عێراق داوا لە فەرەنسا دەكات پارە گیراوەكانی ئازاد بكات

عێراق داوا لە فەرەنسا دەكات پارە گیراوەكانی ئازاد بكات
وەزیری دادی عێراق، سالار عەبدولستار محەمەد، ئەمڕۆ چوارشەممە داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا كرد، ئەو گوژمە پارانەی حكومەتی عێراق، كە لە لایەن حكومەتی فەرەنساوە راگیراون ئازاد بكرێن.

لە رایگەیاندراوێكی وەزارەتی دادی عێراق ھاتووە، وەزیری داد، سالار عەبدولستار محەمەد لە میانی دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی فەره‌نسا لە عێراق، برۆنۆ ئۆبیر و كۆنسول لۆك سبیبرۆك و شاندی یاوەریان باسیان لە پەیوەندییەكانی دوولایەنەیان و چۆنییەتی پەرپێدان و بەھێزكردنی ئەو پەیوەندییانەیان كردووە.

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە، "عێراق ھەوڵ دەدات ئاسۆیەكی نوێ بكاتەوە لە ھاوكاری ھاوبەش، بەتایبەتی لە ئەگەری واژووكردنی یادشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن یان ھاوكاری لە بواری یاسایی و ئاڵوگۆڕكردنی شارەزایی لە نێوان وەزارەتی دادی عێراقی و فەرەنسایی لە ئایندەیەكی نزیكدا".

وەزیری داد عێراقی روونیكردووەتەوە، لەگەڵ لایەنی فەرەنسایی باسی ئازادكردنی ئەو گوژمە پارانەی سەر بە حكومەتی عێراقی كردووە، كە لە لایەن حكومەتی فەرەنساوە دەستیان بەسەرداگیراوە و داوای گەڕاندنەوەیان كردووە، ھەرچەند بڕیارێك ھەیە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئازادكردنی ئەو گوژمە پارانە.
k24 -
Top