سەباح و زیندانی هەتا هەتایی

سەباح و زیندانی هەتا هەتایی
تەماحی زوو دەوڵەندبوون
(سەباح) كە حوكمی زیندانی هەتا هەتایی بۆ دەرچوو، وەك كەسێكی پەشیمان و تێكشكا و كەوتە سەر زەوی و لە ناو هۆڵی دادگا لە هۆش خۆی چوو، پۆلیسەكان هەڵیانگرتەوە و هەندێ ئاویان بەسەروچاوی داكرد و دوای ماوەیەكی كەم بەخۆ هاتەوە، سەیرێكی دەوروبەری خۆی كرد، دیتی نە برادەرێكی نە كەسێكی نە خزمێكی لە دەوری نین، هەر پۆلیسە و قۆڵیان گرتووە، سەری بڵند كرد و رووی وەرگێڕا دادوەرەكانی ببینێ، چاوی كەوتە سەر تەرازووەكەی پشت سەری سەرۆكی دادگا، تەماشایەكی هۆڵەكەي كرد و ئاهێكی حەسرەتی پڕ بە هەناسەی هەڵكێشا و لێوی خۆی گەزت، لە دڵی خۆیدا گوتی: بخۆ(سەباح) ئەوە دەردت بێت، بەخۆت بە دەستی خۆت ئەو چارەنووسەت هەڵبژارد، تەماحی پارە و خۆشی و لەزەت چی بەسەر هێنای؟ بڕۆ ئەو تەمەنەت لە نێو زیندا بەسەر ببە و خۆت بڕزێنەوە، زۆر دڵی پەست و خەفەتبار بوو، بەتایبەتیش كە زانی(رەفیق) دەربازی بووە و نەگیراوە، هەر چۆنێك بێت، بە یارمەتی پۆلیسەكان هەڵسایەوە و بردیانە دەرەوە، كەلەپچەیان لە دەستی كرد و سواری ئۆتۆمبیلی پۆلیس كرایەوە و بردراوە بۆ زیندانەكەی خۆی، لەوێ كەلوپەلەكانی هەڵگرت و پەڕاوی تەواوكرا و گواستیانەوە بەشی حوكمی قورسی زیندانی گشتی، كە گەیشتە زیندان، بردیانە هۆڵی حوكمە قورسەكان، لەوێ جێیەكیان بۆ دیاریكرد و یەتاغەكەی خۆی ڕاخست و لێی كەوت، یەك دوو زیندانی لێی نزیك بوونەوە، بەڵام ئەو هەر زوو پێی گوتن كەوا كەس نەیەتەلای و حەوسەڵەی قسەكردنی لەگەڵ كەس نییە، زوو لێی كشانەوە، ڕاكێشا و دڵۆپ دڵۆپ فرمێسكی بە چاوی دا دەهاتە خوارێ و بە كڕی و بێدەنگی دەگریا و دەنووزایەوە، چەند جارێك زیندانییەك كە پێدەچوو زیندانییەكی بە ئەزموون و شارەزا بێت ویستی بچێتە لای قسەی لەگەڵ بكات و تۆزێك بیدوێنێ، بانگی كرد(سەباح) وەڵامی نەدایەوە، یەك دووجاری تریش بە برادەر برادەر بانگی كرد هەر وەڵامی نەدایەوە، زانی هەر ئاگاشی لەمە نییە، لێی كشاوە و لێی دووركەوتەوە، تێگەیشت هەتا دوو سێ رۆژی تریش ئەوە هەر بەخۆ نایەتەوە، بەڵام ئەوەندەیان زانی، حوكمی هەتا هەتایی وەرگرتووە،(سەباح) دڵی زۆر پڕ و خەفەتبار و بریندار بوو، هەندێكجار بە دەنگێكی نزم بەخۆی دەگوت: باشە ئاخر تەماحی پارە چبوو خۆم گەیاندە ئەو كونە رەشە و هەر چوار دەورم شیشی ئاسنە، كاسبییەكی باش، دوو منداڵم و خۆم و ژنم، نەكەس زۆری لێكردبووم، نە فشارم لەسەر هەبوو، پاش سێ رۆژ مانەوە لە ناو زیندان ئەوجا (سەباح) هاتەوە سەرەخۆی و زانی لە كوێ كەوتووە، ئەو زیندانییەی كە لە نێو زیندانییەكاندا بە ئەزموون و شارەزا ناسرابوو ناوی (عەبدولخالق) بوو، دەیزانی ئەو تازە زیندانییە لە چ ئێش و ئازارێكی دەروونی و رۆحی دەژی، حەزیشی لێبوو بزانێ كێشەكەی چییە، تا لە ژیانی ناو زینداندا رایبهێنێ بۆ ئەوەی ئەگەر شارەزایی لە ئیشێك هەیە، لێوەی فێربێ و بڕێكی زیاتر خەم و خەفەتی ناو زیندانی لەسەر كەم بێتەوە و باشتر بارودۆخی ناو زیندان قبوڵ بكەن، (عەبدولخالق) چووە لای و سڵاوی لێكرد(سەباح) یش وەڵامی دایەوە و تۆزێك رووی گەش و خۆشتر بوو، ئەوجا (عەبدولخالق) دەستی بە قسان كرد و ویستی ئەو فشارە دەروونییەی كە لەسەریەتی كەم بێتەوە و پێی گوت: كاكە گوێ مەدەیە، تازە دەبێ قبوڵي بكەین و بەسەری بەرین، بڵێ بزانم تۆ بۆچی حوكمدراوی و لەسەر چی حوكمدراوی و ماوەی بەندیت چەندە.؟
(سەباح) تەماشایەكی كابرای كرد و تۆزێك لێی وەڕس بوو، بەتایبەتی یەكسەر بەوەندە پرسیارە خۆی لێ نزیك كردەوە، گوتی:
لەسەر تەماح و زوو خۆ دەوڵەمەندكردن گیرام، زۆرم حەز لێبوو زوو ببمە خاوەنی دوا مۆدیلی ئۆتۆمبیل، خانوویەكی سێ نهۆمی گەورە و مۆدیل تازە بكڕم، ناو ماڵێكی مۆدیل نوێ و گرانبەهام هەبێ، زۆر تەماحی تریش، بەڵام ئەو تەماحانە سەری خواردم و بەو رۆژەی گەیاندم ، ئێستا زانیت لەسەر چی گیراوم، دەبڕۆ وازم لێبێنەو دووركەوە لێم.
هۆی حوكمدانی(سەباح) ؟
هەفتەیەك دەبوو كە(سەباح) لە ناو زینداندا بوو، وایدەزانی ساڵێكە وا لە زیندانە، زیندانییەكانی دیكە زانیبوویان كە بە زیندانی هەتا هەتایی حوكمدراوە و ماددەی بێهۆشكەریشی لە دەست گیراوە، بەڵام(سەباح) لە رۆژانی دیكە باشتر بوو، قسەی دەكرد و نانی دەخواردو پێشدەكەنی.(دانا) ناوێك كە ئەویش هەر زیندانی بوو، وەختی شەو بوو، پێكەوە دانیشتبوون بە(سەباح)ی گوت: ئەرێ كاكە تۆ بەسەرهاتی خۆت بۆ نەگێڕاینەوە و نەمانزانی بۆ ئەو حوكمە زۆرەت دراوە، لەولاش(عەبدولخالق) هەڵیدایێ و گوتی : كاكە (سەباح) رۆژی یەكەم و دووەم ئاگری دەكردەوە، كێ دەیوێرا هەر لێشی نزیك بێتەوە، بەڵام وەڵڵاهی ئەوە دوو رۆژە هێندە گۆڕاوە دەڵێی قەت ئەو(سەباح)ەی ئەوێ رۆژێ نییە، زۆرمان حەز لێبوو بڕێك باری خەمی سەر شانی كەم بكەینەوە و تۆزێك ئارام بێتەوە، ئاخر(بیست) ساڵ زیندانی كردنیش حوكمێكی كەم نییە، تۆ بەو حوكمە ئەگەر بە گەنجێتی بێیتە ناو زیندان بە پیری دەچییە دەرەوە، خوا دەزانێ هەتا تۆ دێییە دەرەوە چەند كەست لێدەمرێ و چەندت لێ دەمێنێ، خۆ ئەگەر خاوەن ژن و منداڵیش بیت ئەوە هەر خراپتر.. دەی كاك(سەباح) بەسەرهاتی خۆتمان بۆ بگێڕەوە و خەمی خۆشت و هی ئێمەش بڕێك سووك بكەوە.(دانا) گوتی:كاكە بەڕاستی و دروستی بەسەرهاتت بگێڕەوە، با برینی هەموومان بكولێتەوە، (سەباح) بزەیەكی هاتێ و تەماشایەكی ئەو دوو برادەرە تازەیە و ئەوانی دیكەشی كرد گوتی: براینە نازانم چ بگێڕمەوە، ئاخر چەندی دەكەم سەرم لەو هەڵەیە دەرناچێ كە كردم، باشە خۆ نە لە ماڵەوەو نە لە ژیانی خۆمدا چ كەموكوڕییەكم نەبوو، بڵێ بۆ وامكرد، بە هەرحاڵ، پێش ئەوەی دەست بدەمە ئەو ئیشە، وەكو دەڵێن: وەستای سپیكاری بووم، لە خوا بەزیاد بێ ئیشم باش بوو، ئەگەر باشیش نەبوایە، بایی هێندەم ئیش دەستكەوت كە خەرجی خۆم و ماڵ و منداڵم بە تێری دەربێنم، دوو سێ رۆژ بوو ئیشمان نەبوو بەڕاستی منیش و كرێكارەكانیشم تۆزێك وەڕس ببووین، سەرمان سوڕما بوو، ئیش بە گشتی كەمببۆوە، بێ ئەوەی هیچ هۆیەكیش دیاربێت ، كابرایەك هەبوو، ساختەچی و هەڵەپاس، دەمانزانی حەبی سەرخۆش بوون و مادەی كحولی و ئەو شتانە دەخوات، بەڵام كەس نەیدەزانی كە ماددەی بێهۆشكەر دەخوات و بازرگانی پێدەكات، زۆربەمان لەوێ دەمانناسی، ناوی(رەفیق) بوو، رۆژێك هات لێم نزیك بۆوە و گوتی(سەباح) دەڵێ بێئیشی؟ گوتم: بەڵێ، ئەوە چەند رۆژێكە بێ كاروكاسبیم بۆ؟ گوتی: وەرە با پێكەوە ئیشێك بكەین و چ ئەوەندە پێوەی ماندووش نابیت گوتم: دەبی ئەوە چ ئیشێك بێت؟ گوتی: برادەرێكم هەیە هەموو جارێ كەلوپەلی لەسەر سنوور بار دەكات و ئۆتۆمبیلی خۆی هەیە، تەنیا بڕوای بەمنە بۆی بێنمەوە، دەڵێ حەز ناكەم بارەكانم لەتۆ زیاتر كەسیتر بیهێنێتەوە، نەوەك بدزرێ یا لێی كەم بكرێتەوە یان بگۆڕدرێتەوە بە كەلوپەلی ساختە، منیش بە ئەمانەتەوە بۆی دەهێنمەوە و پارەیەكی باشیش وەردەگرم، بەڵام بەڕاستی ئیشەكە قورسە، چونكە جاری وا هەیە دوو سێ رۆژان بەو سەرمایە دەبێ لەسەر سنوور چاوەڕێ بكەم هەتا بارەكە دێت، ئێ بە تەنیایش ناخۆشە، ئەگەر حەزت لێیە پێكەوە دەچین و لەگەڵ من وەرە، من خێرێكی باشم لێبینیووە، بەخۆت دەزانی جاران، هەر پایسكلێكم هەبوو، دوایە كردمە ماتۆڕێك، ئەوە، ئێستاش دەبینی ئۆتۆمبیلی(مەرزیە)م هەیە و لە خوای بەزیاد بێت وەزعم زۆر باشە، تۆش دەتوانی بە ماوەی چەند مانگێك(مەرزیە)ك بكڕیت و پاشان خانووش بكڕی، كابرا هێند بە تاسەوە قسەی دەكرد و تەماحی دەدایە بەرم هەر كەسێ گوێی لێبایە خۆی لەبەر رانەدەگرت، گوتم با فكرێكی لێبكەمەوە. تۆمەز ئەو لەو قسانەی من ترسابوو گوتی باشە، بەڵام هەتا دوو سێ رۆژان نەمدیتەوە منیش تەماحێكی پیس بەری چاوی گرتم و ئەو چەند رۆژە هەر سۆراغیم دەكرد نەمدۆزیەوە، هەتا پێنچ رۆژی خایاند و بەیانییەك لە پڕ دیتم بە دیاركەوت، چاك و چۆنیمان كرد و گلەییم لێكرد كە بۆچی خۆی بزر كرد، ئەو نەیگوت لە ترسی ئاشكرابوون خۆم بزر كرد بەڵكو گوتی: تۆزێك ئیشی بە پەلەم هەبوو، دەبوو تەواویان بكەم، ئەوجا لە بارەی مەسەلەكە لێيپرسيم، گوتم رازیمە، ئەوەبوو پاش دوو رۆژی تر پێكەوە چووینە سەر سنوور و منی لە شوێنێك دانا كە چایخانە بوو، پاشان هاتەوە، گوتی با بڕۆین، سواری ئۆتۆمبیلیك بووین، كە ئۆتۆمبیلی خۆی نەبوو و نەیدەهێنایە ئەو شوێنانە، جانتایەكی پڕ لە جلوبەرگی پێبوو، لە رێگە دایە دەستی من و گوتی: لە فڵانە شارۆچكە و لە فڵانە شوێن چاوەڕێم بكە و دەچم بزانم بارەكان هاتوون یان نە، منیش نەمزانی جانتایەكە چی تێدایە، وەكو گوتی بردمە شوێنی مەبەست. بەخۆشی بە ئۆتۆمبیلێكی دیكە رۆیشت، بۆ كوێ نازانم. من رۆیشتم و چوومە ئەوێ، لە كاتژمێری دیاریكراو پەیدابوو گوتی: دەچمە شوێنێك، ئێستا كابرایەك دێت، رەنگی ئەوهایە و ئەوەی لەبەركردووە و ناوی فڵانە، پاش چاك و چۆنی داوای لێبكە چایەك بخواتەوە پاشان جانتاكە تەسلیمی ئەو بكە و منیش چۆنی گوت وەهام كرد، كە هاتینەوە گوتی: كاكە ئەوجارە بارەكەیان لەسەر سنوور ئیزن نەواوە، دەگەڕێینەوە هەولێر، پارەی دە رۆژێك ئیشی كردنی دامێ.
ئەو كردارەمان دوو سێ جاری تر دووبارە كردەوە و منیش شكم كرد كە دەبێ ئەو ئیشە چی بێت، كە لێمپرسی گوتی: كاكە ئەوانە ماددەی یاساغن و بێهۆشكەرن، بەڵام خەمت نەبێ نەدەگیرێين نە مەترسیمان لەسەرە، منیش گوتم: ئەو كارە ترسناكە و بەو پارە كەمە، قەت نایكەم، بۆ خۆت بڕۆ كەسێكی تر بدۆزەوە ئەو كارەت بۆ بكات. چەندی كردی رازی نەبووم ئەویش هەر جارەی كە هەوڵی و رازی كردنی دەدام تەماحی زیاتری دەدایە بەرم.
ئاخیرییەكەی نرخێكی زۆر باشی دانا كە بەو نرخە ئەگەر چەند جارێك وەرمبگرتایە دەمتوانی ئۆتۆمبیلێكی(مەرزیە)ی پێبكڕم، رازی بووم، بەڵام گوتم پارەی پێشوەختم دەوێ، ئەویش پێشوەختی پێدام، بەردەوام بووم لەسەر كارەكە و هەر جارەی كە ئەنجامم دەدا داوای پارەی زۆرترم دەكرد، كار گەیشتە ئەوەی پارەی ئۆتۆمبیلم كۆكردەوە، ئۆتۆمبیلێكم پێكڕی، دامنابوو پارەی خانوویەكیش كۆبكەمەوە ئەوجا وازیان لێبێنم و بگەڕێمەوە سەر كاسبییەكەی جارانم، كەچی رۆژ بە رۆژیش تەماحم زیاتر و بەرچاوم تەنگتر دەبوو. خێزانەكەم دەیگوت: ئەرێ ئەتۆ نە كاسبییەكەی جارانت دەكەی و نەدەشزانم چ كارێك دەكەی، پێم ناڵێی بۆ كوێ دەچی و ئەو پارانە لە كوێ پەیدا دەكەی؟ منیش دەمگوت لەگەڵ برادەرێكم خەریكی كاری بازرگانیم، خێرەكەی باشترە و ئیشەكەش خۆشترە، خێزانەكەم بڕوای بە قسەكانم نەدەكرد و دەیگوت: بڵێم چی، سەرم لەو كارە تازەیەت دەرناچێ و پێشم سەیرە تۆ كارێك دەكەی كە من نایزانم چییە، بە هەرحاڵ بەردەوام بووین لەسەر كارە كە و رۆژ بە رۆژیش، زیاتر دەچووینە ناو كردارەكە، وایلهێات بەخۆم ماددە بێهۆشكەرەكانم تاقەت دەكرد و لە شوێنی نهێنی دەمشاردەوە و دەمگواستنەوە، رۆژ بە رۆژیش بڕی مادەكانم زیاتر دەهێنا و دەمگوت: هەتا زووە با دەستە گوڵی خۆم لێدەم و پارەی خۆم كۆبكەمەوە، ئەوجا واز دێنم و ئەگەر دیتم دەگونجێ بەخۆم خەبەریان لێدەدەم. ئەگەریش گونجا بە كڕی خۆم دەكێشمەوە و وازدێنم، دواجاری كارەكە بڕی كیلۆیەك مادەی بێهۆشكەرم هێنا و وەكو جاری جاران لە شوێنی مەبەست دانیشتم و چاوەڕێی كەسی وەرگرم دەكرد، تۆزێك وەدرەنگ كەوت، ئاگام لێنەبوو دوو كەس لە ملاو لەولام دانیشتن، تووند دەستیان گرتم، كابرایەكیش وەكو بروسكە لە پێشم ئامادەبوو، كەلەپچەیان لە دەستی كردم و سواری ئۆتۆمبیلێكیان كردم، زانیم چ روویداوە، بێجگە لەخۆم هەموو ئەوانەی كە لەو كارەوە گڵ بوون پێش من دەستگیركرابوون و هەرچی هەبوو و نەبوو هەموویان لەسەرم گوتبوو، لێكۆڵینەوەیەكی چڕوپڕیان لەگەڵ كردم، بەڵگەكان لە دژم هێند زۆر بوون هی ئەوە نەبوو نكۆڵی بكەم. نكۆڵی لە چی بكەم وا بەسەر تاوانەكەوە گیراوم، پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد هەموو شتێكم ئاشكرابوو، هەموویان دەزانی، وەكو دەڵێن هەر لە سیری هەتا پیازی، بەڵام ئەوەی كە زۆرم خەفەت لێیدەخوارد ئەوەبوو كە زانیم(رەفیق) دەستگیر نەكراوە و توانیوویەتی هەڵبێت، كەسیش ناوی نەدەهێنا، منیش لە ترسی خۆم ناوم نەدەهێنا، ئیتر نازانم دواتر گیراوە یان توانیوویەتی خۆی دەرباز بكات، كە لێكۆڵینەوەم تەواوبوو درامە دادگا و دوو مانگێك دادگاییم دەستی پێكرد و پاشان بە زیندانی هەتا هەتایی حوكمدرام، ئەوەبوو بەسەرهاتی من، كە وا ئێستا لەو زیندانەم و بەهۆی نەزانی و تەماحی خۆمەوە خۆم دووچاری ئەو چارەنووسە كرد، لەولاش ژن و منداڵم بێ ساحێب، مانەوە و خۆشم هاویشتە ئەو چاڵاوە.
ئێستا هێندەی ئەو دنیایە پەشیمانم، بەڵام پەشیمانی هیچ داد نادات، بیست ساڵ حوكم بوون گاڵتە نییە، من تا ماوم دەبێ لەو زیندانە بژیم، ئاخر هەقیشمە و مستەحەقە، خوا دەزانێ بەو ماددە بێهۆشكەرەوە چەند كەسم تووشی بەدبەختی كردووە.!!
Top