ئافرەتـــانی فەرمانبەر منــداڵەكانیان لەكوێ دادەنێن؟

ئافرەتـــانی فەرمانبەر منــداڵەكانیان لەكوێ دادەنێن؟
هەموو ئافرەتێك كاتێك كەدەبێت بەدایك كێشەو گیروگرفتی زۆر زیاتر دەبێت لەچاو ئەو ئافرەتانەی كە هێشتا نەبوونەتە دایك و منداڵیان نەبووە، لەبەر ئەوەی كە پەروەردەكردن و بەخێوكردنی منداڵ یەكێكە لەپرۆسە هەرە قورس و گرنگەكان كە پێویستی بە هەوڵو كۆششی زۆر هەیە بۆ ئەوەی كەبتوانێت ئەومنداڵە پەروەردە بكات و بیكات بە كەسێكی ئاسایی، ئەوەی شایەنی وتەنە زۆرجار هەوڵدراوە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە فەرمانبەرن منداڵیان هەیە كێشەكانیان چارەسەربكرێت، بەڵام نەتوانراوە لەبەر ئەوەی رێژەیەكی بەرچاوی كۆمەڵگە پێكدەهێنن و ناكرێت هەموو ئافرەتانی فەرمانبەر مۆڵەتیان بدرێتێ تا منداڵەكانیان گەورە دەبێت، بەڵام نابێت لەیادیشمان بچێت چارەسەرنەكردنی كێشەكان بۆ ئافرەتانی فەرمانبەر گەورەترین قەیران بۆكۆمەڵگە دروست دەكات.
گرانی نرخی دایەنگە ئەهلییەكان گەورەترین قەیرانە كە رووبەڕوومان دەبێتەوە، بەباوەڕی خاتوو هێڤین ئەحمەد نەجیب كە فەرمانبەرە لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، ناوبراو گرانی نرخی دایەنگە ئەهلییەكان بە گەورەترین كۆسپ دەزانێ كەرووبەڕووی دایكان دەبێتەوە، چونكە ئەو نرخە لەگەڵ باری داهاتی ئاسایی مووچەی فەرمانبەراندا ناگونجێت، پێویستە ئەو نرخە كەمكرێتە بە جۆرێك كە هەموو دایكێك مووچەیەكی كەمیشی هەبێت بتوانێت منداڵەكەی لەوێ دابنێت.
دووری دایەنگەو باخچەكانی ساوایان لە فەرمانگەكانمانەوە كێشەمان بۆ دروستدەكات، بەقسەی خاتوو شەیدا صەمەد حوسێن كە ئافرەتێكی فەرمانبەرە، لەبەر ئەوەی زۆربەی باخچەی ساوایان و دایەنگەكان ئەگەر ئەهلی بن یان حكومی بن دوورن لەو فەرمانگەیانەی كەدەوامی لێدەكەین، كاتێك كە منداڵەكانمان دادەنێین و تا دەگەینە شوێنی كاركردنمان، زۆر پاش دەكەوین، تەنیا چارەسەریش بۆ ئەم مەبەستە ئەوەی كە هەوڵبدرێت لەناو زۆربەی فەرمانگەكاندا دایەنگە بكرێتەوە بۆ هەموو ئافرەتە فەرمانبەرەكان بۆ ئەوەی بتوانن منداڵەكانیان لەوێ دابنێن.
خاتوو لەیلا حوسێن عەلی: دایەنگە حكومییەكان رێژەیەكی زۆر لە منداڵان وەردەگرن و هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆیان نییە كە بتوانن وەك پێویست خزمەت بەمناڵەكان بكەن بۆیە بە هەموو فەرمانبەران ناچارن منداڵەكان بنێرنە دایەنگە ئەهلییەكان، بەرای من پێویستە كە دایەنگە حكومییەكان برەویان پێبدرێت و هەوڵبدرێت هەموو دایەنگەكان خزمەتگوزاری پێوستیان هەبێت.
زۆری دەوامی فەرمانگەكان هۆكاری دروستبوونی كێشەكانن، ئەمە قسەی خاتوو شەهناز كەمال وەلیدە كە فەرمانبەرە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا زۆری دەوامی فەرمانگەكان كێشەی زۆری بۆ هەموو ئافرەتان دروستكردووە، ئەگەر تەماشابكەین ئەو كێشانەی كە ئافرەتانی ناو فەرمانگەكان هەیانە، ئەو ئافرەتانە نیانە كە مامۆستان لەقوتابخانەكان، چونكە دەوامی رۆژانەی ئافرەتانی فەرمانبەر زۆر دوورودرێژە لە كاتژمێر (8) بەیانی بۆكاتژمێر (3) پاش نیوەڕۆیە، لەكاتێكدا ئەم ماوەیە زۆرە و وادەكات كەبەشێكی زۆری رۆژەكە ئەو ئافرەتە لە دەرەوە بێت و نەتوانێت وەك پێویست چاودێری منداڵەكانی بكات، ئەگەربێت و كاتی دەوام كەمكرێتەوە، من لەو باوەڕەدام بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر دەبن.
بوونی پشوویەكی وەرزیی بۆ فەرمانبەران پێویستە، خاتوو سەوسەن عەبدولواحید بوونی پشوویەكی وەرزی بۆ فەرمانبەران بەپێویست دەزانێ، بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتە فەرمانبەرانەی كە دایكن لەو ماوەیەدا توزێك ماندوبوونیان بڕەوێتەوەو بتوانن بەشێكی كارە سەرەكییەكانیان راپەڕێنن، هیچ نەبێت ماوەی ئەو پشووە وەرزییە كێشەی ئەوەمان نامێنێت كە منداڵەكانمان لەلای كێ و لەكوێ دابنێین.
خاتوو بەناز حەمەسەعید وەك توێژەرێكی دەروونی ئاماژەی بەوەدا كە پەروەردەكردنی منداڵ لەلایەن دایكیەوە باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ئەو منداڵە ببێتە خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێز و تۆكمە، بەپێچەوانەوە ئەگەر دایك منداڵەكەی پەروەردە نەكات و لە دایەنگەیەك دا گەورەبێت، نابێتە خاوەنی كەسایەتییەكی بەهێز و بەتوانا. لەبەر ئەوە باشترین رێگەچارە ئەوەیە كە منداڵ لەلایەن دایكیەوە گەورەبكرێت، چەند رێگەیەكی كورتیش هەیە بۆ چارەسەركردن وەك ئەوەی دەوامی ئافرەتانی فەرمانبەر كەمبكرێتەوە و چەند كاتژمێرێك یان پشووی وەرزی دابنرێت یان ئەوەتا مۆڵەتی دایكایەتی درێژبكرێتەوە، چونكە ئەمانە هەموو تاراددەیەك رۆڵدەبینن لەچارەسەركردنی كێشەكاندا.
خاتوو بەهار خدر وای دەبینێ ئەگەربێت و سیستەمێكی باش لە باخچەكانی ساوایان ودایەنگا كاندا پەیرەوە بكرێت ئەوا ئێمە كێشەمان نامێنێت و هەموومان مندالەكانمان دەنێرین، یان ئەگەر ئەوەش ناكرێت ئەتوانرێت هەوڵبدرێت نرخی باخچەكانی ساوایان ودایەنگا ئەهلیەكان بەجۆرێك بكرێت هەموومان بتوانین منداڵە كانمان بۆ ئەوێ بنێرین .
پێویستە لەناو دایەنگەو باخچەكانی ساوایاندا كەسانی پسپۆڕهەبن ئەمەقسەی خاتوو بەناز حەسەنە كەناوبراو وای بەباش دەزانی كە كەسانی پسپۆڕ شارەزا پێویستە هەبن لەو شوێنانەی مامەڵە لەگەل منداڵاندا دەكەن بەتایبەتی بوونیان لەدایەنگاو باخچەكانی ساوایاندا زۆرپێویستە تا هەموومان منداڵەكانمان لەوێ بن بەبێ كێشەو گیرگرفت.
حكوومەت پێوستە دایەنگاو باخچەی ساوایانی ئەهلی دابخات ئەمەباوەڕی خاتوو نیان عەبدوڵڵایە، ناوبراو وای دەبینی كەپێوستە هەموو دامەزراوە ئەهلیەكانی پەروەردە دابخرێن بۆئەوەی تاهەموو خەڵك ناچار بن منداڵیان بنێرنەوە بۆ دامەزراوە حكومیەكان، ئەوكات هەوڵبدرێت بایەخ بە دامەزراوە حوكمیەكان بدرێت لەرووی مادی ومەعنەویەوە.
Top