تـاوانـباری تـرسناك شـــــایەنی تووندترین سزایە

تـاوانـباری تـرسناك شـــــایەنی تووندترین سزایە
ناڕازیبوون لەسەر بڕیاری دادگا
بەهۆی تەقەلێكردنی لەلایەن (حەتەم)ی تۆمەتبار، چاوێكی لە دەست دابوو، كە گوێی لە بڕیاری دادگا بوو، (حەتەم)ی بە زیندانی (10) ساڵ حوكم دا، سەر و دڵی تێكچوو، توڕە و ناڕازی، پاش خوێندنەوەی بڕیارەكە، هاتە دەرەوە، پارێزەرەكەی (هەمزە) لێی نزیكبۆوە و پێی وت: بەڕاستی حوكمەكەی كەمبوو، زۆرم پێ سەیرە، تاوانبارێكی وەها ترسناك، حوكمێكی وەها كەم و سووكی بۆ دەربچێت. ئەگەر تۆ رازی نیت لەسەر حوكمەكە، مافی ئەوەمان هەیە، لە دادگای باڵاتر، داوای پێداچوونەوەی بۆ بكەین و داوای توندكردنی بكەین، پێش ئەوەی داواكاری پێشكەش دادگای باڵاتر بكەن، (هەمزە) كێشەكەی خۆی و(حەتەم) ی بۆ باس كردین و وردەكارییەكانی بەمشێوەیە بۆ گێڕاینەوە و وتی: (حەتەم) گەنجێكی بیست و پێنچ ساڵەیە، لەوەتەی فامی كردووە خۆی ناسیووە، پێیەكی لە ناو بنكەی پۆلیس و دادگا بووە، پێیەیەكی لە ناو بەندیخانەدا بووە، هەر لە منداڵییەوە كەتنی جۆراوجۆری كردووە، كە تەمەنی گەیشتۆتە شانزە ساڵی دوو جاران لەسەر تاوانی دزی حوكم دراوە، جارێكیان بە دوو ساڵ و جارێكیشیان بە ساڵێك و نیو، كە ماوەی حوكمەكانی بەسەر برد، ئازاد دەكرێت، ماوەیەكیش كە دێتە دەرەوە خەریكی كاری قاچاخ دەبێت، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و دزیاری دەكڕی و دەفرۆشت، لەسەر ئەمكارەش چەند جارێك تووشی گێچەڵ و كێشە بوو، بەڵام نەگەیشتە ئەوەی بگیرێت.. دواتر حەزی لە بێوەژنێك كرد، ژنەكە خاوەنی دوو منداڵ بوو، پیاوەكەی لە رووداوێكدا كوژرا بوو، پێوەندی(حەتەم) بەم ژنەوە بەشێوەیەكی نهێنی بوو، دیار بوو كەسوكاری ژنە بە مەسەلەكەیان زانی(حەتەم) داوای دەستی ژنەی كرد، بەڵام گوتیان(حەتەم) گەنجێكی هەرزە و سەرەڕۆ و بە گێچەڵە، هی ئەوە نییە كچی خۆمانی بدەینێ، ئەویش پاش دوو سێ هەفتان ژنەكە هەڵدەگرێت و منداڵەكانیشی بە جێدەهێڵێ، كەسوكاری ژنەكە بە دوایدا دەگەڕێن بیدۆزنەوە، بۆ ئەوەی بیكوژن.
بەڵام خزمانی هەر دوولا ناوبژیوانی دەكەن و بەر بە كێشەكە دەگیرێ و بە پارە مەسڵەتی دەكەن، بەو مەرجەی دوای مەسڵەتییەكە ژنە تەڵاق بدات، ئەویش پاش چەند مانگێك لە ئەنجامدانی مەسڵەتییەكە ژنەكە تەڵاق دەدات، خێزانی (حەتەم) بەتایبەتی دایك و باوك و خوشكەكەكانی گیریان بەدەست ئەو كوڕەیانەوە خواردبوو، باوكی كابرایەكی نەخۆش و پەككەوتە بوو، بڕە مووچەیەكی خانەنیشینی هەبوو، دایكیشی هەفتەی چوار رۆژ لە یەك دوو ماڵ كاری دەكرد و بەو حاڵەوە بەڕێوە دەچوون، لەگەڵ ئەوەش بەرامبەر بەو كوڕەیان كە تاقانە بوو هیچ كەمتەرخەمییەكیان نەدەكرد، بەڵام كوڕە هەر لە منداڵیەوە بەهۆی برادەری خراپەوە وەكو دەڵێن چاوی كرابۆوە و دنیای تاوانی تاقیكردبۆوە، ئەم دایك و باوكە، حەسرەتیان بوو رۆژێك ئەو كوڕەیان بێكێشە بێت، پێش ئەو كێشەیەی كە بۆ ئێمەی نایەوە، رۆژێك لەسەر پارە لەگەڵ كابرایەك دەبێتە كێشە و شەڕیان و تفەنگی لێڕادەكێشێ و گوللەیەكی لە قاچی دەدات و بریندرای دەكات، پاش ئەوەی بە ناچاری لەگەڵ خێزانی كابرا پێكدێن، ئینجا دادگا سێ ساڵی بەندی دەكات.
دوایین تاوان
بەردەوام دەبێ لە قسە و دەڵێ: كە لە زیندان ئازاد دەكرێت، خەڵكی گەڕەك نیگەران بوون لەوەی كە دووبارە ئەو كۆنە تاوانكارە ئازاد كرایەوە، چونكە هەموو دڵنیابوون لەوەی كە ئەم كوڕە بەبێ كێشە هەڵناكات و ناژی، دوو كچم هەبوو كە یەكێكیان گەنج و ئەویتریشیان لە قۆناغی سەرەتایی بوو، كچە گەورەكەم تەمەنی نۆزدە ساڵان بوو، كە ئەو بۆ دواجار لە زیندان ئازاد كرا، دوو هەفتە بوو كە ئازاد كرابوو لە زیندان، هەستم كرد، رۆژ نییە چەند جارێك هاتووچۆ بە بەردەم ماڵەكەماندا نەكات، هەر جارێكیش كە هاتووچۆی دەكرد سەرنجی هەر لەسەر ماڵی ئێمە بوو، كچەكەم ئاگاداری كردمەوە كەوا لەبەر(حەتەم) ناوێرێ تەنانەت بێتە دەرەوە بۆ فڕێدانی زبڵیش...
وایلێهات چەند جارێك شەڕی بە كچەكەم فرۆشت، تاوەكو رۆژێك لە رێگەی سەربانی دوو ماڵە هاوسێمانەوە خۆی گەیاندبووە، سەربانی ماڵی ئێمە، ئەو كاتیش كچەكەم خەریكی هەڵخستنی جل بوو، ئیدی كە (حەتەم)ی بینیبوو، قسەی پێگوتبوو، دواتر ببوە دەماقاڵیان(حەتەم)ی دەركردبوو، ئەویش سوێندی خواردبوو كە بێت لەبەر دەرگای ماڵەكەمان پڕی پیا بكات، ئێوارە كە هاتمەوە و بە مەسەلەكەم زانی چوومە ماڵیان، بەڵام خۆی لە ماڵ نەبوو، لەگەڵ دایك و باوكی قسەم كردبوو بڕیارمدا بوو سكاڵای لە دژی تۆمار بكەم، بەڵام باوكەكەی پاڕایەوە لەبەر خاتری ئەو وازم لێهێنا. دوو سێ رۆژی پێچوو، رۆژێك نیوەڕۆ بوو، لە دەرگا درا، من و براكەم و ماڵەوەمان لە ماڵەوە بووین، بە كچەكەمم وت: بڕۆ بزانە ئەوە كێیە، ئەویش كە چوو، دەرگای كردەوە كەسی نەبینیبوو سەیرێكی ئەملاو و ئەولای كرد، لە پڕ(حەتەم) یەخەی دەگرێ و رایدەكێشێ،(حەتەم) دەمانچەیەكی پێدەبێ، دەمانچەكەی لێدەردێنێ و لەسەر سەری دایدەنێ و پێیدەڵێ بجووڵێی یا دەنگ هەڵبڕی دەتكوژم، ئەویش لە ترسان قسە ناكا، ئینجا دەیباتە پەنایەك و یەخەی كراسەكەی دەدڕێنێ، لەو وەختە براكەم دەڵێ: ئەرێ(هەمزە) ئەوە كێ بوو لە دەرگەی دا، خۆ كچەكەت نەهاتەوە، با بچم بزانم كێ بوو، كە رۆیشت دوای كەمتر لە خولەكێك دەنگە دەنگ و هاتوو هاواری پیاوم بیست، بە راكردن چوومە دەرەوە، دەبینم براكەم و (حەتەم) دەستە و یەخەی یەكتر بوونە و زۆرانبازیانە، منیش چووم دەستم دایە دارێك و راموەشاندە (حەتەم) بۆ ئەوەی بەریبدات، كەچی گوللەیەكی بۆ هاویشتم و لەلاچاوێكی دام، ئاگام لەخۆم نەما و كەوتمە سەر زەوی، ئیدی لەهۆش خۆم چووم، دیار بوو كە تەقەی لە من كردبوو، لە پاش من گوللەیەكی لەسەری براكەشم دا و ئەویش كەوتە سەر زەوی، ئینجا چوار گوللەی تری لە لەشی دا، دواتر لێیدا رۆیشت، كە بەهۆش خۆم هاتمەوە لە هۆڵی نەشتەرگەری هاتبوومە دەرەوە و هەشت كاتژمێر بوو كە ئاگام لەخۆم نەمابوو، پاشان پێیان وتم كە نەشتەرگەریم بۆ كراوە و چاوێكم لە دەست داوە، هەتا لە نەشتەرگەر یەكەم چاكبوومەوە، خەریك بوو خۆم بكوژم، زۆر بە زەحمەت لە كوێر بوونی چاوێكم راهاتم، جا كاتێكیش ئەو تاوانكارەیان حوكم دا، لەسەرێكەوە كەسێكی كوشتبوو، لە سەرێكی ترەوە منی بریندار كردبوو، ئەوجا پڕی دابووە نامووسیشم، ئینجا دادگا(10) ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە.
پێداچوونەوە بە حوكمی دادگا
لەگەڵ پارێزەرەكەی رێكدەكەون كە تانە لە حوكمەكە بدەن، ئەوەبوو داواكاری تانە گرتن لە حوكمەكە پێشكەش دەكەن، دوای ئەوەی پەڕاوی كێشەكە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە تەماشا دەكرێت، دادگا تێبینی دەكات كە(حەتەم) نە بە رێكەوت بۆتە تاوانبار، نە بە قەزا و قەدەریش، بەڵكو تاوانبارێكی رەسەن و راستەقینەیە، بۆیە حوكمەكەی دادگای هەڵوەشاندنەوە و داوای توندكردنی سزاكەی كردبوو، كاتێك ئەنجامی ئەو حوكمە دەگەڕێتەوە بۆ دادگای تایبەتمەند دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەكات.
(حەتەم) ی تاوانكار لەسەنگی مەحەكدا
بۆ ئەوەی ئەم رووداوە لە رووی دەروونییەوە هەڵسەنگێنین كێشەكەمان خستە بەردەم توێژەری دەروونی خاتوو(سەروین عەزیز) ئەویش بەمشێوەیە شیكردنەوەی سایكۆلۆژیانەی بۆ كەسایەتی (حەتەم) كرد و وتی: بە بڕوای من دیار نییە هۆكاری راستەقینەی بەتاوانباربوونی(حەتەم)یان راهاتنی لەسەر تاوان و دووبارە و چەند بارە كردنەوەی ئەوە بەلایەنی كەم لە رووی ژینگەی خێزانییەوە، بەڵام لە رووی ژینگەی كۆمەڵایەتییەوە، لە ژینگەیەكی نا تەندروست و خراپ دابووە، بەتایبەتیش لەسەرێكەوە برادەر و هەڤاڵی خراپی هەبووە، لەسەرێكی تریشەوە چەند جارێك بەو تەمەنە بچووكەیەوە ئەزموونی لەگەڵ ژینگەی ناو بەندیخانەكان هەبووە، وەكو دیارە بەندیخانە شوێنی مرۆڤی خراپ و تاوانكارە، یان بەلایەنی كەمەوە ژمارەیەكی زۆری مرۆڤی سەرپێچكار و لە یاسا لادەر و لە كۆمەڵ لادەری تێدایە، تێكەڵبوونی بەو جۆرە كەسانە، بێگومان زیاتر بە دنیای تاوانی ئاشناكردووە و زیاتر هاتۆتە ناو ئەو جیهانەوە، لە رووی دەروونیشەوە، وای بۆ دەچم،(حەتەم) كەسێكی سایكۆپاسی(نا كۆمەڵایەتی)بێت، كەسی نا كۆمەڵایەتی، كەسێكی نا بەرپرسیارە، شەرم و ترسی لە تاوان نییە، كەسێكی نا بەرپرسیارە، شەرم و ترسی لە تاوان نییە، سزادان چاك نابێ، خۆی ناگۆڕێ و تەمبێ نابێت، هەموو ئەو رەفتار و هەڵسووكەوتانەش لای(حەتەم) دەبیندرێ، وەك زانیمان (حەتەم) زیاد لەجارێك تاوانی كردووە و زیاد لە جارێكیش دەرفەت و چانسی پێدراوە، بەڵكو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە باوەشی كۆمەڵ.
بەڵام سوودیشی نەبووە، بۆیە ئەو جۆرە كەسانە پێویستە لە ناو دامەزراوەی سزایی بمێننەوە، بەمەرجێ لەگەڵ هێشتنەوەیان بخرێنە ناو عەشق و راهێنان و دووبارە ئامادەكردنەوەی دەروونی و كۆمەڵایەتیان، لە بیرمان نەچێ پەروەردەی خێزانی(حەتەم) یش، جۆری هەڵسوكەوت و پەروەردەی دایك و باوكیشی رۆڵیان هەبووە، لە دەركەوتنی(حەتەم) بەو جۆرە كەسایەتییەوەی، بەڵام لەبەر ئەوەی زانیارییەكی وامان لەسەری دەست نەكەوتووە، بۆیە لەو بارەیەوە هیچ ناڵێین، راستیەكەی ئەگەر ئەو لایەنەشی شاراوە بێ بۆمان، بەڵام ژینگە كۆمەڵایەتییەكەی رۆڵێكی گەورەی بینیووە، لە دەركەوتنی(حەتەم) بەمشێوەیە، بە بڕوای من دادگای تایبەتمەندیش كە سەرەتا حوكمێكی (10) ساڵەی بۆ بڕیوەتەوە هەر مەبەستی ئەوە بوو چانسێكی بداتێ و ئومێدی بەوە هەبووە ئەگەر دوای مانەوەی چەند ساڵەی لە زیندان، ئومێدی ئەوە هەبێ خۆی چاك بكاتەوە، بەڵام دیارە دادگای باڵاتر بە جۆرێكی دیكە تەماشای كردووە كە ئەویش(مەترسییە تاوانییەكەیەتی) ئەمەش بۆچوونێكی دروست و تێگەیشتنێكی راستی كەسایەتی(حەتەم) و ترسناكی تاوانەكەیەتی، ئەو جۆرە كەسانە ئەگەر تووندیش سزا بدرێن، هێشتا مەترسیان لەسەر كۆمەڵ هەر هەیە.
Top