درواسێتی و خۆهەڵقورتانــــدن لە ژیانی تایبەتی و كۆمەڵایەتی یەكتردا دیـــــــاردەیەكی نەخوازراوە

درواسێتی و خۆهەڵقورتانــــدن لە ژیانی تایبەتی و كۆمەڵایەتی یەكتردا دیـــــــاردەیەكی نەخوازراوە
سروشت و پەروەردە مرۆڤی ناچار كردووە ملكەچی هەڵسوكەوت و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان بێت، ئەگەرچی ئەو سروشتە زیاتر لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەكاندا باوە و نەریت وەك پاڵنەرێكی سەرەكییە بۆ هەڵسوكەوتەكانی تاك. دیاردەی چاودێری كردنی دراوسێ بۆ دراوسێ و خۆهەڵقورتاندن لە ژیانی تایبەتی و كۆمەڵایەتی یەكتردا، دیاردەیەكی كۆنی كۆمەڵگەیە و لە روانگەی سۆسیۆلۆژییەوە بە دیاردەیەكی ناشارستانی وەسف دەكرێت و زۆرجار كێشەی كۆمەڵایەتیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئایا كۆمەڵگە هەوڵی داوە لەگەڵ ئەو گۆڕانە كۆمەڵایەتیانەش كە بەسەری داهاتووە، ئەم دیاردەیە لەناو ببات یان ئەوەی كە تا هەنوكە لەناو هەڵسوكەوتە كۆمەڵایەتییەكانیدا دووبارە دەبێتەوە.

تەلار كەمال، توێژەری كۆمەڵایەتی، پێیوایە هۆكاری ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك هەلومەرج و پاڵنەر كە پەیوەستن بەو كولتوورەی لەناو كۆمەڵگەكەدا ئامەدەیە و تاكەكانی لەسەر راهێنراون. بەهۆی ئەوەی ئێمە لە رووی كولتوورییەوە راهێنراوین، ژیانی خێزانیمان چڕ بێت و نەخشەی بونیادی خانووەكان و گەڕەكەكانمان و پێكهاتەی سەرجەم ئەو شوێنانەی كە تایبەتە بە نیشتەجێ بوون، هەر لەكۆنەوە بەشێوەیەكی تێكەڵ دروستكراوە، واتا نزیكبونەوەیەكی زۆر هەیە لە رووی نەخشەسازی بیناكانەوە، بەدەر لەو گۆڕانكارییە نوێیانەی ئێستا لە رووی بیناسازییەوە كراون. ئەم نزیكبوونەی خانووانە وایكردوە تاك بەردەوام لەناو ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتیاندا ئاگایان لە هەڵسوكەوت و كێشەی دراوسێكانیان بێت، چركە بەچركە ئاگاداری سەرجەم رووداوە خۆش و ناخۆشەكانی ئەو دراوسێیە ببن. هەتا نهێنیە تایبەتییەكانی نێوان هاوسەران لە رێگەی ئەم دیاردەیەوە گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی خێزان و بنەماڵەكان. دەكرێ بڵێین بە پلەی یەكەمی ئەم بەدواداچوونانە زیاتر ئافرەتانی گرتۆتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو فەزایەی ئافرەت تیایدا دەژی فەزایەكی داخراو بووە. ئەگەر بێت و كۆمەڵگەی كوردستانی بە كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووی وەك و ئەوروپا بەراورد بكەین، دەبینین زیاتر ژیانی ئەوان لەناو شوقەكاندایە، واتە لە رووی نیشتەجێبوونەوە داخراوترن، ئەم داخراویە وای لەتاك كردووە كە زیاتر وابەستەی ژیانی تایبەتی خۆی بێت تا ئەوەی ئاگادار و وابەستەی ژیانی چواردەوری بێت. بەڵام لە كۆمەڵگەیەكی وەك كۆمەڵگەی ئێمە، نیشتەجێبوونی ئەم تاكانە كراوەترە، واتە شێوەی بیناسازییەكانمان وایكردووە ئاگاداری زۆر شتی یەكتری بین و بە حوكمی ئەوەی ئافرەتان بەردەوام لەماڵەوەن، زیاتر خوویان داوەتە ئەم كولتوورە. یەكێكی تر لەهۆكارەكان، كاتە بەتاڵەكانی تاكە، ئەمەش زیاتر هۆگر و وابەستەن بەم دیاردەیە و لەناو گەڕەكە میللییەكاندا دەردەكەوێت. چونكە دانیشتوانی ئەم گەڕەكانە زۆرترینی كاتەكان لەماڵەوەن و سروشتی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و بیناسازی خانووەكانیشیان یارمەتیدەری ئەم رەفتارە كۆمەڵایەتییەیە.
سەروەر كەریم، توێژەری كۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوەدەدات كە كولتووری چاودێری كردنی دراوسێ خۆ هەڵقورتاندن لە ژیانی تایبەتی و خێزانی یا كۆمەڵایەتی یەكتر مێژوویەكی دێرینی هەیە لەژیانی كۆمەڵایەتیدا، بەهۆی تێكەڵاوی زۆری گەڕەكە میللییەكان لەگەڵ یەكتر و لەیەكنزیكبوونیان و هامووشۆی زۆری یەكتریانەوە ئەم كولتوورە لەبەردەوامیدایە. بەڵام بەپێچەوانەوە ژیانی ناو شوقەكان یا ژیانی نێو خانووی گەورە و لە گەڕەكی و مۆدێرن و دەوڵەمەندەوە ئەم كولتوورەی كاڵ كردۆتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تاكانەی لەناو شوقەكاندا یا لە نێو گەڕەكە دەوڵەمەندەكاندا ژیان بەسەر دەبەن، كەمتر یەكتری دەبینن و پێوەندی كۆمەڵایەتییان كاڵترە، ئەو تاكانە لە رووی ژیانی تایبەتی و هۆشیاری كۆمەڵایەتییەوە جیاوازن لەوانەی لەناو ماڵە كراوەكاندا ژیان دەگوزەرێنن.

سەروەر كەریم روونیشی كردەوە كە "ئەم چاودێریكردنەی دراوسێ بۆ دراوسێیە كاریگەریی نێگەتیڤی بۆ سەر كۆمەڵگە هەیە، واتە دەبێتە هۆی دڵەڕاوكێی ژیانی كۆمەڵایەتی تاكەكان لەوەی كە لەكاتی هەر رووداوێكدا بەگومان بن لەوەی كە دراوسێكانیان دەوریان هەبووە لەو رووداوەدا. هەموو ئەم دابونەریتانە كاریگەری خراپ لەسەر هەڵسوكەوتی كۆمەڵایەتی تاكی كوردی بەجێدەهێڵن. هەروەها كاریگەری خراپ لەسەر هەڵسوكەوت و پەروەردەی منداڵی ناو بنەماڵەكان دروست دەكات.

دڵشاد ساڵح، فەرمانبەرێكی شاری سلێمانییە و دیاردەی چاودێریكردنی دراوسێ لەسەر دراوسێ دەگەڕێنێتەوە بۆ ناهۆشیاری تاك و دەڵێ "ئەم تاكانەی خۆیان لە ژیانی دراوسێكانیان هەڵدەقورتێنن، بەلایانەوە گرنگە كە زیاترین زانیاریی دەربارەی دراوسێكانیان بەدەست بهێنن. چونكە پێیوایە بەزانینی زیاترین نهێنی دراوسێكانی ئاسودەتر دەبێت، واتە پێیخۆشە بزانێ كێ شوو دەكات كێ ژن دێنێ و.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دراوسێكەی خۆش ناوێت و حەز بە دیتنی ناكات، ئەو دیاردەیە وێنەیەكی ناشیرینە بەسەر رووخساری تاكەكانەوە و بۆ چارەسەركردنیشی پێویستمان بە پەروەردەیەكی خێزانی تەندروست هەیە.

خەرامان عوسمان، تەمەنی 29ساڵە و كچی ماڵەوەیە و دەربارەی چاودێری كردنی دراوسێ دەڵێ "ئەم دیاردەیە داخی گەورەی خستۆتە سەر دڵی منەوە. لەبەرئەوەی خۆ هەلقورتاندنە لەناو ژیانی تاكەكەسی خەڵكەوە، زۆر جار زانینی ئەم شتە تایبەتییانەی دراوسێكان رووداوی خراپی لێ دەكەوێتەوە، بۆ نموونە هەندێك لە قسەوباسەكان لە رێگەی دراوسێی چاودێری كەرەوە گوازراوەتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە ناتەبان لەگەڵ ئەم خێزانەدا، ئەم گواستنەوەی قسەوباسانە بووەتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری ناتەباییەكان و زیاتر گەورەبوونی هەندێك لەكێشە كۆمەڵایەتییەكان تەنانەت هەندێكجار بووەتە هۆی كوشتنی كەسانی بێتاوان. بۆ نموونە هەندێك لەچیرۆكی كچان هەیە كە بەهۆی چاودێری دراوسێكەیەوە پێوەندیە خۆشەویستییەكەی ئاشكرا بووە و لەناو كۆڵانەكەیاندا بڵاو بووەتەوە، دواتر ماڵەوەیان زانیویانە و هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە، خۆم رووداوێكی لەم شێوەیەم بەسەر هاتووە، خۆشەویستەكەم كوڕی برادەرێكی باوكم بوو كە بەهۆی كێشەیەكیان لە شەریكی ئیش و كاریاندا ماوەی 3ساڵ بوو لەیەك زویر ببوون، بەڵام ئێمە پێوەندی خۆشەویستیمان هەبوو، منیش كچی ماڵەوە بووم و نەمدەتوانی بۆ شوێنە تایبەتیەكان لەگەڵی بڕۆم، زۆر جار لەبەردەرگا قسەمان دەكرد، بەڵام بەهۆی دراوسێیەكی سیخوڕ ئاشكرابووین و بابەتەكە بەگوێی بنەماڵەكەمان گەیشتەوە و بۆ ماوەیەك ژیانم لێ تاڵ بوو، جگە لەوەی پێگە و متمانەشم لەناو خێزانەكەمدا لەدەست دا.
Top