میدیاكار و رۆژنامەنووسی عێراقی

میدیاكار و رۆژنامەنووسی عێراقی
بۆ چارەسەركردنی ئاریشەی نامووس پێویستە یاسا دادوەربێ نەك ویژدان
? بەبیانووی كڕینەوەی نامووس ساڵانە هەزاران ئافرەت لە رۆژهەڵاتدا دەبنە قوربانی، یان تووندوتیژیان بەرامبەر پەیڕەو دەكرێ، ئێوە چ روانگەیەكتان بۆ ئەو دیاردەیە هەیە، ئایا هۆكارەكانی بە چییەوە پەیوەست دەكەن؟
- نامووس كۆمەڵە ئاكارێكە پەیوەندە بە كیان و پێكهاتەی كەسایەتی مرۆڤ، بێ دیاریكردنی رەگەزی ئەو مرۆڤە، بەڵام لای ئێمە هەر كە ناوی نامووس دەهێندرێت یەكڕاست بیروهۆشی تاك رووە و لایەنی زانیدەی و سێكسی ئافرەتان دەڕوات، لە كاتێكدا لە رووی لۆژیكییەوە گەر نامووس تەنیا رووە سێكسییەكە بێ كەواتە دەبێ ئاكار و هەڵسووكەوتە سێكسییەكانی پیاوانیش بگرێتەوە، بەداخەوە روانگەی مرۆڤی رۆژهەڵاتی لەم جۆرە مەسەلانەدا روانگەیەكی كورت بینی یەك مەودایە، نامووس لای ئەوان كورت كردنەوەی هەموو خراپییەكانە لە كەینوونەی ژنان و سڕینەوە یان داپۆشینی هەڵەكانی پیاوانە.
رۆژهەڵاتییەكان پاكیزەیی كچان و خاوێنی ژنان وەك سیمبولی كۆمەڵایەتی خێڵ و خێزان تەماشادەكەن، بەڵام لە ورد و درشتی بڕیار و هەڵسووكەوتەكانیان ئەوەی حیسابی بۆ نەكرێ راوو قسەی ژنانە، تۆ وەرە سەیری ئەو دوو فاقیە كوشندەیە بكە، مێینە تاكێكی پەراوێزكراوی بێ ئیرادە و بێ بەهایە، كەچی لە مەسەلەی نامووسدا هەموو بەهاكانی بنەماڵە تەنیا لە داوێنی ئەودا كۆدەكرێتەوە!!
لە روانگەی ئەو راستییە كۆمەڵایەتییە تاڵەوە من دەپرسم ئایا رەوایە تاكێكی وا بێ ئیرادە نوێنەرایەتی بنەماڵە و خێڵێك بكات؟ ئایا لۆژیك و یاسا ئەمە قەبوڵ دەكەن؟
? پێناسەی زانستیانەی نامووس زۆر جیاوازە لە پێناسەكردنی لە ژێر سێبەری عادات و ترادسیۆنە كۆمەڵایەتییەكانەوە، چونكە زانست دەڵێت:
جگە لەلایەنە زانیدەییەكە نامووس بریتییە لە چەند ئاكارێكی دیكەی وەك درۆ و دزی و رێزگرتن و ....تاد. بەڕای ئێوە بە هەڵەتێگەیشتن لەو چەمكە هۆكارەكەی لە ئاینییەوە سەرچاوە دەگرێ یان فاكتەرێكی دیكە؟
- بێگومان هۆكارەكەی ئایین نییە، ئیسلام ئایینێكی میانڕەوە، هەر لەگەڵ دابەزینی داوای رزگاركردنی ژنانی كردووە، سەرجەم ئەو كۆت و عاداتە جاهیلانەی تێكشكاند كە ئافرەتیان وەك كەرەستە و كۆیلە تەماشا دەكرد، لە سایەی ئیسلامدا ژنان مەقام و پایەیەكی بەهێزتریان لە كایەی دەوڵەت و كۆمەڵگەدا پێدرا، لەسەردەمی پێغەمبەر و خەلیفە راشیدیەكاندا ژنان ئەسپی خۆیان لە بوارەكانی پزیشكی و بازرگانی و زانست و ئەدەبدا تاودابوو، ئیسلام كەڕامەتی بەهەدەرچووی ژنانی عەرەبی گەڕاندەوە، بەڵام ئەوە عادات و تەقالیدەكانی كۆمەڵەكە بەربەست و رێگری لەبەردەم پێشڤەچوونی ژنان دادەنێن و بەبیانووی جیا جیا دەیچەوسێننەوە.
? پێت وانییە دەسەڵاتی پیاوسالاری لە پێناو بەردەوامیدان بەدەسەڵات و هێزی خۆی لەلایەك و شاردنەوەی هەڵە و هەڵسووكەوتە ئەخلاقییەكانی لەلایەكی دیكە پەنا بۆ كڕینەوەی نامووس و داڕشتن و ئەو شێوە تێزە بردووە؟
- بێگومان سەد دەرسەد تەواوە و ئەمە واقیعێكی ئازار بەخشە، لە هەڵسووكەوت و ژیانی رۆژانەشدا ژنان ناعەدالەتییەكی زۆریان بەرامبەر دەكرێ، ژنان لەسەر بچووكترین هەڵە سزا دەدرێن، گەر پیاو لە دەرەوەی ماڵ هەر كێشە و گرفتێكی هەبێ بە ئارەزووی خۆی مەزاجی ماڵ و منداڵەكەشی تێك دەدات، زۆر جار خەمی دڵتەنگی و خەفەتباریەكەی بەژنەكەی دادەڕێژێ، بەڵام ژنەكە بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە ناڕەزایی دەرببڕێ یان لە دەست ئازار و خەمەكانی هاواری لێ بەرزببێتەوە.
بەهەمان شێوە ئەمەش هۆكارەكەی لە عاداتی كۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێ، كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی سەیرە دەنگی ئافرەتان یان هاواركردنی بەعەیب و شورەیی دەزانێ، پێی وایە كائینێكە دەبێ بێ دەنگ و بێ رادەربڕین دابنیشێ.
لێرەوە رۆڵ و كاریگەری دەوڵەت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو عاداتە كۆمەڵایەتییانە پێویستییەكی گرنگە، دەوڵەت بەهۆی كۆمەڵە رێوشوێن و یاسا و رێنماییەكەوە دەتوانێ كاریگەری ترادسیۆنەكانی كۆمەڵگە كاڵ بكات و لە ژیانی رۆژانەدا پەكیان بخات.
? هەندێ لەو ژنانەی كوردستانیان جێیهێشتووە ئێستا لەگەڵ خێزانەكانیان لە رۆژئاوادا گیرساونەتەوە، بێگومان بەهۆی جیاوازی كلتووری و كۆمەڵایەتییەوە لەوانەیە رووبەڕووی كۆمەڵە ئاستەنگ و ئاریشەیەك ببن، بەڕای ئێوە بەهۆی ئەو جیاوازییەوە چ بەركەوتنێك روودەدات؟
- پێم وایە ئافرەتی كورد ئافرەتێكی خەباتكار و بە توانا و ئارامگر و خاوەن كەسایەتییەكی بەهێزە، بۆیە لەهەر بارو زروفێكدا بێ، دەتوانێ بەسەر ئاریشەكان زاڵ بێ و كەسایەتی خۆی بچەسپێنێ.
? لە روانگەی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابووری و كلتوورییەكان پێت وانییە پێویستیمان بە پێناسەیەكی نوێی نامووس هەبێ ، گەر وایە ئێوە چ پێناسەیەكتان هەیە؟
- جیاوازی نێوان ئێمە و رۆژئاواییەكان لەوەدایە ئێمە لە زۆربەی هەڵسووكەوت و ئەحكامەكانمان پشت بە (ویژدان) دەبەستین، بەڵام ئەوان یاسا رابەر و فریادرەسیانە، بۆیە شرۆڤەی من بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاریشەیە سەروەربوونی یاساییە و دەڵێم، لە چارەسەكردنی پرسی نامووسدا پێویستە یاسا دادوەربێ نەك ویژدان.
? خراپییەكانی بەردەوام بوونی ئەو ئاریشەیە بێ چارەسەری چین؟
- لە ناوچوونی یەك جارەكی نیوەی كۆمەڵ كە ژنانە بەدوای خۆیدا دێنێ ، نیوەكەی دیكەش نەخۆش سەرگەردان دەكات.
? رێگە چارەی شیاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاریشەیە چییە، بە چ شێوە و رێگە نەخشەیەك دەتوانین بگەینە چارەسەری؟
- وەك گوتم تەنیا یاسا دەتوانێ ئەو كارە بكــــــــــــــــــــــــــات،، دادپەروەری بچەسپێنێ و ماف بۆ ماف خورا و و زوڵملێكراوان بگەڕێنێتەوە، بێگومان لەوەشدا مەبەستم لە یاسایەكی سەروەرە، بێ جیاوازی پەیڕەو بكرێ.
Top