ئەوكاتەی دایك تووڕەیی خۆی لەمــــــــــێردەكەی بەمنداڵەكەی دەردەبڕێت

ئەوكاتەی دایك تووڕەیی خۆی لەمــــــــــێردەكەی بەمنداڵەكەی دەردەبڕێت
دایك وەك كاراكتەرێكی سەرەكی خێزان بەدەر لەكارەكانی بەڕێوەبردنی خێزان، ئەركێكی قورستری لەئەستۆیە، ئەویش پەروەردە و فێركردنی منداڵەكانیەتی بەباشترین شێواز. منداڵ كاتێك زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ دایكیدا بەسەر دەبات، دەبێت دایك ئەو كاتانە بقۆزێتەوە بۆ گەیاندنی پــــەروەردەیەكی دروســــــــت بەمنداڵەكانی، بەڵام زۆرجار دایك زمانی گفتووگۆكردنی لەگەڵ منداڵەكانی بەجنێودان دەبێت لەكاتێكدا ئەم جنێو و وتە ناشیرینانە بۆ خودی منداڵەكە نییە، بەڵكو بۆ باوكی منداڵەكانیەتی واتە بۆ هاوسەرەكەیەتی، پێدەچێت لەكاتی ئامادەبوون و ئامادەنەبوونی هاوسەرەكەی هەمان وشە بەكاربهێنێتەوە، ئەمەش چەندین فاكتەری دەروونی و كۆمەڵایەتی لەپشتەوەیە، بۆ قسەكردن لەسەر تەوەرەكەمان
بەڕێز دڵشاد غەفوور بەڕێوەبەری خانەی سمۆرە بۆ رۆشنبیریی منداڵان دەڵێت: كاتیك منداڵ دەكرێتە پردێك لەنێوان گواستنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی دایك و باوك كارەساتێكی ئاستەنگە، چونكە دنیای منداڵ دنیایەكی پڕ لەجوانی و سەرچاوەی راستی و خۆشەویستییەكانە، بەڵام گرنگە دایك و باوك درك بەوە بكەن ئەگەر مامەڵە كردنیان لەگەڵ یەكتری تا ئاستێك نەشیاو بوو، نابێت بەهیچ شێوەیەك منداڵ بخرێتە ئەو جەنگە دەروونییەی نێوانیان.
جنێودانی دایك بۆمنداڵەكانی راستەوخۆ كاریگەری لە سیستمی پەروەردەو وەرگرتنی زانیاری لەسەر منداڵ دەبێت، ئەمە بۆچوونی مامۆستا ئومێد محەمەد-ە،كە دەڵێت: كاتێك دایك جنێو بەهاوسەرەكەی دەدات چەند رێگەیەك دەگرێتەبەر، یەكێك لەوانە لەرێگەی منداڵەكانیەوەیەتی، لێرەدا ئەو وشانە بەكاردەهێنێت كەراستەوخۆ بۆ خودی هاوسەر یان بنەماڵەی هاوسەرەكەیەتی، بێگومان ئەگەر راستەوخۆ پێی بڵێت، لەلایەن هاوسەرەكەی تووشی گەورەترین بەرپەرچدانەوە دەبێت، لەمەشەوە گرفت و كێشە لەخێزاندا بەرجەستە دەبێت.
هاوكات خاتوو چیا عەبدولقادر چالاك لەبواری پەروەردە و كۆمەڵگەی مەدەنیدا، لەمبارەیەوە دەڵێت: لەكۆمەڵگەكەماندا دیاردەیەكی ناشیرین دەبیندرێت، ئەویش جنێودانی دایكە بەهاوسەرەكەی لەرێگەی منداڵەوە، دایك وا بیردەكاتەوە ئەگەر ئەو جنێو و وشە نابەجێیانە بەهاوسەرەكەی بڵێت، ئەوا پێیوایە ئەو رقەی لەدڵیدا هەڵیگرتووە لەبەرامبەر هاوسەرەكەی دەتوانێت بەتاڵی بكاتەوە، یاخود زۆرێك لەدایكەكان پێیانوایە بەجنێودان خزمەتێك و دڵسۆزییەك بۆ منداڵەكانی نیشان دەدات، لەهەردوو حاڵەتەكەدا دەبێتەهۆی روشاندنی كەسێتی منداڵ و هاوسەرەكەی بەپلەی یەكەم، لەبەرئەوەی لەبەرچاوی منداڵەكانی لەهەیبەت و جوانیەكانی دەدات. دایك وەك جوانترین بوونەوەر دەبێت پارێزگاری لەكەسێتی خۆی بكات، چونكە لەئێستادا بیركردنەوەكان جیاوازن، منداڵ زوو هەست بەو گرفت و نائارامی دەروونی دایك و باوك دەكات، كاتێك دایك جنێو بە باوكیان دەدات و ئەمان دەكات بەهۆكار، زوو تێدەگەن و پێدەچێت لەدواجاردا وەڵامی زۆر توندی بدەنەوە، یاخود بەتێپەڕبوونی كات هەمان ئەو جنێوانەی بەمنداڵەكە دراون، پێی دەڵێتەوە.
لەبەرامبەردا مامۆستا ئومێد دەڵێت: خێزانی كوردی ناتوانێت سیستمێكی باش لەخێزاندا پەیڕەو بكات، بۆیە دەبینین ژن لەگەڵ مێردەكەی گرفتی هەیە، یان لەمنداڵەكانی دەدات یان جنێویان پێ دەدات، هاوكات هاوسەرەكەشی ئەم رەفتارانە پەسەند ناكات. دەبێت دایك ئەوە رەچاو بكات ئەو جێنودانە بەباوك چەندە كاریگەری لەسەر دەروونی منداڵ دروست دەكات، هەرگیز پێی ناڵێت.
توێژەرە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت ئەوانەی لەقوتابخانەكان و باخچەی ساوایاندا كاردەكەن، دەرەنجامەكانی جنێودانی دایك دەخەنەروو، هەروەك خاتوو رووناك عوسمان دەڵێت منداڵ ئەو جنێوانەی بەیەكتر دەڵێن لەدایك و باوكەوە بەتایبەت لەدایكیانەوە گوێبیستی بوونە، هەر ئەو وشانە دەڵێنەوە كە بەكەسێتی باوكیان وتراوە، ئەگەر رەگەزی نێر بێت بەخراپتر دەیانڵێتەوە، هەمیشە دایك كەمتر خۆی رادەگرێت و ئارامگرتنی بۆ كێشەو گرفتی خێزان كەمترە، بۆیە هەرئەویش زیاتر لەكاتی توڕەییدا جنێو دەدات.
دڵشاد غەفوور پێیوایە لایەنی دەروونی منداڵ نابێت بەهەند وەرنەگیرێت. بەهەمان شێوە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە و دەڵێت: منداڵ خۆی لەخۆیدا هەموو دەروونی پڕ لەپرسیار دەبێت و دەبێت وەڵامیان بۆ ئامادە بكەین، بەڵام شیاو و گونجاو نییە پرسیارگەری لەمنداڵان دروست بكەین. ئەركی سەرشانی دایكە كە منداڵ نەكاتە پردێك بۆ گواستنەوەی جنێوەكانیان و ئاخافتنە ئاڵۆزەكان كە خۆی حەشارداوە لەدڵی ژن بۆ مێردەكەی و نازانێ بەچ جۆرێك ئاراستەی هاوسەرەكەی بكات، لێرەدا منداڵەكەی دەكاتە ئاوێنە یاخود سمبولێك بۆ دەرچوونی وشەكانی ناو دەروونی، نازانێ چۆن خۆی خاڵی بكاتەوە بۆئەوەی ئاسوودەیی خۆی پیشان بدات بەرامبەر بەهاوسەر، بەڵام (منداڵ) گوناهی چییە تۆی دایك پەلكێشی دەكەیت بۆ ئەو جەنگە دەروونییەی نێوان خۆت و هاوسەرەكەت. ئەركی سەرشانی دایكە پەروەردەیەكی تەندروست بۆ مندڵەكانی بخولقێنێ نەك منداڵ پەلكێش بكات بۆ ئەو قەدەرە و منداڵ بەرەو ئاقارێكی نادیار و ناتەندروست پەروەردە بكات.
دەتوانین بڵێین ژیانی ناوخێزانەكان هەر ئەندامانی خێزان دەتوانن خۆشگوزەرانی تێدا بەدی بهێنن، بەڵام كاتێك سوود لەو ژیانە وەرناگرن و بەهەڵە بیری لێدەكەنەوە، دەرەنجامەكانی لەكردەوە و ئاكارەكانیاندا رەنگ دەداتەوە، دایك لەگەڵ مێردەكەی گرفتێكی هەیە و ناتوانێت لەگەڵیدا گفتوگۆیەك سازبكات، هەوڵدەدات ئەو بەشێوەیەكی دیكە بۆچوونەكانی بگەیەنێت یاخود هەوڵی سووككردنی بدات لەبەرچاوی منداڵەكانی، بێگومان دەبێت داهاتووی پەروەردە و ژیانی خێزانێك چی بەسەر بێت كە دایك بەو چەشنە پەروەردەیان بكات.
Top