حوكمی هەتا هەتـایی بـۆ بـڕایـەوە
June 1, 2010
کۆمەڵایەتی
ساتێكی ترسناك و خەفەتبار بوو، لەوپەڕی خەیاڵی خۆشی دەوڵەمەندبوون و لەزەتی بەدەستهێنانی پارەی زۆر و زەوەند بووم، كە دەستگیركرام و رۆژە تاریكەكانی ژیانی بەندیم دەستیپێكرد،(كەریم) بەو شێوەیە گوزارشتی لە كات و ساتی دەستگیركردنی بۆ كردین كە چۆن دوای تێوەگلانی لە تاوانی مامەڵەكردن بە ماددە هۆشبەرەكان بەسەر تاوانەوە دەگیرێت و پاشان رەوانەی دادگای لێكۆڵینەوە دەكرێت بۆ لێكۆڵینەوەكردن لەسەر تاوانی مامەڵەكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.
با بزانین سەرەتا چۆن دەكەوێتە ناو زەلكاوی تاوانی وەها قێزەونەوە و دواتر چارەنوووسی بەچی دەگات..؟
لەمەڕ چۆنییەتی خزانە نێو ئەم زەلكاوی تاوان و تاوانكارییەوە(كەریم) بەخۆی ژیانی خۆیمان بۆ باس دەكات و دەڵێ: ماوەیەكی زۆر بوو بێ ئیش و بێ كار بووم، كارێكیشم هەبوایە كرێكاری بوو، ئەویش چەند رۆژێك بوو، ئیتر دووبارە دەبوو وەختم لە چایخانە ببەمە سەر، هەتا رۆژێك برادەرێكم، كە سەرێك و سەد سەودای هەبوو، ناوی(هەندرێن) بوو، زانی كە زۆر موحتاجی پارەم و بێكاریشم، هاتە بن كڵێشەم و وتی: (كەریم) دەڵێی بێكار و بێپارەی..؟ وتم: (هەندرێن) بریا كێشەكە هەر خۆم بام، من بەرگەی ساڵێك برسێتی و رووت و رەجاڵی دەگرم، بەڵام ماڵ و منداڵ ئەو شتە نازانن، كرێی خانوو لەلایەك، هەر رۆژ دەكەیەوە سەری مانگ دادێ، خەرجی ماڵ و بەخێوكردنی دوو منداڵ، ئەگەر نەتبێت گاڵتە نییە، بەخودا یا دەبێ دزی بكەم، یان سەری خۆم هەڵگرم و ماڵ و منداڵیش كەیفی خۆیانە، خودای دەكرد سواڵیان دەكرد، رۆژێك كار هەیە، دە رۆژان نیمانە، ئەوە حاڵمە، كە وام وت،(هەندرێن) وتی: كوڕە هەی لە برای خۆت نەكەوی، وەرە ئیشێكی باشت بۆ دەدۆزمەوە و پارەیەكی باشیشت پێدەبڕێ، لە خۆشیان نەمزانی چی پێبڵێم، بواری ئەوەم نەبوو بڵێم ئەوە چ ئیشێكە وا بەخێر و بێرە، وتم: دە كوا، بەخودا بەس زەلام كوشتن و دزین نەبێ هەر ئێستا، دەیكەم ئەویش سەد دۆلاری دەرهێنا و لە گیرفانی نام و وتی: ئەوە هەڵگرە بۆخۆت، خەرجی ئەو یەك دوو رۆژەی پێدەربێنە، دوو رۆژی دیكە دەست بە كارەكە دەكەین، ئەملا و ئەولاوی روومەتیم ماچ كرد و وتم: ئەوە من ساز و ئامادەم، هەر كاتێك وتت ئامادەیە وەرە، من ئامادەم، بەجێیهێشتم بەو هیوایەی دوو رۆژی تر یەكتر ببینینەوە بیرم بۆ ئەوە نەدەچوو بڵێم دەبی ئەو كارە چی بێ،چۆنە لە كوێیە، هەر بیرم لەسەر ئەوە بوو كەی دوو رۆژی تر دێت و دەست بە ئیش بكەم، كە چوومەوە لەگەڵ دەستی خۆم دوو نەفەر كەبابم بردەوە و هەندێك پێداویستی و شتی وام كڕی كە زۆر پێویست بوون، خێزانم پرسی: (كەریم) پارەت لە كوێ بوو ئەو شتانەت كڕیووە؟ وتم: برادەرێكم هەیە، كە زانی وەزعم وەها خراپە، زۆری سكی پێم سووتا و كارێكی بۆ دۆزیومەتەوە دوو رۆژی تر دەچمە سەر ئیش.
دوو رۆژی پێچوو(هەندرێن) بەخۆو بە ئۆتۆمبێلێكی مۆدیل نوێ پەیدا بوو، دوای چاك و چۆنی و قسەكردن بەدەم رێگەوە، چووینە شوێنێك كە وەك گەراجێك وابوو، ئۆتۆمبێلێكی لێ راگیرابوو، هاتینە خوارەوە، كابرایەك لە ناو نووسینگەی گەراجەكە بوو، بە كابرایەكی ناساندم كە ناوی(ئومێد) بوو، وتی: ئەوە كاك(كەریم)ـە كە بۆتم باس كرد پیاوێكی زۆر ئەمین و دەستپاكە.
هەرسێكمان دانیشتین و (هەندرێن) وتی: (كەریم) من و ئەو كاك (ئومێد)ـە كاری بارزگانی دەكەین و هاوبەشین.
بەڵام ئەو كابرایەكی دەوڵەمەندە و منیش بە یارمەتی ئەو هاتوومە سەر ئەو بارە، بەخۆت دەزانی منیش پێشتر كە دەمناسی، وەزعم وەها باش نەبوو، بەڵام بە ئیش كردن لەگەڵ ئەو كاك (ئومێد)ـە، لە خوای بەزیاد بێ كاسپییەكەمان لە برەودایە، ئەوجا برادەرێكی هەیە لە فڵانە شار و كابرایەكی بازرگانی عەرەبە، دەیەوێ بەو ئۆتۆمبێلەی خۆی هەندێ نموونەی كەلوپەل و دیاریشی هەیە بۆی ببەی، شەوێك لە ماڵیان دەمێنیتەوە و ئۆتۆمبێلەكەش، لەبەر دزین و تاڵانكردن و شەو دەبەیە ناو گەراجی ماڵەكەیان و بۆ بەیانی وەڵامی كابرامان بۆ دێنییەوە، ئایا بە نموونەكان رازین بۆی بنێرین یان نا، هەندێ پارەی پێشتریشی لایە كەهی ئێمەیە دەتداتێ و بۆمانی بێنەوە، منیش وەهام كرد و هەرچیان وت جێبەجێم كرد و دوای دوو رۆژان گەڕامەوە لایان، لە بەرامبەر ئەو ئیشەی كە ئەنجامم دا چوار سەد دۆلاریان دامێ، كە ئەو بڕە پارەیان دامێ لەخۆشیان خەریك بوو باڵ بگرم.
دەركەوتنی نهێنی كارەكە
(كەریم) درێژەی دەداتێ و دەڵێ: ئەو بڕە پارەیە لەم ساتەوەختە، وەكو دەرمانی سەد دەردان بوو بۆمن، زۆر كێشەم پێ چارەسەر كرد، جارێ پێش هەموو شتێ كارتۆنێك شیری قووتووم بۆ منداڵم بردەوە، گەورەكەیان لە خەم رسكا بوو، وەلێ بچووكەكەیان ساوایەكی شیرە خۆرە بوو، لەبەدبەختی من، خێزانەكەم لەبەر برسێتی لەشی زۆر لەڕو و لاواز ببوو، بەو وەزعەشەوە، دووچاری نەخۆشییەكی زۆر دژوار بوو، بە حاڵ لێی دەرباز بوو، كە چاكبۆوە، مەمكەكانی لە شیر دەردان كەوتن و چیتر شیری نەما، دەبوو شیری قووتو بدەمە منداڵەكەم، لەبەر نەبوونیش ناچاربووم، هەرزانترین جۆری بۆ بكڕم، دواتر كارتۆنێك لە باشترین جۆری شیرم بۆی كڕی.
پاشان چووم كرێی خانووشم دا، بەمە باری سەرشانم تۆزێك سووك بوو، هەندێ پارەم لێرە و لەوێش قەرز كرد بوو، ئەوانیشم دایەوە.
هەتا هەفتەیەك(هەندرێن) چ وەڵامی نەبوو، نیگەرانی دایگرتم و لە دڵی خۆمدا دەموت: تۆ بڵێی(هەندرێن) چیتر ئیشم پێنەكات، ویستم بچمە ئەو شوێنەی كە نووسینگەكەی لێبوو، بەڵام لە پڕ بیرم كەوتەوە كە(هەندرێن) پێی وتم: (كەریم) ئێستا بڕوە ماڵێ، هەتا بەخۆم ئاگادارت نەكەمەوە نەیەیتە ئێرە و سۆراغیشم مەكە، كە ئیشمان هەبوو پێوەندیت پێوە دەكەم، دوای هەشت رۆژان(هەندرێن) تەلەفۆنی بۆ كردم ئاگاداری كردمەوە كە بچمە فڵانە شوێن، وەكو جاران هەمان كاری پێكردمەوە، پاش ئەنجامدانی كارەكە، بە دوو رۆژ گەڕامەوە و هەمدیسان چوار سەد دۆلارم تری پێدام، ئەم كارە دە دوانزە رۆژ جارێك دووبارە دەبۆوە، بەڵام جۆری كارەكان وردە وردە گۆڕانكاری بەسەر دەهات، دواتر زانیم ئەو كارە نهێنییەكی تێدایە، دوای دوو سێ مانگان ئەوجا بۆم دەركەوت نهێنی كارەكە كەرەستەی قاچاغە، بەڵام نەمدەزانی چین، شەوێك كە ئەو ئۆتۆمبێلەی كە دەبوو كەرەستە قاچاغەكەی تێدابوو بۆ شوێنی مەبەست بیگوێزمەوە. لە رێگەدا رامگرت و ئۆتۆمبێلەكەم پشكنی و كەرستەكانم دەرهێنا و تا بە تەواوەتی نەمكردەوە و ماددەكەم نەدیت وازم نەهێنا، كە ئەو ماددە پلاستیكانەم هەڵپچڕی كە ماددەكەی تێدابوو، و چاوم بەماددەكە كەوت، ئەوجا گومانی ئەوەم پەیدا كرد كە ئەوانە ماددەی هۆشبەرن، بەڵام دڵنیاش نەبووم، بەهەرحاڵ لە شوێنی خۆیم دانایەوە و وەكو خۆشیم پێچایەوە و بەبێ دەنگی گەیاندمە لای كابرای مەبەست، وەكو جاران كە شەو بە نهێنی لە ماڵی خۆیان شتەكانی دەرهێنا، بەیانی كیسەیەكی پێچراوی دامێ، لە رێگەدا لە كاتی گەڕانەوە ئەویشم كردەوە، دەبینم دوو دەستە دۆلارە، دانیشتم و كەوتمە بیركردنەوە، چی بكەم و چی نەكەم، چەند جارێك دەگەیشتمە ئەو بڕوایەی كە ئەمجارە كەرستەكە رادەستی پۆلیس بكەم و مەسەلەكە ئاشكرا بكەم، بەڵام پەشیمان دەبوومەوە، جارێك دەموت: باشە من چ كارم بەكاری ئەوانەوە هەیە، كرێی خۆم وەردەگرم و تەواو، هەندێكجاریش دەموت: بەخوا بە(هەندرێن) دەڵێم یان دەبمە شەریكەبەشتان یانیش ئەو كارە ناكەم، كە دەڵێم ئەو كارە ناكەم ئەوان ئیدی لەخۆیان دەترسن نەوەك هەواڵیان لێدەم پارەكەم زیاتر دەدەنێ، بەمجۆرە بڕیارمدا منیش لەم كارە سوودمەند بم،(هەندرێن) و كابرای شەریكی سەرەتا كە بە هەڵوێستی منیان زانی تووڕە بوون و پاشان پەشۆكان، بەڵام دواتر ناچار بوون ملكەچی تەماح و هەڵوێستی من بن، ئەوانیش دانیان بەوە نا كە كارەكە مادام وایلێهات مەترسی زیاتری هەیە و دەبێ وریاتر و چاوكراوەتربین و برەویش بە ئیشەكە بدەین.
تووشبوون بە تەڵەوە
(كەریم) بەردەوام دەبێ لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەكەی كەلەگەڵ ئەو دوو كەسە گومانلێكراوە و دەڵێ: لە راستیدا (هەندرێن) زۆر لێم دەهری ببوو، چونكە نهێنیەكەیم ئاشكرا كرد و پێشم وت: دەبێ منیش شەریكە بەشتان بم، بەڵام چاریشی ناچار بوو، هەر دەبووایە مل بۆ ئەو گۆڕانكارییە تازەیە دابنێ، ئینجا دەستمان بە ئیش كردەوە و لە ماوەی دوو مانگێكدا پارەی خانوویەكم پێبڕا هەر جارەی كە كارەكەم دەكرد و بڕە پارەیەكی باشم وەردەگرت دەموت ئەمجارە نا ئەمجارە واز دێنم و بەجێیان دێڵم، بەڵام تەماح بەری چاوی دەگرتمەوە و هێندەی دیكە خەون و خەیاڵم لەسەری دروستدەكرد، یەك دووجاریش كەوتینە ناو بۆسە، بەڵام لێی دەرباز بووین، كارەكە مەترسی زیاتری تێكەوتبوو، لە هەمان كاتدا قازانج و دەستكەوتیشی زیاتر ببوو. هەتا شەوێك كە لە شوێنی خۆمان خەریكی باركردنی ماددە هۆشبەرەكان بووین و دواتر تۆزێك سەرخەوێكمان شكاند، بەو مەبەستەی پێش رۆژهەڵاتن بەڕێكەوین، لە ناو خەودا هەر هێندەمان زانی پەلبەستكراین و سواری ئۆتۆمبیل كراین.
دواتر زانیمان دەست بەسەر هەموو ماددە هۆشبەرەكەدا گیراوە و من و(هەندرێن) و كابرای هاوبەشی و چەند كەسێكی تریش دەستگیركراون و هەموو شتێكیشیان وتووە، چەندی هەوڵمدا نكۆڵی بكەم، سوودی نەبوو بەڵگەكان وەك رۆژی رووناك وابوون، هی نكۆڵی كردن نەبوون، پاشان دەركەوت كە من لەگەڵ باندێكی تاوانكار تێكەڵ بوومە كە خەریكی مامەڵەكردن و بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەربوونە، دوای ئەوەی رەوانەی دادگاكراین و لێكۆڵینەوەی یاسای چڕو پڕكرا، ئەوە چەند ساڵێكە لە ناو زینداندام، زۆرم گاڵتە بە ساویلكەیی ئەوسام دێت و چۆن سەرەتا بەبێ ئەوەی بزانم ئەو كارە چییە دەیكەم، دەستم دایە كارێك و پاشان كە زانیشم هەر بەردەوام بووم لەسەری كە سووڕ دەشمزانی ئەو پارەیەی وەریدەگرم حەرامە، بەڵام دەڵێی چی هەندێك جار تەماح بەری چاوی مرۆڤ كوێر دەكات، هەڵە و گوناهی سەرەكیش بەخۆم بووم، بەڵام زۆر لە مێژە وتووشیانە(برسێتی رەگێكی لە هاری دایە، مرۆڤ كە بە بێكار و برسی و رووت و رەجاڵ بوو پەنا دەباتە بەر هەموو شتێك.