆژ كاری دەكرد، بەڵام ئەو چوار رۆژە دەبوو وەكو كارەكەری ناو ماڵ بم، منیش ئەوەم پێ هەرس نەدەكرا، چۆن پیاو دەبێ چێشت بۆ ژنەكەی ئامادە بكات، لەسەر ئەوە هەندێ كێشەمان بۆ ساز بوو، دواتر بووە دەمەقاڵیمان، ئیتر لەم دەمەقاڵییانە جارێك شەقەزللەیەكم لێیدا، كەچی ئەویش شەقە زللەكەی لێدامەوە، خەریكبوو شێت بم، من لەو بە توانا و بەهێزتر بووم، كەوتمە سەری بە شەپ و مست شلوكوتیم كرد، ئەویش بە هاوار و قیژە و دەنگە دەنگەوە ئاگاداری پۆلیسی كردەوە و پۆلیسیش هات و دەستگیریان كردم، نزیكەی هەفتەیەك بە بەندكراوی لە بەندیخانە مامەوە، پۆلیس پێیگوتم، هەتا ژنەكەت بەخۆی نەیەت و لێتخۆش نەبێ، لێرە ئازاد نابی تا رۆژی دادگایی كردنت، ئیتر ئەویش بە مەرج بەریدام، منیش خوا خوام بوو ئازادبم، بۆیە بەناچاری بە مەرجەكانی رازی بووم، دوو هەفتە ژیانمان بەسەر بردەوە، بەڵام بێ ئەوەی ئەمجارە، چێشتی بۆ ئامادەبكەم، دووبارە كێشەمان بۆ دروست بۆوە، ئەمجارە دەیگوت یا دەبێ كار بكەی و لەگەڵ من نیوە بە نیوە پارەی كارەبا و كرێی شوقە و ئاو و خەرجی ماڵەوە بدەی، یان دەبێ بۆ خۆت لەسەر حسابی خۆت بژی و خۆت خۆت بژێنی، منیش ناچار بووم دەست بە كاركردن بكەم.
بەڵام كە دەهاتمەوە دەبوایە خۆم مشوری نانخواردنم بخۆم،ـ واتە كاركردنیشم هیچی لە دۆخەكە نەگۆڕی ، ئەو بەڕاستی ئەوروپییانە گەورە و ژیابوو، بە منیش نەدەگۆڕدرا، تەنانەت دەیتوانی لە ماڵەوەش دەرمبكات.
هەوڵمدا لەگەڵ ماڵە خەزوورم ئەو شتانە باس بكەم، بەڵكو بگەمە چارەسەرێك لەگەڵیدا، ئەوانیش زۆریان هەوڵدا، بەڵام سوودێكی وای نەبوو.
ئەوەی كە پێم قبوڵ نەدەكرا، ئەوە بوو ، هاوڕێی پیاوی هەبوو، جاری وا هەبوو ئەو هاوڕێیانەی دەهێنایەوە ماڵەوە، ئەگەرچی رەفتاری نابەجێیان نەبوو، بەڵام من ئەو شتانەم پێ قبوڵ نەدەكرا.
لەسەر ئەو شتانەش دەبووە شەڕ و ناكۆكیمان، هەموو ئەو كێشانەم بە دایك و باوكیشم گوت:
ئەوانیش لەگەڵ ماڵە خەزوورانم هەوڵیاندا، بەڵام ئەوانیش لەبەر ئەوەی خووە نەریتی ئەوروپییانەیان گرتبوو، رۆڵێكی وایان نەگێڕا تا هەڵسوكەوتی كچەكەیان بگۆڕن، بە هەر حاڵ لەگەڵ ماڵی باوكم وا رێككەوتم كە جارێ لەگەڵی هەڵبكەم و پاشان رازی بكەم كە بگەڕێینەوە كوردستان و ئیتر لەوێ بمێنینەوە و ناچاری بكەم لە كوردستان دابنیشێ، تا بتوانێ وایلێبكەم دەستبەرداری رەفتار و نەریتی رۆژئاوییانە بێت. بەمجۆرە ناچاربووم خۆم لەگەڵی راهێنا و دوای ماوەیەك رازیم كرد بچینەوە كوردستان و بۆ ماوەیەكی كاتی لەوێ بمێنینەوە، كە هاتینەوە دوای تەواوبوونی سەردانی خزمان و میوانداری و ئەو شتانە، بۆم باس كرد كە دەبێ لەمەولا خۆی بگۆڕێ و جلوبەرگ و جۆری هەڵسوكەوتی بەشێوەیەك بێت كە لەگەڵ دابونەریتی ئێمە بگونجێ، كەچی نەك رازبی نەبوو، بەڵكو بەرووشمدا هەڵشاخا، دیسان شەڕ و ناكۆكیمان دەستی پێكردەوە، چەند جارێك شەڕمان كرد و ئاخیرییەكەی هێندەم لێدا تا دەستێكم شكاند، ئەویش چووە بنكەی پۆلیس و شكاتی لێكردم، منیش بەندكرام و پاشان بە كەفالەت ئازاد بووم، دوای ئەوەش زیزبوو چەند رۆژێك چووە ماڵی پوورێكی و هەر هێندەم زانی گوتیان گەڕاوەتەوە هۆڵەندا. گوتم چۆن ئەی من، چۆن منی نەبردەوە، ئەی ئێستا من بەچی بچمەوە!؟ گوتیان ئیتر ئەوە بەخۆت دەیزانی، زۆرم هەوڵی تەلەفۆن و پەیوەندی كردندا، هیچم پێ حاسڵ نەكرا، ئیتر بەمشێوەیە تەنیا بە جلو بەرگمەوە لێرە مامەوە، هەر چیم كردبوو هەرچیم خەرج كردبوو هەمووی رۆیشت، تا ئەوكاتیش من پاسەپۆڕت و ئەوشتانەم وەرنەگرتبوو، ئەوانەی كە بۆشی حاسڵ كردبووم هەمووی لەگەڵ خۆیدا بردبوو، بۆیە هیچم پێنەدەكرا جگە لە چاوەڕوانی ، بەڵام بۆچی ئەو منی بە جێهێشت و هیچ حیسابێكیشی بۆ نەكردم، دوای دوو مانگ بەهۆی پارێزەرەكەیەوە لێرە تەڵاقنامەكەی بۆ ناردم، منیش بەمشێوەیە مامەوە و هیچم پێ نەبڕا جگە لە زیان و ناخۆشی.
Top