بۆ ئەوەی چیدیكە خانمان نەچەوسێندرێنەوە پێویستەوە بەرهێنان لە كچاندابكرێت

بۆ ئەوەی چیدیكە خانمان نەچەوسێندرێنەوە پێویستەوە بەرهێنان لە كچاندابكرێت
نەهێشتنی هێڵی خوار هەژاری و بەشدارییەكی ماناداری كچان لەو بڕیارانەی كە كاریگەری لەسەر پرسی ئەوان هەیە، دەبێتە هۆكاری سەرەكی بۆ شكاندنی جیاوازیی رەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەبێتە رێكارێكیش بۆ گەشەسەندن و پاراستنێكی تەواویان، هەروەها كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەبێت و ددانپێدانانێك دەبێت بۆ بەهێزبوونی كچان و پێویستبوونی بەشداریكردنیان لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیار و رێگری لە هەر جۆرە چەوساندنەوەیەكی ئافرەت دەكات. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لەو بارەیەوە راوسەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سنۆبەر سابیر رەشید ئەندامی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئافرەت قوتابخانەیەكە بۆ پەروەردەكردن و بەرهەمهێنانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، هەر بۆیە نەوە تا نەوە رۆڵی گەورەی لە پێشكەوتن و بەرەوپیشچوونی هەر كۆمەڵگەیەكدا هەیە. ئافرەتانیش هەتا هۆشیارتر و رۆشنبیرتر بن، ئەوا باشتر بە ئەركەكەیان هەڵدەستن و هۆشیارانەتر ئەندامانی خێزان پەروەردە دەكەن. هەر ئەوەش وا دەكات، دایك كچەكەی متمانەی زیاتری بە خۆی هەبێت و درك بە ماف و ئەركەكانی بكات و بە گرنگییەوە بڕوانێتە رۆڵ و پێگەی خۆی و كارامەیی خۆی لە كۆمەڵگەدا بسەلمێنێت. بۆیە دەبینین تا دایك رۆشنبیرتر بێت، چاوكراوەتر دەبێت و بە ئاستێكی زۆر باشتر لەگەڵ منداڵەكانی مامەڵە دەكات. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئافرەتان نەخوێندەوار و ناهۆشیار بن، ئەوا ناتوانن كچانی بەتوانا و خاوەن كەسایەتی دروست بكەن، بەشێوەیەكی گشتی جگە لە رۆڵی دایك، رۆڵ و كاریگەریی راگەیاندن و رێكخراوەكانی ئافرەتان و دامودەزگا و ناوەندەكانی خوێندن و دەزگا و ئۆرگانە حزبی و حكوومییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان رۆڵی گرنگ دەبینن، لە پەروەردەكردن و پێشكەوتنی كچان و ئامادەكردنیان بۆ ئەوەی رۆڵی كاریگەریان لە كۆمەڵگەدا هەبێت.» هاوكات دەڵێت: «ئەگەر بمانەوێ كۆمەڵگەیەكی هۆشیار و تەندروستمان هەبێت، دەبێت ئافرەت رۆڵی خۆی هەبێت و كاری جددی لە سەر هۆشیاری و رۆشنبیریی كچان بكرێت، بەمەش كۆمەڵگەیەكی تەندروست بەرهەم دێت.
لەیلا دیوبەند، چالاكی مەدەنییە و رایوایە: «خێزان، یان بنەماڵە، یەكەم وێستگە و یەكەم قوتابخانەیە كە چارەنووسی تاكی بە راددەیەكی زۆر تێدا دیاری دەكرێت. هەروەها لە خێزانیشدا دایك رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوە لە چنینی تان و پۆی كەسایەتیی مناڵەكانی بەگشتی و كچ بەتایبەتی دەگێڕێت. لە خێزانێكدا كە كوڕ و كچ لە هەموو بوار و رەهەندێكدا وەك یەك خرانە بەر پەروەردە و راهێنان، بێگومان كچانیش دەتوانن وەك براكانیان رۆڵی كارا لە جومگە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەدا بگێڕن، پێچەوانەكەشی واتە هەڵاواردن و پەراوێزخستنی كچ لە خێزاندا و بە ناچاری قبووڵكردنی هێژمونی و ئۆتۆریتەی نێرینە، تەنیا ماڵوێرانی و گۆشەگیری و لەدەسدانی متمانە و ئازاددیی ماددی و مەعنەویی ئافرەتی لێ دەكەوێتەوە.» گوتیشی:» كۆمەڵگەی پێشكەوتوو پوتانسیەلەكانی كۆمەڵگە لە شوێن و بواری خویدا بەكار دەهێنێت. بە بێ بەشدارییەكی چالاكانەی ژن لە كایە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا، ئەستەمە كۆمەڵگە رووی خۆشی و پێشكەوتن بە خۆیەوە ببینێت. بۆیە نە عەیبە و نە كەموكورتییە ئەگەر لە هەندێك رووەوە خەڵكی ئێمەش فاكت لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان وەربگرن. ساپۆرتی ئافرەت لە خێزاندا گەرەنتی هاتنە گۆڕێی ژیانێكی ئازاد و بەختەوەر و كۆمەڵگەیەكی مرۆڤسالار دەكات.» وەك دوا وتەشی گوتی: «من خێزان بە بەرپرسیاری یەكەم دەزانم و لە خێزانیشدا دایك لە پێش هەمووانەوە، لەبەر ئەوەی دایك ئەركی پەروەردەكردنی منداڵ لە یەكەم قۆناغی ژیانیەوە دەكەوێتە ئەستۆی و دەبێت بە شێوازێكی ئینسانی و سەردەمیانە و بە چەسپاندنی یەكسانیی رەگەزی منداڵی خۆی پەروەردە بكات. دایكانی كورد توانیویانە لە چەقی كۆمەڵگەی عەشایری و سوننەتیدا كچان و ژنانی وەك قەدەمخێر و حەپسەخان و لەیلا زانا و.. سەدان ئافرەتی ئازا و كاریگەر لە كۆمەڵگەدا پێ بگەیەنن، كەوابوو خێزان دەتوانێت رۆڵی بنەڕەتیی لە پێگەیاندنی كچی وەبەرهێنەر و كاریگەردا هەبێت.»
تەرزە حسێن كارگێڕی لیژنەی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەمڕۆ مەسەلەی ئافرەت لە سەرتاسەری دنیادا یەك مەسەلەی ئەسڵیی كۆمەڵگەی بەشەرییە كە هەموو كۆمەڵگە و وڵاتە جۆراوجۆرەكانی گرتۆتەوە، هەر لەم سەری ڕۆژهەڵاتەوە تا ئەوسەری ڕۆژئاوا. گومان لەوەدا نییە هەر وڵاتێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە، مافەكانی ئافرەتیش مافی جیهانین و رەنگی پێست و قەومییەت و سنوور ناناسێت. بەڵام بەداخەوە ئافرەت لە وڵاتانی دواكەوتوودا بە كوردستانیشەوە ئەوەندە لە مافە سەرەتاییەكانی مەحرووم و بێبەشە كە ژیانی پڕ بووە لە نەهامەتی و مەینەتی و چەوساندنەوە و ئەوەش وایكردووە كچی وەبەرهێن بە دەگمەن دەر بكەون. دیارە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا بە هۆی كاریگەریی ئایینی و دابونەریتی دواكەوتوو و كۆنەپەرسەتی و خراپیی یاساكان دۆخی مافەكانی ئافرەت لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و بەردەوام مافەكانیان پێشێل دەكرێت. بۆیە دەبێت كاری زۆر زیاتر لە سەر پەروەردەی دروستی كچان بكرێت، بۆ ئەوەی سەرپەرشتێكی نموونەیی بن بۆ خێزان و لە داهاتوودا دایكێكی هوشیار بن بۆ منداڵەكانیان و هەر دایكانیشن كە بە پەروەردەی دروستی منداڵەكانیان كۆمەڵگەیەك سەرپێ دەخەن. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە كە لە پڕۆسەی كۆمەڵایەتیدا لە هەموو قۆناغەكان و بەتایبەتیش لە قۆناغی تازەپێگەیشتنی كچاندا گرنگیی زۆریان پێ بدەین، چونكە كچان لە قۆناغی تازەپێگەیشتن زۆرترین وزەیان هەیە و پێویستییان بە ئاراستەكردنێكی ئەرێنییانەی كۆمەڵایەتی هەیە. كە دەڵێن بەهەشت لە ژێر پێی دایكاندایە، واتە ئافرەت گەورەترین و پیرۆزترین دیاریی خودایە، گەورەیی ئەم دیارییە ئەوەیە كە دەبێتە دایك و منداڵ پەروەردە دەكات، دایكیش هەرچی وشیارتر بێت، جیاوازیی لە نێوان كچ و كوڕی خۆی ناكات و رۆڵەی وشیار و بەتوانا پێشكەشی كۆمەڵگە دەكات و دەرفەتی سەركەوتنیان بۆ دروست دەكات. كێشەی سەرەكیی ئێمە لەم كۆمەڵگەیە ئەوەیە كە ئاستی وشیاریی تاكەكانمان كەمە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریتە باوەكانمان و پێویستە كاری هەمە لایەن بكەین بۆ ئەوەی بتوانین كچی بەتوانا و وەبەرهێنمان هەبێت.»
تەرزە حسێن لە كۆتایی ئاخافتنەكەیدا دەڵێت: «هەمیشە گەشبینم بە پاڵپشتیكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مسرور بارزانی كە رۆڵێكی بەرچاویان لە بواری داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان هەبووە، دروستكردنی ئایندەیەكی باش و شیاو بۆ كچانمان كاری دایك و باوك و حكومەت و میدیاكان و رێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومییە و تەنیا بە لایەنێك ناكرێت، هەروەها پێویستی بە بە یاسا و بەرنامەڕێژیی وردبینانە هەیە. تەنانەت پێویستە مافی یەكسان و یەكسانیی رەگەزی ببێتە وانەیەكی بنچینەیی لە بواری پەروەردە و كچان وا پەروەردە بكرێن كە خۆیان بە هاوشانی كوڕان بزان و كوڕانیش هەمان تێڕاونینیان هەبێت، نەك بە پلە دووی كۆمەڵگە سەیریان بكەن، لە هەموو كاتێكیشدا دەبێت لە رێگەی یاساوە ژیانی ئافرەت پارێزراو بێت.»
Top