سحـرو جـادوو لەهـــــــەولـێر بۆتـە دیـاردە
February 20, 2011
کۆمەڵایەتی
دیاردەی سیحر ئەمڕۆ لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر بەربڵاوەو تەنانەت لەلای هەندێك لە تاكەكانی كۆمەڵگە بۆتە نەریتێكی رۆژانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە ئەم دیاردەیە نەك كێشەیە، بەڵكو لەكێشەش ترسناكترە، چونكە چەندین ماڵ و خێزان وێران دەكات من نامەوێت بەدرێژی ئێستا قسەی لەسەربكەم و دەمەوێت لە ریپۆرتاژێكدا بابەتەكە شیبكەمەوە.
سەرەتای ریپۆرتاژەكەدا چاوم كەوت بە یەكێك لەو كەسانەی كە توانیویەتی رێژەیەكی زۆری ئافرەتان وەها لێبكات پەنای بۆبەرن، ناوبراو بەناوێكی خوازراوەوە بە(ئەیوب) خۆی ناساند.
ئەیوب ئاماژەی بەوەدا كە رێژەیەكی زۆری ئافرەتان لەشاری هەولێر رۆژانە رووی تێدەكەن و ئەو ماوەیەكی زۆرە ئەم كارە دەكات، بەڵام ماوەی چوارساڵە كارەكەی زۆر ناساندوێتی و داهاتی باشی بۆدابینكردووە و ناوبراو لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ماوەی دوو(2) ساڵ لە ئێران ژیاوە و فێری ئەم كارە بووە و دواتر گەڕاوەتەوە، لە كۆتایی ساڵانی نەوەتەكاندا ویستوێتی ئەم كارە بكات و وەك جادووكەرێك سوود لەكارەكەی وەربگرێت، بەڵام لەو كاتەدا رەوشی كۆمەڵایەتی زۆر لەبار نەبووە بۆ ئەنجامدانی كاری جادووگەری، بۆیە كارەكەی تاڕاددەیەك بەنهێنی كردووە، بەڵام ماوەی چوارساڵە بەقسەی خۆی كارەكەی زۆر سەركەوتووانە ئەنجام دەدات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە دوو جۆر جادوو كردن هەیە، یەكێكیان (سحر الاسود) ئەوتریان (سحر الابیض)ـە جۆری یەكەمیان كە بەجادووی رەش (سحر الاسود) ناسراوە ئەنجامدانی زۆر زەحمەتەو نرخەكەشی گرانەو زۆر زەحمەتیش پێشكەش بە ئافرەتەكان دەكرێت كە سەردانم دەكەن، چونكە كاتێكی زۆری پێویستە بۆئەنجامدانی و پێویستی بەكۆمەڵێك ئامڕازی تایبەتی نادیاری رۆحانی هەیە و رێژەیەكی كەمیش لە ئافرەتان پەنای بۆدەبەن، چونكە زۆریان بەگوناهی دەزانن و ئەمجۆرەیان زیاتر بۆئەنجامدانی كاری ناڕەوا دەكرێت وەك ئەوەی هەندێك جار پیاو هاتوونە بۆ لام داوایان لێكردوم دەبێت بەختی ئافرەتیان بۆ رەشبكە تا ئەو كچانە شوو نەكەن و پارەی زۆرم پێشكەش دەكەن و دەڵێن دەبێت كارێكی وەهامان بۆبكەیت كە ئەو كچانە بەختیان رەشبێت یان جار هەبووە بە(سحر الاسود) ژنم بەتەڵاقدان داوەو خێزانم لەبەر یەكتری هەڵوەشاندووە و هەندێك جار ئافرەت هاتوون و داوای بەخت رەشكردنی ئافرەتی تریان كردووە، بەڵام جۆری دووەمیان كە بەجادووی سپی (سحر الابیض) ناسراوە رێژەیەكی زۆر لە ئافرەتان رۆژانە پەنای بۆدەبەن، ئەم جۆرەیان وەك نوشتە كردن دێت كە بۆ زۆربەی شتەكان ئافرەتان دەیكەن وەك ئەوەی بۆ ئەوەی كە دڵی مێردەكانیان نەرم بێت لەگەڵیاندا یان بۆ ئەوەی كە كارێكیان بۆئاسان بكرێت یان هەندێك جار بۆ كردنەوەی نسیب بۆ كوڕو بۆ كچ دێنە لام منیش بۆیان ئەنجام دەدەم و زۆر جار ئافرەت هاتوون داوایان لێكردووم نوشتەیان بۆ بكەم منداڵیان ببێت یان هەندێكیان هاتوون داوای نوشتەیەكیان كردووە بۆئەوەی مێردەكەیان لێیان نەدات، زیاتر ئەمانە داوای ئافرەتانن. بەڵام داوای پیاوان جیاوازە وەك ئەوەی هەندێك جار كوڕ دێن داوای نوشتە دەكەن بۆئەوەی كەكچێك پێیان رازیبێت و شوویان پێبكات، یان زۆر جار دایك هاتووە نوشتەی كردووە كوڕەكەی بەقسەی بكات و كێشە نەكات لەماڵەوە، ناوبراو وتیشی لەماوەی ئەم چوار ساڵەی دواییدا رێژەی ئەو كەسانەی پەنادەبەنە بەر سحر و جادوو زۆر زیادی كردووە بەجۆرێك ئەگەر ئەو رێژەیە بەراورد بكەیت لەگەڵ سەرەتای ساڵانی(2000) دا بەڕێژەی دەقات زیادی كردووە. ناوبراو وتی: لە ساڵی (2002) ویستم ئەمكارە بكەم لەماوەی شەش مانگدا تەنیا چوار ئافرەت هاتن بۆ لام ئەوەندە خەڵك كەمدەهاتن تەنانەت هەتا نزیك ساڵی (2005) هەربەم شێوەیەبوو، بەڵام ئێستا رێژەی ئەوكەسانەی كەسەردانم دەكەن زۆر زیادی كردووە، رۆژهەیە دە تا پانزە ئافرەت و دە تا دوانزە پیاویش دێن كەئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەخەڵك زۆر باوەڕیان بەم شتانە هەیەو لەهەموو شتێك زیاتر پەنای بۆ دەبەن، چونكە كێشەكان زۆرن خەڵكیش پەنا بۆ ئەم دەهێنن.
هەرلەوێ چاوم بەئافرەتێك كەوت ئەویش خۆی بە خاتوو (س) پێناساندین، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو زۆر باوەڕی بە نوشتەكردن هەیەو تەنانەت زۆرجار دێت و دەیكات لەبەر ئەوەی كە ئەو پێشتر هاوسەرەكەی بەقسەی دایكی بە بەردەوامی ئازاری ئەمی داوەو زۆر لەگەڵیدا خراپ بووە، بەهۆی برادەرێكیەوە هاتۆتە لای ئەم كابرایەو نووشتەی كردووە ئێستا هاوسەرەكەی زۆر باشبووە لەگەڵیدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئێستا هاوسەرەكەی زۆر بەقسەی دەكات و ئەمیش مانگانە سەردانی ئەم پیاوە دەكات و نوشتەی بۆدەكات و بڕێك پارەی باش پێشكەشی ئەم پیاوە دەكات، هەر لەوێ چاوم بە كچێكی تر كەوت كە یەكەم جاری بوو دەهات و هۆی هاتنی بۆ لای ئەم كابرایە ئەوەیە كە ئەو قەیرە كچە و تەمەنی نزیكەی (45) ساڵە، بە وتەی خۆی كە وتی هەستدەكات لەلایەن خزمەكانیەوە بەختی بەسترابێتەوە، چونكە تائێستا هەركەسێك هاتبێت بۆداوای ئەم كێشەیەك روویداوە و تێكچۆتەوە، هیوادارم ئەمجارەیان كێشەكەم چارەبێت، پاشان ژنێكی بەتەمەنم بینی كە دەهاتە دەرەوە وتی: من كێشەكەم لەوەدایە كە نۆ كوڕم هەیەو كەسیان بەقسەم ناكەن هاتووم كە نوشتەیەكم بۆبكەن بۆ ئەوەی شیرین بم لەلای ئەو كوڕانە.
هەر لەوێ چاوم بەخانمێكی شۆخو شەنگ كەوت كە لەگەڵ دایكیدا هاتبوون بۆلای ئەم جادووگەرە، ناوبراو پێی راگەیاندم كە بەشێكی زۆری خزم و كەسەكانیان بەهۆی ئەم جادووكەرەوە توانیویانە شووبكەن، لەبەر ئەوەی كە ئێستا ئەمیش تەمەنی نزیكەی 38 ساڵەو تائێستا كەس نەهاتووە بۆداوای لەبەر ئەوە هاتووە پارچەیەك زێڕی پێشكەش بەو جادووگەرە كردووە هەتا بەختی بۆبكاتەوە.
خاتوو بەناز ئەحمەد وەك توێژەرێكی دەروونی ئاماژەی بەوەدا كەدیاردەی سیحر و جادوو لەناو هەموو كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا بوونی هەیە بەتایبەت ئەو كۆمەڵگەیانەی كەئاستی رۆشنبیری تاكەكانیان نزمە كە كۆمەڵگەی ئێمەش یەكێكە لەوان، لەبەر ئەوە شتێكی ئاسایییە كە ریژەیەكی بەرچاوی ئافرەتان بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان روو لەم كەسانە بكەن، هەرچەندە بەڕای خۆم ئەم كەسانە ناتوانن دەستكاری هەندێك شتی غەیبی بكەن، بەڵام دەتوانن هەندێك شت وەك چاوبەست پێشكەش بەهاووڵاتیان بكەن و وا لە خەڵكانێك بكەن كە سەردانیان بكات.
مامۆستا حەكیم عەبدولكەریم وەك دەرچوویەكی كۆلیژی شەریعە و شارەزایەك لە خوێندنی ئیسلامی ئاماژەی بەوەدا كە سیحر و جادوو مێژوویەكی دێرینیان لەگەڵ مرۆڤەكاندا هەبووە و بەر لەهاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش زۆر خەڵك متمانەیان پێی هەبووە، بەڵام ئەمڕۆش لەكوردستان رێژەیەكی بەرچاو خەڵك پەنای بۆ دەبات، بێگومان ئەمەش لەبەر ئەوەی كە ئاستی رۆشنبیری خەڵك زۆر نزمەو باوەڕی ئایینیشیان لاوازبووە، لەهەمانكاتدا ناتوانین بڵێین ئەو جادووگەرانە هیچیان پێناكرێت، بەڵكو لەهەموو سەردەمێكداو تەنانەت دەقە ئایینییەكانیش ئاماژەیان بە رۆڵی جادووگەرەكان داوە لەجێبەجێكردنی كارەكاندا، بەڵام مرۆڤی موسڵمان دەبێت خۆی لەجادووكردن بەدووربگرێت و نەهێلێت تووشی ئەوشتانەبێت.
من لە كۆتایدا وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی چەند سەرنج و تێبینیەكم هەیە دەمەوێت بیخەمە بەردەم ئێوەی بەڕێز:
1ــ دیاردەی سیحر و جادووكردن بەهەموو جۆرەكانیەوە ئەمڕۆ لەزیادبووندایە، بەشێوەیەكی بەردەوام روو لەرێژەیەكی زۆر بەرز دەكات.
2ــ دیاردەی سیحر و جادووكردن مەترسییەكی گەورەی لەسەر ژیانی تاك و كۆمەڵگە هەیە، چونكە هەندێك جار دەبێتە هۆی تێكدانی شێرازەی ژیانی تاك.
3ــ هۆكاری ئەم زیادبوونە بەردەوامەی دیاردەی سیحر و جادووكردن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا كێشەو گیرو گرفتەكان بە هۆی زۆری داواكاری لەسەر پێداویستییەكان بە بەردەوامی روو لە زیادبوونن كە ئەمەش وادەكات هەندێك لە تاكەكان پەنابەرنە بەر ئەم كارە.
4ــ نەبوونی رۆشنبیری خودی لەلای تاكی كورد یەكێكە لەسەرەكیترین هۆكار كە وادەكات تاك پەنا بباتە بەر ئەم دیاردەیە، چونكە ئەگەر تاك هزری رۆشنبیری هەبێت پەنا بۆ ئەم دیاردەیە نابات.
5ــ پێویستە هەوڵبدرێت لەدەزگاكانی راگەیاندن و سەنتەرە رۆشنبیرییەكان هەڵمەتێكی جیدی دەستپێبكەن بۆ بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە.
ئا: دیار سالار