دەستەی حەشدی شەعبی: هیچ جووڵەیەكی سەربازیمان لە بەغدا ئەنجام نەداوە

دەستەی حەشدی شەعبی: هیچ جووڵەیەكی سەربازیمان لە بەغدا ئەنجام نەداوە
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هێزەكانیان بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەجوڵێندرێن و رەتیدەکاتەوە، هیچ جووڵەیەكی سەربازییان لە بەغدا ئەنجام دابێت.

لە راگەیێندراوێکدا دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت "هێزەكانی حەشدی شەعبی بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەجوڵێندرێن؛ لیواكانی حەشدیش بە ژمارە ناویان دەبرێت نەك بە ناوی دیكە، تەنانەت بەڕێوەبەرایەتییەكانیشی ناوی فەرمی و ناسراویان هەیە".

راگەیێندراوەکە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-03-2021 لە شاری بەغدا چەكدارانی بزووتنەوەی رەبعوڵڵا نمایشێكی سەربازییان ئەنجامدا.

رەبعوڵڵا راگەیێندراوێكی لەبارەی رەوشی ئێستای عێراق بڵاوكردەوە و تیایدا ستایشی ئەو پەرلەمانتارانەی كرد كە داوای كەمكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراق دەكەن، هۆشداریشی دایە ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بە مەبەست پەسندكردنی بودجە دوادەخەن لەپێناو دەستكەوتی تایبەتی و هۆشداریشیدا لە تێپەڕاندنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.

لەوبارەیەوە لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان رایگەیاند، "تووشی شۆك بووین كاتێك ئەو نمایشە سەربازییە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە.

خەفاجی ئاماژەی بەوەش کرد "دیاردەی چەكداری كۆتاییهاتووە؛ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداش بە كاری پێویست هەستاوە و هەوڵە هەواڵگری و ئەمنییەكانی بۆ هۆكارەكانی ئەنجامدانی ئەو نمایشە دەستپێكردووە و لە چەند كاژێری داهاتووشدا راگەیێندراومان لەوبارەیەوە دەبێت".
rudaw -
Top