دژەڕا.. چات

دژەڕا.. چات
..كات كوشتن و بەفێڕۆدانی پارەیە
چێنەر نزار – هونەرمەند (پەیكەر ساز).
چاتكردن یا دەتوانین بڵێین یەكترناسین و گفتوگۆكردن لەناو تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا، بۆتە حاڵەتێكی دیار، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات بەرەوپێش دەچێت. هاوكات لەگەڵ چوونە پێشەوەیدا كێشەكانیش بەرەو هەڵچوون دەچن. یەكێك لەو فاكتەرانەی لەپشت چات كردنەوەیە مەهامێكی شاراوەیە، لەئێستادا گەنجان بۆ كات بەسەر بردن و خۆدەرخستنیان بەشێوازێكی باش هەوڵ ئەدەن خۆیان لەبەرگێكی دیكەدا پیشانی بەرامبەرەكەیان بدەن، بەتایبەت بۆ مەسەلەی پرۆسەی هاوسەرگیری یان دۆزینەوەی هاوڕێ، كە زۆرجار لەپێناو ئەو بەرژەوەندیانەدا رەگەزی خۆیان دەگۆڕن. چەندین گرفت لەرێگەی چات كردنەوە دروست بووە، سەرەكیترینیان كات كوشتن و بەفێڕۆدانی پارەیە وەك جۆرێك لێڕاهاتن ئەمكارە ئەنجام ئەدەن، چونكە ئەو كەسانەی ئینتەرنێت تەنیا بۆ چات بەكاردەهێنن ناتوانن سوود لەهیچ زانیارییەكی دیكەی ئینتەرنێت وەربگرن، هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن كە هاوڕێیەكی نوێ پەیدا بكەن. ئینتەرنێت لەماڵەكاندا زیاتر رێگەخۆشكەرە بۆ چات كردن، تەنانەت ئەو كەسانەی چات زۆر دەكەن لەكارەكانی دیكەی ژیانیاندا وەك پێویست نین، بێگومان ئەمەش غەریزەیەكی شاراوەیە پاڵی پێوە دەنێت بۆ چەندین كاری نەشیاو نەگونجاو كە زیاتر گەنجان پێوەی سەرقاڵ دەبن.

.. وەرگرتن و بەخشینی زانیارییە
تارا ئەحمەد – مامۆستای ناوەندی
پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا چەندین لایەنی سودمەندی هەیە، لەوانە ئینتەرنێتە، لەلایەنە باشەكانی ئینتەرنێتیشدا چات كردنە. لەرێگەی چات كردنەوە تاكەكانی سەرجەم كۆمەڵگەكانی جیهان دەتوانن یەكتر بناسن و ئاڵۆگۆڕی زانیارییەكانیان بكەن، كەواتە ئەو كۆنتاكت و پێوەندیەی لەرێگەی چاتەوە دەكرێت، ناتوانرێت لەرێگەی هیچ دامەزراوە یاخود لایەنەكانی دیكەی كۆمەڵایەتیەوە بكرێت. تەكنۆلۆژیا بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەرجەستەبووە، ئیدی دەبێت لەو رێگەوە سوودمەند بین. دەبینین چەندین پرۆسەی هاوسەرگیری سەركەوتوو یان هاوڕێیەتی سەركەوتوو دەستەبەربووە، هەروەها دەتوانرێت لەرێگەی چاتكردنەوە كەسانێك بناسین كە زانیاری لەسەر كۆمەڵگە و شێوازی ژیانیان وەربگرین، لێرەدا ئەمە كات بەفیڕۆدان نییە، بەڵكو راستەوخۆ دەچینە ناو شێوازی ژیانە كۆمەڵایەتی و گشتیەكانی دیكەی مرۆڤایەتیەوە.

چات كردن سادەكردنەوەی مرۆڤەكانە ئەگەرچی لەوپەڕی دەسەڵات و ئەركدابن، بۆیە دەبیین زۆربەی سەركردە و هونەرمەند و رۆشنبیرەكانی جیهان بیریان لەوە كردۆتەوە كە زۆرترین كەس لەرێگەی چات كردنەوە بۆلای خۆیان رابكێشن. زۆرجار تاكەكان رەگەزی خۆیان دەگۆڕن، بەڵام ئەمەش لەسەرەتادا بۆ ناسینی ئەو كەسانەیە كە دەبنە هاوڕێ و دواتر دەتوانیت رەگەزی سەرەكی و ناسنامەی خۆت بەدروستی بگەیەنێت. بۆیە دەكرێت بڵێین چات كردن یەكێكە لەهۆكارەكانی هاوڕێ گرتن و وەرگرتن و بەخشینی زانیاریەكان.
Top