پۆشینی جلی كوردی لەڕۆژانی نــــەورۆز هێمای كوردایەتیە

پۆشینی جلی كوردی لەڕۆژانی نــــەورۆز هێمای كوردایەتیە
پۆشینی جلی كوردی لەڕۆژانی نــــەورۆز هێمای كوردایەتیە
لەهەموو جیهان هەر وڵاتە و خاوەنی كەلتورو جلوبەرگی خۆیانن، كوردستانیش وەكو هەموو وڵاتان خاوەنی كەلتورو داب و نەریت خۆیانن بەتایبەتی لەجلوبەرگ كەخاوەن ستایلێكی جوان و جیاوازن، كە لەڕۆژانی جەژن و بۆنەكان هەموویان جلی كوردی دەپۆشن بەتایبەتی لەڕۆژی جەژنی نەورۆز بۆ سەیران بەشێوەیەكی ڕەنگاو ڕەنگ جلی كوردی دەپۆشن، ئەمەش جوانیەكی تایبەت دەبەخشێت، بۆ ئەمساڵیش بەرگدروو كوتاڵ فرۆشەكان دەڵێن ئەمساڵ زۆرترین خەڵك جلی كوردی كڕیوە، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم ڕۆژێكی تایبەت كرد بەپۆشینی جلی كوردی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كورد خاوەنی جلوبەرگی خۆیەتی، بۆ ئەم بابەتە ڕاوبۆچوونی چەند كەسێكمان وەرگرتووە.
ئافرەت بەجلی كوردیەوە جوانە
چنار عەلی قوتابی زانكۆیە و دەڵێت «ئەگەر سەیر بكەین داپیرە گەورەی هەموومان جلی كوردی پۆشیوە، كەچی ئێستا جلی كوردی پۆشین تەنیا بۆ بۆنەكانە، ئەو كچە دەشڵێ، زۆر حەزدەكەم هەموو كات جلی كوردی بپۆشم، بەڵام ناتوانم لەبەر ئەوەی دەوامم هەیە. چنار ئەوەش دەخاتەڕوو كە حەزدەكات هەموو ساڵێك جۆرە ستایلێك بكات بەجلی كوردی و گۆڕانكاری بەسەر جلی كوردیدا بكات.
ڕۆزە كەمال تەمەن 24 ساڵ و كچی ماڵەوەیەو دەڵێت «زۆر حەز لەپۆشینی جلی كوردی دەكەم بەردەوام بۆ ماڵەوەش دەیپۆشم، چونكە ئافرەتی كورد بەجلی كوردیەوە جوانە، هەموو مانگێك دووجار جلی كوردی تازە دەكڕم بەتایبەتی بۆ بۆنەو جەژنەكان قوماشی گرانبەها دەكڕم بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە جلەكانم شتێكی تازەو جوان بن. ڕۆزە وتیشی «تائێستا نازانم چەند جلی كوردیم هەیە، چونكە ژمارەیان گەلێك زۆرە و زیاتریش حەز لەمۆدێلی كۆن دەكەم نەوەك ئەو مۆدێلانەی ئێستا پەیدابوونە.
ئەگەر كەسێك جلی كوردی نەبێت وەك ئەوە وایە كە نەورۆزی نەكردبێت
كەبیرە عومەر بەرگدرووی ئافرەتانە لەبازاڕی كاردۆ وتی: بەدرێژایی ساڵ خەڵكانێك هەن كەجلی كوردی دەپۆشن و بەردەوام جلی تازە دەكەن، بەڵام لەمانگی ئادارو نەورۆزدا ڕێژەیەكی بەرچاو ئافرەتان جلی كوردی دەكڕن و دەپۆشن، لەم مانگەدا ئەمساڵ لەهەموو ساڵەكانی تر ئافرەتان جلی كوردیان بەدروین دا، چونكە ئەمساڵ لەهەموو دامودەزگاكاندا جلی كوردیان پۆشی بۆ ڕۆژی هەشتی مارس و زۆربەی ئەوانەی كەجلی كوردی دەكەن لەم مانگەدا گەنجن.
ئەسعەد خەیات: خاوەنی بەرگدرووی بەیروتە هەمان ڕای «كەبیرە»ی هەیەو دەڵێت: ببێگومان بەدرێژایی ساڵ ئارەزوومەندی جلی كوردی هەیە، بەڵام لەبەهاران و بۆنەكاندا زیاتر دەبێت بەجۆرێك نەورۆزان سەرجەم ئافرەتان جلی كوردی دەدورن، وەك دەوترێت ئەگەر كەسێك جلی كوردی نەبێت وەك ئەوە وایە كە نەورۆزی نەكردبێت.
ئەمساڵ زیاتر مۆدیلی جلی كوردی كلاسیكە
ئەسعەد خەیات سەبارەت بەستایلی جلی كوردی وتی «ئێمە خاوەنی دەوڵەمەترین ستایلین و هەرناوچەیەك خاوەنی چەند جۆرە ستایلێكە، ئەگەر ئێمەش تەماشا بكەین زیاتر پشت بەو ستایلانە دەبەستین كە بێژەر و هونەمەندەكان دەیانەوێت، چونكە هەر بێژەرێك یان هونەرمەندێك ستایلێكی نوێی هەیە، خەڵكیش چاو لەو مۆدیلانە دەكات كە ئەوان دەیانەوێت. «كەبیرە» پێشیوایە گۆڕانكاری بەسەر سەرجەم جلی كوردی هاتووە و دەڵێت «گۆڕانكاریەكان تەنیا لەچەند شتێكی سادە دایە، بەڵام ئەمساڵ زۆرترین داواكاری هەیە لەسەر جلی كوردی ڕەسەن بەپێچەوانەی ساڵەكانی تر، چونكە پارساڵ زیاتر ستایلی مۆدە بەجلی كوردیدا دەبینرا كەچی ئەمساڵ زیاتر مۆدیلی جلی كوردی كلاسیكە. هەر سەبارەت بەم باسە «بارزان» خاوەنی كۆگای ڕۆزا لەقەیسەری گەورە دەڵێت «لەنەورۆزدا جلی كوردی زۆر دەفرۆشرێت، چونكە بۆتە نەریتێكی كوردی و خەڵك لەم جەژنە جلی كوردی دەپۆشێت، هەروەها ئەوانەی كەدێن جلی كوردی دەكڕن تەمەنیان هەرزەكار یان گەنج و بگرە منداڵیش، بۆ ئەمساڵیش زۆرتر مۆدێلی ڕەنگی سور و پەمەییە. «هیمداد عوسمان» خاوەنی كوتاڵ فرۆشە لەنێو قەیسەری و وتی «بەدرێژایی ساڵ جلی كوردی دەفرۆشرێت و زیادو كەمی هەیە لەبەهاراندا، كڕیاری قوماشی جلی كوردی زیارترە لەوەرزەكانی تر، وەرزەكانی تریش هەیە كەچی وەكو وەرزی بەهار نییە. هیمداد ئەوەش دەخاتەڕوو لەم وەرزەدا نرخی كوتاڵەكان گۆڕانكاری بەسەر دانەیەت.
حەزدەكەم بۆ كاتی دەوامیش جلی كوردی بپۆشم
كەمال ئەحمەد تەمەن 30 ساڵ، هەموو ساڵێك بۆ جەژنی نەورۆز جلی كوردی تازە دەكڕێت و دەڵێت «جلی كوردی نیشانەی نەتەوایەتیە هەموو ساڵێك بۆ جەژنی نەورۆز جلی كوردی تازە دەكڕم لەگەڵ بۆنەكانی تر، چونكە نەورۆز بەجلی كوردیەوە جوانە. كەمال ئاماژە بەوەش دەدا حەز دەكات جلی كوردی بۆ كاتی دەوامیش بپۆشرێت نەك تەنیا بۆ نەورۆز.
جلی كوردی پیاوانە تاڕاددەیەك كەمبۆتەوە
ئیسماعیل ئەمین خاوەنی دوكانی كوتاڵی پیاوانە سەبارەت بەفرۆشتنی كوتاڵی جلی كوردی پیاوان دەڵێت «بەدرێژایی ساڵ پیاوانی بەتەمەن كوتاڵی جلی كوردی دەكڕن، بەڵام لەبەهاراندا سەرجەم پیاوان كوتاڵی جلی كوردی دەكڕن، جا لەهەر تەمەنێك و پیشەیەك بن، زۆربەی ڕەنگەكانیش و بۆگەنجەكان ڕەنگی قاوەیی خاكی زۆر مۆدیلیەتی و بۆ پیرەكانیش هەركەسەو ڕەنگێك. دواتر «سلێمان عەلی» بەرگدرووی جلی پیاوان لەبازاڕی قەیسەری دەڵێت: ئێستا جلی كوردی پیاوانە تاڕاددەیەك كەمبۆتەوە، چونكە كەمتر پیاوان لەبەری دەكەن، ئەمەش وایكردووە بەدرێژایی ساڵ ئێمە هەست بەوەبكەین كە كڕیارمان كەمە، بەڵام لەم مانگەدا كڕیارمان زۆربوو و هەروەها لەڕۆژی هەشتی مارسدا سەرجەم فەرمانبەران و قوتابیان جلی كوردیان پۆشی، ئەمە بێجگە لەوەی لەمانگی ئازاردا بۆنەكان زۆرن بەتایبەتی جەژنی نەورۆز و یادەكانی ئازار و ڕاپەڕین كە زۆربەی پیاوان جلی كوردی دەدورن.
Top