حـــەزكــردنــی ئــافـرەتـانی دووگیان بۆ زانینی ڕەگەزی كۆرپەلە
April 18, 2011
کۆمەڵایەتی
كاتێك كچ دەچێتە قۆناغی هاوسەرگیری سكی دەبێت. زوو حەز دەكات بزانێت منداڵی یەكەمی كچە یان كوڕە، چونكە یەكەم منداڵیەتی. هەروەها پسپۆرانی بواری سۆنەر ئاماژە بەوە دەدەن كە ژنانی سكپڕ زۆر پەلە دەكەن بۆ سۆنەر كردن و لە مانگی یەكەمی سكپڕییانەوە سەردانی پزیشكی ئەو بوارە دەكەن، زۆرجاریش گوشار دەخەنە سەر پزیشكان كە زوو ئەنجامی سۆنەرەكەیان بۆ ئاشكرا بكات. سەبارەت بەم بابەتە بەپێویستمان زانی ڕاو بۆچوونی چەند كەسانێك وەربگرین.
تاقیگەكانی سۆنەر رۆژانە جمەی دێت لەو ژنە دوو گیانانەی دەیانەوێ زوو نهێنی نێو سكیان بزانن و پزیشكێكی سۆنەریش بەپێی قسەی دكتۆرە ڕوخۆش كەپسپۆری نەخۆشیەكانی ئافرەتانە دەڵێت «ژنان هەر لە یەكەم مانگی سكپڕیانەوە دێن بۆ سۆنەر تا بزانن كۆرپەكەی نێو سكیان كوڕە یان كچ «لە كاتێكدا بە چوار مانگ رەگەزی كۆرپەلە بەهۆی ئامێری سۆنەر دەردەكەوێ». ئامێری سۆنەریش ئامێرێكە جگە لەوەی چەندین حاڵەتی نەخۆشی لەوانەش بوونی بەرد لە گورچیلە و چەند نەخۆشییەكی دیكە دەستنیشان دەكات، لە هەمانكاتدا ئەو دەزگەیە دەتوانێ رەگەزی كۆرپەلەی نێو سكی دایكیش لە مانگەكانی سەرەتای سكپڕییەوە دەستنیشان بكات.
ئەگەرمنداڵەكە دانیشتبێت ئەوكاتە باشتر دەردەكەوێت كچە یان كوڕە
دكتۆرە رووخۆش ئاماژەی بەوەشدا «لەكۆمەڵگەی نەجاتی خێرخوازی، رۆژانە چەندین سۆنەر بۆ ژنان ئەنجام دەدات و شارەزاییەكی باشی لە هەڵسوكەوت و سروشتی ئەو ژنانە پەیدا كردووە كە بۆ سۆنەر كردن سەردانی دەكەن. ئەو پزیشكە دەڵێت «زۆربەی ژنان لەمانگی یەكەمەوە دێن بۆ سۆنەر كردن تا بزانن ئەوەی نێو سكیان كوڕە یان كچە، بەڵام بەپێی پێوەری پزیشكی تا سكەكە نەبێتە چوار مانگ نازانرێ كوڕە یان كچ، بەڵام جاری وا هەیە ئەگەر منداڵەكە باش دانیشتبێت زووتر لەو كاتە دەردەكەوێت، رۆژانە 25 سۆنەر بۆ ئافرەتان دەكەین».
ئافرەت هەیە ئەگەر بزانێت منداڵەكەی ناوسكی كچە رەنگە هەوڵ بدات لەباری بچووێنێ، یان گوێ ناداتە تەندروستی كۆرپەكەی
دكتۆرە ڕووخۆش وەك باسی دەكات و دەڵێت «ژنان ئێستا زۆر بەپەلە لە سۆنەر كردن دەكەن، حەز دەكەن هەرچی زووە ئەنجامەكەیان پێ بڵێی، زۆربەیان ئەگەر پێیان بڵێی سكەكەت كچە روویان گرژ دەبێ و پێیان ناخۆش دەبێ». زۆرجار ئەوان ناچار دەبن كە ئەنجامی راست بە ژنەكە نەڵێن «چونكە ئەگەر راستییەكەیان پێ بڵێین بە تایبەتیش ئەوانەی حەز ناكەن كچیان ببێ، تووشی دوو دڵی دەبن، باری دەروونیان دەشڵەژێ، ئەوەش كاریگەری لەسەر كۆرپەلە دەبێ، بەڵام ئەوان بە سۆنەرێك دڵیان ئاو ناخواتەوەو لە چەندین شوێن سۆنەر دەكەن بۆ ئەوەی ئافرەتی دووگیان خەم نەخوات یان دڵ تەنگ نەبێت، رەنگە ببێتە هۆی لەبارچوونی منداڵەكە، بەڵام زۆر داوامان لێ دەكەن پێیان بڵێن. بۆ كوڕ واناكات خۆی رێكتر دەكات ئەمەش كارێكی زۆر خراپە دەی كەین، بەڵام ئافرەتیش هەبووە هاتووە زۆر حەزی كردووە كچی ببێت».
هەندێكجاریش ئافرەت هەیە هەزار سوێند دەخوات دەڵێن بەخودای ئێمە دڵتەنگ نابین ئەگەر كچ بێت، یان دەڵێن ئێمە لە نەخۆشخانە ناچینە دەرەوە ئەنجامەكەمان نەدەیتێ، یاخود دەڵێیت ئێمە دەزانین سكەكەمان كچە، بەس هەر حەز دەكەین سۆنەر بكەین. كە راستییەكەیان پێ دەڵێی پێی دڵتەنگ دەبن».
هەر چەندە ژنان پتر حەز لە كچ دەكەن، بەڵام ئەو ژنانەی بۆ ئێمە دوان و پسپۆرانی بواری سۆنەریش ئاماژە بەوە دەدەن، كە ژنانی ئێستا زیاتر حەز دەكەن كوڕیان ببێ نەك كچ
شوكوریە قادر، هەر كاتێك دوو گیان ببێ، ئەگەر بزانێ كۆرپەكەی نێو سكی كوڕە زۆر پێی دڵخۆش دەبێ، بەڵام ئەگەر كچ بێ وا نییە. ئەو ژنە كە 8 ساڵە شووی كردووەو ئێستا 3 منداڵی هەیە (2 كوڕ و 1 كچ) چوار مانگیشە دووگیانە. لەیلا لە یەكەم مانگی دوو گیانییەكەی چووەتە لای دكتۆر بۆ ئەوەی بزانێ منداڵەكەی نێو سكی چییە، بەڵام دكتۆر پێیوتووە بڕۆ دوای چوار مانگی دیكە وەرەوە، ئەو دوای ماوەیەك چاوەڕوانی سۆنەری كردووەو لەبارەی ئەنجامەكەی وتی «ئەگەر دكتۆر بیوتبایە كوڕە لە خۆشیان دەفڕیم، بەڵام كە وتی كچە زۆر پێی دڵتەنگ بووم، هەرچەندە هاوسەرەكەشم لای ئاساییەو جیاوازی ناكات، تازە چی بكەم خوا داویەتی، دەبێ سوپاسی خوا بكەم و ئێستا یەكسان بوون لەگەڵ كوڕەكان».
ژنان لەبەر پەلە كردن متمانەیان بە پزیشكانی كورد نەماوەو شەڕ لەگەڵ ئامێری سۆنەر دەكەن و حەز دەكەن لە یەكەم رۆژی دوو گیان بوونیان بزانن كوڕیان هەڵگرتووە یان كچ. تامان جەمال، كە دوو مانگە دووگیانە و لە نەخۆشخانەی رزگاری نۆرەی گرتبوو بۆ سۆنەر كردن، كەوتە گلەیی كردن لە پزیشكی كوردو وتی «تا ئێستا زیاتر لە 20 جار سۆنەرم كردووە دكتۆرەكان دەڵێن جارێ هیچ دیار نییە، بەڵام دكتۆری ئێمە هیچ نازانن، دكتۆری ئەوروپا لە 25 رۆژی بۆیان دەردەكەوێت كە كوڕە یان كچە». ئەو ژنە وتیشی «دڵم دەوەستێ تا بزانم كۆرپەكەم كوڕە یان كچ».
زۆربەی ئافرەتان لەبەر دڵی منداڵە تاقانەكانیان دەچن یان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی منداڵە تازەكانیان
خاتوو ساماڵ محەمەد یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە 11 ساڵە ژیانی هاوسەری پێك هێناوەو خاوەنی 2 كچە دەڵێت «لەهەردوو سكم چووم بۆ سۆنەركردن، یەكەمیان لە 7 مانگی چووم لەبەر ئەوەی ئەو كاتی وا گرنگی بە سۆنەر نەدەدرا، حەزیشم لێبوو بێم بڵێن كچە، چونكە كچم خۆش دەوێت، بەڵام ژن هەیە لەیەكەم مانگی دووگیانییەكەی سۆنار دەكات و كۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی كوڕیان دەوێ زۆربەی ئافرەتەكان دەڵێن لەبەر پیاوەكانیان سۆنەر دەكەن، چونكە ئەوان دەیانەوێ بزانن كوڕە یان كچە».
هاوسەرەكەشم زۆر زۆری پێ خۆش بوو كە كچ بێ، دووەمیش كچ بوو من هەر یەك منداڵم دەویست، كچەكەم هانی دام كە كچی دووەمم ببێ هەر كات چاوی بەمنداڵ دەكەوت دەگریاو دەیگوت منیش برایەك یان خوشكێكم دەوێ، سۆنارەكانی هەولێریش باشن تاقیگەكان عەیبیان نییە».
خاتوو سامالأ دوو گیانەو دەڵێت «كە سۆنارم كرد دكتۆرە وتی سكت هەیە، ئەو كات پێم ناخۆش بوو، چونكە خۆم نەساغ بووم و بەگومان بووم لە ساغی منداڵەكەم دكتۆرەش بۆ دڵنیا بوون زوو زوو دەیناردم بۆ سۆنەرو پشكنین، من وەك خۆم حەزم نەدەكرد سۆنار بكەم، بەڵام دكتۆرە ناردمی لەوە دەترسام سەقەت بێ و نەمدەپرسی كچە یان كوڕە من تەنیا دەمویست بزانم تەواوە یان نا هەر لەبەر كچەكەم پرسیم كوڕە یان كچە ئەو زۆری پێ خۆش بوو خوشكێكی لەگەڵ بێت».
زۆربەی ئافرەتان چێژ لەزانینی نهێنی سكیان وەردەگرن، مەرج نییە لایان كوڕە یان كچە
دەریا ماوەی 6 ساڵە شووی كردووەو خاوەنی 2 كوڕە، ئەو دەڵێت «كاتێك دووگیان دەبم دەچم بۆ سۆناركردن بۆلای دكتۆر، هەردووجاریش سۆنارم راست دەرچووە، دكتۆر پێی وتم كوڕە هەرچەندە حەزم لە كچە بەڵام هەر پێی دڵ خۆش بووم. هاوسەرەكەشم بەلای گرنگ نەبووە چ كوڕ بێ چ كچ بێ، بەڵام هەر دڵ خۆش بووە، چونكە منداڵ خۆشەویستە. سۆناركردن كردن لای ئێمە هەندێك جار راستە و هەندێ جار بەپێچەوانەوە دەردەچێ، بەڵام زۆربەشیان راستن».