ئینتەرنێت، ماڵێك بۆ پێكەوەنانی ژیانی هاوسەرێتی

ئینتەرنێت، ماڵێك بۆ پێكەوەنانی ژیانی هاوسەرێتی
هاوسەرێتی و پێكەوەنانی ژیانێكی نوێ لە پێویستییە سەرەكی و حەتمییەكانی ژیانی مرۆڤایەتییەو خێزانیش بەیەكێك لەخانەو پێكهاتە كۆمەڵایەتییە گرنگەكانی كۆمەڵگە دادەنرێت، گەنجان و كەسانێك كە نەیانتوانیوە ژیانی هاوسەرێتی پێكەوە بنێن جا بەهەر هۆیەك بێت، ئەوا بیر لەچەندین رێگەی جۆراوجۆر دەكەنەوە بۆئەوەی بتوانن دەرگایەكیان لەو پێناوەدا لێبكرێتەوە و بەدوای ناسنامەی ونبووی خۆیاندا بگەڕێن، هەر لە مامۆستای ئایینی و هاوڕێ و خوشك و سەر رێگەی ناوەندەكانی خوێندن و نامەی سەرشاشەی كەناڵەكانی راگەیاندن و تەنانەت تا نووسینگەكانی دۆزینەوەی هاوسەر و پێكهێنانی هاوسەران بەیەكتر دەگرنەبەر.
ئینتەرنێتیش وەكو هۆكارێكی تەكنۆلۆژیای پێشكەوتوو و مۆدێرن لەسەردەمی ئێستادا وایكردووە كە بەشێك لە گەنجان بەتایبەتیش توێژی قوتابیان روو بكەنە ئەم ناوەندە ئەلكترۆنییە بۆ ئەوەی كەسێكی گونجاو بۆ ژیانی هاوسەرێتییان بدۆزنەوە هەروەك چۆن چەندەها پێگەی ئینتەرنێت هەیە كە ئەم دەرگای بە هاوسەرێتی بوونەی لە بەشداربووانی كردۆتەوەو لەو پێناوەدا هاریكارییان دەكات.
ئینتەرنێت لایەنی سلبی و ئیجابی خۆی هەیە
پێكەوەنانی خێزان لەرێگەی ئینتەرنێتەوە لایەنی سلبی و ئیجابی خۆی هەیە، لایەنە سلبیەكەی ئەوەیە كە بەهۆی ئەوەی هەریەكە لە كچ و كوڕەكە دەشێت تەواو راستگۆ نەبن لەو زانیاری و دابەزاندنی وێنەی خۆیان كە لە سایتەكە كاتێك بەهۆی ئەم ناراستگۆییەوە و لەژێر كاریگەریی جۆرێك لە خۆشەویستی یەكتر، وادەكات كاتێك بەیەك دەگەن و یەكتر دەبینن لەوانەیە جۆرێك لە ئیحراج بوون لەلایەن یەكێك یان هەردووكیانەوە دروستبێت و ئەوسا پرۆسەكە بەشێوەیەكی تر دەكەوێتەوە، لایەنە ئیجابیەكەشی ئەوەیە كە پێش ئەوەی یەكتر ببینن لەرووی ئەو سیفەتانەی كە هەیانەو بۆیەكتری ئاشكرادەكەن وادەكات كە كوڕو كچەكە خۆیان یەكلایی بكەنەوە ئەوسا لەیەكتر بچنە پێشەوە و رێگەیەكی ئاسانیشە، ئەمە بیروبۆچوونی رووخۆش محەمەد جەلالە كە وەكو پارێزەرێك قسەی بۆكردین.
تەنانەت دایك و باوكیشمان نازانن كە لەرێگەی ئینتەرنێتەوە خێزانمان پێكەوەناوە
ئاڤان ئەحمەد كەریم كە خاوەنی یەك منداڵی چاوگەشەو لەبەرئەوەی كە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ژیانی هاوسەرێتی پێكەوەناوە ویستی ناوەكەی بە خوازراویی بڵاوبكەینەوە، بۆیە ناوی خوازراومان بۆداناوە، ئێمەش سەرەتا پرسیاری ئەوەمان لێكرد بۆچی داوای ئەوە دەكەیت كە ناوەكەت خوازراو بیت، وتی بەداخەوە لەوڵاتی ئێمە ئەگەر بزانن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە شووم كردووە، ئەوا بەچاوێكی دیكەوە تەماشام دەكەن، تائێستاش تەنیا خۆم و هاوسەرم بەمكارە دەزانین، تەنانەت دایك و باوك و خێزانەكانیشمان نازانن، هەروەها وتیشی پێوەندی خۆشەویستیمان زۆر باشە و تائێستاش كە وردە كێشەشمان هەبووبێت پێوەندی بەوەوە نەبووە كە لە رێگە ئینتەرنێتەوە بەیەك گەشتووین، لەپرسیاری ئەوەشدا كە لەسەرەتای یەكترناسینەوە تاكو بەیەكگەشتن چەندجار لەرێگەی ئینتەرنێتەوە زانیاریتان گۆڕیوەتەوە، لەوەڵامدا وتی: بە تەواوی لە خەیاڵم نییە، بەڵام نزیكەی 8 تا 12 جار پێوەندی ئینتەرنێتمان هەبووە، چونكە هیچمان لەماڵەوە ئینتەرنێتمان نەبوو، ئەگەرنا لەوانەیە بە چوار پێنج جار تەواوبووینایە.
هەر رۆژێك كە دێت بۆ بازاڕ پێوەندیم پێوەدەكات كە بچین بۆ ئینتەرنێت
گەنجێكی تەمەن 17ساڵ بەناوی ئاكۆ كەریم رەحیم كە قوتابی پۆلی 11ی ئامادەیی هەواری شار بوو، بەزەردەخەنەیەكەوە لە بینای سەنتەری ئینتەرنێتی شار دەهاتە خوارەوە، یەكسەر پرسیاری ئەوەم لێكرد خێرە ئەوەندە دڵت خۆشە، وتی: بۆ دڵم خۆش نەبێت 6 جارە دێم بۆ ئەم ئینتەرنێتە ئەمڕۆ رازیبووە، وتم كێ رازیبووە؟ وتی كچێكی رووحسووكی دراوسێمان هەیە كە بەهۆی ئەوەی دایك و باوكی نەخۆشیی سەرجێگەیان هەیەو وازی لەخوێندن هێناوەو خەریكی دروومانی جلوبەرگە جا هەر رۆژێك كە دێت بۆ بازاڕ بۆ كڕینی كەلوپەلی ئیشەكەی، ئەوا پێوەندیم پێوەدەكات كە بچین بۆ ئینتەرنێت، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە بۆچی دوای شەش جار ئەوسا رازیبوو؟ وتی، لەبەرئەوەی كە دایك و باوكی نەخۆشن رازی نەدەبوو بەوەی كە شوو بكات، هەرچەند ئێمەش لە ئێستادا خێزان پێكەوە نانێین، بەڵكو برایەكی كچەكە لە وڵاتانی دەرەوەیەو بەنیازە ئەمساڵ بێتەوەو دایك و باوكی بباتە لای خۆی و خۆشەویستەكەشم بگەڕێتەوە بۆ خوێندن و ئەوسا ئێمەش كاری جددی لەسەر بكەین و تا ئەو كاتەش منیش دەچمە زانكۆ و پۆلی شەشیش دەبڕم.
هەر كێشەیەك لەنێوان ئەو دوو هاوسەرەدا رووبدات، ئەوا گلەیی لەكەس ناكەن
ئێستا وایلێهاتووە كە كەمتر لەجاران خەڵكان و كەسانی تایبەت هەوڵی ئەوەت بۆبدەن كەسێكت بۆبدۆزنەوە بۆ ژیانی هاوسەرایەتی لەبەرئەوەی بەهەر كەسێك دەڵێیت وەڵامەكەی ئەوەیە كە بارودۆخی ئێستای كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكە كە متمانەم بە كوڕان و كچان نەماوە تاكو لەوپێناوەدا كاریان بۆبكەم، ئەمە وتەی فەرهاد ئیبراهیمی تەمەن 35ساڵی كاسبكارە لەیەكێك لە بازاڕەكانی شاری سلێمانی كە بەهۆی بەرپرسیارێتی زۆری ژیانەوە نەیتوانیوە تائێستا خێزان پێكەوەنێت، سەبارەت بە گرتنەبەری رێگەی ئینتەرنێت بۆ پێكەوانانی خێزان وتی «من بە رێگەیەكی باشی دەزانم لەبەرئەوەی زۆر بێ منەتەو لەكاتێكیشدا كە هەر كێشەیەك لەنێوان ئەو دوو هاوسەرەدا رووبدات، ئەوا گلەیی لەكەس ناكەن و تەنیا خۆشیان بەرپرسیار دەبن و هەموو كاتێكیش ئامادەیەو دەتوانیت پەنای بۆببەیت».
ئەگەر كچ بۆخۆی عاقڵ بێت و پرس و راوێژی بە دایك و باوكی هەبێت دەشتوانێت لەرێگەی ئینتەرنێتەوە ئەوكارە، بكات ئەمە باوەڕی قادر ئەحمەد رەشیدی كارگوزارەو خاوەنی 5 كچە، هەروەها پێیوایە كە گرنگ ئەوەیە بتوانن ژیانێك بگوزەرێنن كە دوایی پەشیمان نەبنەوەو ئێمەش گلەییان لێنەكەین ئەگینا وەكو ئەوەی كە من زانیاریم هەیە لەسەر ئینتەرنێت و باوكانی تریش هەیانبوایە، ئەوا رێگریی لەم رێگەیە نەدەكراو من وەكو خۆم ئامادەم كچەكەم لەرێگەی ئینتەرنێتەوە هاوسەری خۆیان بدۆزنەوە، بەڵام وەكو وتم بزانێت چۆن مامەڵە دەكات و من ئەم رێگەیەم پێ باشترە وەك لەوەی لێرەو لەوێ لەبەرچاوی خەڵك دانیشن و ببنە جێگەی گومانی خەڵكی.
گرنگ راستگۆیی و متمانەیە
صادق سەعید محەمەد كە دەرچووی بەشی كۆمەڵایەتی زانكۆی بەغدایە و ئێستا بۆ تەواوكردنی خوێندنی ماستەر لەوڵاتی بەریتانیایە لەرێگەی ئیمێلەوە بۆچوونی خۆی خستەڕوو و وتی: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم لەبەرئەوەی پێكەوەنانی خێزان پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی گرنگە دەبێت گەنجەكان بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرەتای پێكەوەنانی خێزان دەكەن و پەلە نەكەن لە دەستنیشانكردنی هاوسەری داهاتوویان، ئینتەرنێتیش وەكو هۆكارێكی گەیەنەری راز و نیازی كچ و كوڕ بەیەكتری بۆئەوەی پێكەوە لەماڵێكدا كۆببنەوە رێگەیەكی خراپ نییە بەو مەرجەی نەبێتە هۆی ئەوەی ناڕاستگۆیی بەیەكتر بكەن و تەنیا لە پێناوی كات بەسەربردن ئەم رێگەیە بگرنە بەر، چونكە دەشێت گەنجێك هەبێت تەنیا مەبەستی ئەوە بێت كە كاتی خۆی بەسەر بەرێت و هەرگیز ئامادەیی پێكەوەنانی خێزانی تیا نییە، بەڵام دەستی دەستی بە گەنجانی تر دەگات، لە وڵاتی بەریتانیاش ئەم رێگەیە بەكاردەهێنرێت، بەڵام كچی ئێرە زۆر بەدوای متمانەو راستگۆیی بەرامبەرەكانیاندا دەگەڕێن.
لە10%ی گەنجان خاوەنی ئینتەرنێتی خۆیان نین لە ماڵەوە
لەبەردەم سەرای سلێمانی كە هەمیشە جێگەی كۆبوونەوەی گەنجانەو بەتایبەتیش مامۆستایان، یەكێك لەو مامۆستایانەی كە تەمەنی 34ساڵ بوو هێشتا ژیانی هاوسەرێتی پێكەوە نەنابوو بەناوی زانا محەمەد عوسمان، زۆر بێئومێدبوو و باوەڕی وابوو كە ئینتەرنێت ساڕێژی بێ هاوسەری ناكات و بەئەسەفەوە باسی لە بێمتمانەیی بەرامبەرەكانی دەكرد و دەیوت: گەنجی ئێمە زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستە رۆشنبیریەی بە متمانەوە مامەڵەیەكی گونجاو لەگەڵ ئینتەرنێت بكات بۆ پێكەوەنانی خێزان، ئەمە جگە لەوەی كە لە10%ی گەنجان خاوەنی ئینتەرنێتی خۆیان نین لە ماڵەوە.
Top