لێژنەیەکی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق لە بارەی بەھای دینار کۆ دەبنەوە

لێژنەیەکی پەرلەمان و وەزیری دارایی عێراق لە بارەی بەھای دینار کۆ دەبنەوە
لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق و وەزیری دارایی ئەو وڵاتە لەبارەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، کۆ دەبنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە کیشەکانی بەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دابەزاندنی بەھای دینار و جێگیرکردنیەتی لە پرۆژەیاساکەدا.

بڕیارە ئەمرۆ شەممە 27-3-2021، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی کۆ ببێتەوە و تاوتوێی بەهای دینار و چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی دابەزاندنی بەهای دینار، بکەن.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق ناڕەزایی خۆیان لە دابەزاندنی بەهای دینار نیشان داوە و داوا دەکەن پەرلەمان بەهای دیناری وڵاتەکەیان بەرامبەر دۆلار، بەرز بکاتەوە، لەکاتێکدا دیاریکردنی بەهای دینار تەنیا لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی عێراقدایە.

محەمەد شەبەكی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، پێویستە لیژنەیەكی ھاوبەش لەنێوان حكومەت و پەرلەمان پێكبھێندرێت، تاوەكو بتوانن خوێندنەوەیەک بۆ بەھای دینار بكەن و بە ئەنجامێک، کە لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت، دەربچن.

رۆژی یەکشەممە 20-12-2020، بانکی ناوەندیی عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری وڵاتەکەی دا و بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە 122 هەزارەوە گەیاندە 147 هەزار دینار و لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراقیشدا، بەها بەرزکراوەکەی دینار چەسپێندراوە.






باسنيوز
Top