پیلانی باوكێكی بێویژدان لە پێناوی پارەدا
January 16, 2011
کۆمەڵایەتی
شوێن سەیرانگەیەكی خۆشی دەرەوەی شارە و (ئازاد) و (جەمیل)ی هاوڕێی منداڵی هەردوولا بە خاو و خێزانیانەوە بڕیاریان داوە گەشتێك بۆ هاوینە هەوارێ بكەن كە زۆر لە شارەوە دوور نەبێت. بەڵام رووداوێك روودەدات چارەنووسی ئەم گەشتە بە ئاراستەیەكی دیكەدا دەبات و تووشی كێشەیەك دەبن كە دەستی ئەمانی تێدا نییە. جا بابزانین ئەو رووداوە چی بوو، پاشان چارەنووسی ئەم سەفەرە و كەسەكان بەچی دەگات. لێ، بەڕای من وا باشترە بۆخۆم ئەم رووداوە نەگێڕمەوە، بەڵكو یەكێك بێت كە لەناو رووداوەكە بووبێت و ئاگای لە هەموو شتێك بێت. كەسایەتییەكی سەرەكی كە لەناو ئەم رووداوەدا بووە، جگە لەو كەسەی كە رووداوەكەی لە دەست قەوماوە (جەمیل)ە. (جەمیل) كە یارویاوەری (ئازاد) بوو بەخۆی لەناو رووداوەكەدا بوو. ئەو بەم شێوەیە بەسەرهاتەكەمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: رۆژێك من و (ئازاد) كە برادەری منداڵیمە، بڕیارمان دا رۆژێكی هەینی هەردوولا پێكەوە بە خێزانەوە گەشتێك بكەین. ئەوەبوو سەرلەبەیانی رۆژی هەینی خۆمان ساز كرد و لە شار دەرچووین و لە سەیرانگەیەك لاماندا و چادرێكی سەفەریمان پێبوو، لە شوێنێكی گونجاو هەڵماندا. تا نیوەڕۆ بە قسەی خۆش و شتی دیكە كاتمان بەسەر برد و دواتر نانی نێوەڕۆمان خوارد. دوای نیوەڕۆیەكەی كە دنیا تۆزێك فێنك بوو (ئازاد) بە خانەوادەكەی وت: با هەستین بڕۆین و شوێنی دانیشتنەكەمان بگۆڕین و بە ئۆتۆمبێل تۆزێك بەم ناوچەیەی دەورووبەریش بگەڕێین، لای ئەو چەمەی سەرەوە زۆر خۆشە لەوێ چادرەكە هەڵدەدەین و نانی ئێوارەشی تێدا دەخۆین. ئەوانیش وتیان: وەڵڵا ئێرە خۆشە و ئێمە بەجێی ناهێڵین، ئێوە بۆخۆتان بە جووتە بڕۆن. باشە، وتمان ئێمە بۆ خۆمان دەڕۆین و تا درەنگیش نایەینەوە. من و (ئازاد) رۆیشتین و وەردە وردە و بە ئۆتۆمبێل دەڕۆیشتین و خەریكی قسە بووین. گەیشتینە شوێنێك هەندێ منداڵ تۆپ تۆپێنیان تێدا دەكرد و هەر هێندەمانزانی تۆپێك بە جامی ئۆتۆمبێلەكەمان كەوت و منداڵێكیش وەكو هەورە تریشقە بۆ تۆپەكە دەرپەڕی و پێییەكی خلیسكی برد و كەوتە ژێر ئۆتۆمبێلەكەمان. من هاوارم كرد كوڕە (ئازاد) رایگرە ئەو منداڵەت كوشت. (ئازاد) دەمودوست زیڕەی لە ستۆپی ئۆتۆمبێلەكەی هێنا و رایگرت. من و (ئازاد) وەكو برووسكە خۆمان تێهەڵدا خوارەوە و بۆ منداڵەكە چووین و هەڵمان گرتەوە. خوا رەحمی كردبوو منداڵەكە هیچی لێنەهاتبوو، تەنیا ئەوەندە نەبێ كە لا روومەتێكی تۆزێك داماڵابوو، باسكی چەپەشی تۆزێك داڕووشابوو. خەڵكە و ئەوانەی لەوێ بوون كۆبوونەوە لەسەری و هەر كەسەو تەماشایەكی دەكرد و دەیوت: چ نەبووە، چ نەبووە. منداڵەكە هیچی لێنەهاتووە. ئەوەبوو وتمان كێ كەسوكاری ئەو منداڵەیە، لەو پرسیارە دابووین كە باوكی منداڵەكە گەیشتە سەرمان و تەماشایەكی كرد و وتی: هیچی نییە كاكە ئێوە بڕۆن. (ئازاد) وتی: چۆن دەڕۆم، دەبێ بیبەمە نەخۆشخانە و دڵنیا بم لێی ئەوجا دەتدەمەوە. باوكی منداڵەكە هەرچەندی وتی بابە هیچی نییە و ئەو ئەزیەتەی ناوێ، ئێمە رازی نەبووین، بەهەرحاڵ باوكی و منداڵەكەمان سواری ئۆتۆمبێل كرد و ئاگاداری یەك دوو خزممان كردەوە و (ئازاد) تەلەفۆنی بۆ برایەكی كرد كە بە ئۆتۆمبێلی خۆی ژن و منداڵەكانمان ببەنەوە و ناونیشانی شوێنەكەمان بە وردی دانێ و ئەوان خەریكی گەڕاندنەوەی خاو و خێزانەكان بوون و ئێمەش چووینە نەخۆشخانە و منداڵەكەمان بردە قاوشی فریاكەوتن. دوای ئەوەی پزیشكەكان پشكنینێكی منداڵەكەیان كرد و وتیان: كاكە ئەو منداڵە هیچی نییە و ساغ و سەلامەتە. بڕۆن بیبەنەوە. راپۆرتی پزیشكیان داینێ و لە نەخۆشخانە هاتینە دەرەوە. تەلەفۆنی خۆمان بە باوكی منداڵەكە دا و وتمان: هەر كاتێ ئیشت بە ئێمە بوو تەلەفۆنمان بۆ بكە و ئێمە لە خزمەتت دەبین و چیشت پێویست بوو بۆ منداڵەكە بەسەرچاوان بۆتی جێبەجێ دەكەین؟ ئیتر بە خۆو بە راپۆرتی پزیشكییەوە رۆیشتینەوە ماڵ.
ئەنجامدانی تاوانێكی قێزەون
(جەمیل) لە سەر قسەكانی خۆی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: كە چووینەوە بە ئاسوودەییەوە گەڕاینەوە ماڵ، چونكە دڵنیا بووین لەوەی كە لەو رووداوەدا هیچ شتێكی وەها رووینەدا ببێتە مایەی نیگەرانیمان. بەڵام رۆژی دواتر (ئازاد) تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی: (جەمیل) برام وەرە بە زووترین كات بگە لام. وتم چی بووە، خێرە وا شڵەژاوی؟ وتی: كاكە باوكی منداڵەكە تەلەفۆنی بۆ كردووم و دەڵێ منداڵەكە مردووە!! منیش وتم: باشە ئاخر ئەو هیچی نەبوو، پزیشك وتی بیبەنەوە سەلامەتە كێڕا و چ زوو مرد، خۆ لە نەخۆشخانە راپۆرتی پزیشكیان پێداین. (جەمیل) وتی: ئێ كاكە راستە بەخودا منیش وامپێوت. دەڵێ: نەخێر وەڵڵا مردووە و مردووە. وەرە سەر قەبران وا بەڕێوەین بیبەینە سەر قەبران و خەریكی ناشتنین. منیش وتم باشە سەبرم لێبگرە وا دێم، ئێستاش تەلەفۆنم بۆ تۆ كرد و نازانم چی بكەم. وتم كاكە راوەستە جارێ مەچوو، من برادەرێكی پارێزەرم هەیە با پرس و رایەك بەو بكەم با بزانم ئەو چیمان پێدەڵێ و چ رێیەكمان بۆ دادەنێ. وتی: باشە، وا باشترە هەر لەگەڵی رێكبكەوی و بیكەیتە پارێزەری خۆمان و ئەو كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكات. ئەوەبوو منیش تەلەفۆنم بۆ پارێزەرەكە كرد و مەسەلەكەم بە وردی تێگەیاند و لەگەڵی رێككەوتم كە بێتە ناو كێشەكە. ئەو وتی: جارێ با (ئازاد) پێیان بڵێ: رازی نیم بە هیچ شێوەیەك تەرمی منداڵەكە بنێژن. بەهەرحاڵ منیش بە (ئازاد)م وت كە چییان پێبڵێ. ئەوەبوو باوكی منداڵەكە وتبووی: مامۆستا لەسەر ئێوە راناوەستێ و كاری خۆی هەر دەكات دوای چەند خولەكێكی تر منداڵەكە دەنێژێ و دوعا و نزای لەسەر دەخوێنێ. ئەوجا سەیر لەوەدا بوو كە بە ناوی مامۆستاش هەندێ قسەی شەرعی كرد و كە دەشمزانی ئەوانە قسەی خۆیەتی نەك هی مامۆستا، بەڵام چ بكەین ئەوە ئەو قسانە دەكات، ئیتر چەندی هەوڵمان لەگەڵی دا سوودی نەبوو. ناچار بووین بەو حاڵەوە من و (ئازاد) و پارێزەرەكە چووینە سەر قەبران. كە گەیشتینە ئەوێ رێورەسمی ناشتن خەریكی تەواو بوون بوو، خەڵكەكە لەسەر قەبری منداڵەكە راوەستابوون و دووعایان دەكرد. چووینە لای باوكی منداڵەكە و پرسیاری مردنەكەیمان لێیكرد، ئەویش یەكسەر بێسێ و دوو وتی: ئێ دیارە بە هۆی ئۆتۆمبێل لێدانەكەیەوە مرد. كاری لە هەناوی كردبوو بۆیە بە رواڵەت پێوەی دیار نەبوو، ئەگەرنا بۆ دەمرد. چەندی پێمان وت: ئاخر كاكی برا ئێمە منداڵەكەتمان بە ساغ و سەلامەتی دایەوە دەست تۆ. چۆن بوو وا زوو لە كتوپڕی مرد و بە مل ئێمەی دادەی؟ وتی: من چووزانم چۆن وا بە كتوپڕی مرد، قابیلە من علمی غەیبم پێبێت، ئەوە كاری خودایە، كو مرد ئەوها مرد. لەسەرینی ئێوەوە مردووە و من لە ئێوەی دەزانم. پارێزەرەكەمان وتی: باشە پێتیان نەوت مەینێژە، بۆچی ناشتت؟ وتی: جا بۆ بە قسەی ئێوە دەكەم منداڵی خۆمە و خۆم بڕیاردەدەم بینێژین یان نە. وتمان: باشە مادام وایە ئێمە دەچینە بنكەی پۆلیس و خۆمان رادەستی پۆلیس دەكەین و دەڵێین رووداوێكی ئەوها روویداوە. وتی: نا مەچوونە لای پۆلیس ئێمە لە نێو خۆماندا كێشەكە چارەسەر دەكەین، بە پۆلیس بێ ساڵێكی تریش پێی چارەسەر نابێ، پۆلیس چی بۆ من دەكات، با ئێمە لەناو خۆمان پێكبێین. وتمان لەسەر چی پێكبێین؟ وتی ئێوە پێنج دەفتەر دۆلار بدەنە من ئیدی منیش لێتان خۆش دەبم. تێگەیشتین مەسەلە چییە و كابرا مەبەستی چییە. بۆیە (ئازاد) وتی: برام من دەچم خۆم تەسلیمی پۆلیس دەكەم و تۆش بە یاسا چ مافێكت لەسەر من هەیە وەرە لێمی وەربگرە. هەندی وتی: پۆلیسی ناوێ و با حوكمەت تێنەگات و واباشترە لەنێو خۆماندا پێكبێین، ئەگەرنا من لێتان خۆش نابم و دوایی ئەوەی بەسەرتان بێت خۆتان لێی بەرپرسیارن، گوێمان پێنەدا. یەكسەر چووینە پۆلیسخانە و وتمان شتێكی وا هەیە، راپۆرتی پزیشكیشمان لەگەڵ خۆمان بردبوو. ئەوە بوو دوای ئەوەی لە پۆلیسخانە سەبارەت بە كێشەكە كۆنووسیان بۆ كردینەوە من و (ئازاد)یان بردە لای دادوەر و ئەویش بەوردی گوێی لێگرتین. بڕیاری دا باوكی منداڵەكە دەستگیر بكرێت و پاشانیش گۆڕی منداڵەكە هەڵدرێتەوە بۆوەی ببرێتە دادپزیشكی و تەرمەكەی توێكاری بكرێت.
ئەوە بوو هەر ئەو رۆژی باوكی منداڵەكە دەستگیركرا و بۆ بەیانی رێككارییە یاساییەكان جێبەجێ كرا و دوای چەند رۆژێك كە خەریكی ئەنجامدانی بڕیارەكانی دادوەر بوون. دەركەوت منداڵەكە بە رووداوەكە نەمردووە، بەڵكو تاوانی بەرامبەر كراوە. ئیتر ئاراستەی لێكۆڵینەوەكە گۆڕا و دەركەوت باوكی منداڵەكە لە تەماحی ئەوەی بڕە پارەیەكی دەستبكەوێت، منداڵەكەی خۆی كوشتووە و هەوڵیداوە بە ملی ئێمەیدا بێنێ؟؟ بەمجۆرە ئەو كێشەیەی كە كابرایەكی تەماحكاری بێویژدان بۆی دروستكردین بە یارمەتی دادگا و پۆلیس لە كۆڵمان بۆوە و پەندێكمان لێیوەرگرت كە ئەوەبوو: لەهەر زوڵم و زۆردارییەك كە لێتدەكرێت تەنیا و تەنیا پەنا بۆ دادگا ببە، چونكە یاسا رێگە نادات كەس مافی كەس لە خۆڕایی و بە زۆردارەكی بخوات و كەسیش ناتوانێ دەستدرێژیت بكاتە سەر.