لێژنەی دارایی: پرۆژەیاسای بودجە بەهۆی داواکارییەکانی پەرلەمانتاران پەسەند ناکرێت

لێژنەی دارایی: پرۆژەیاسای بودجە بەهۆی داواکارییەکانی پەرلەمانتاران پەسەند ناکرێت
لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، بەهۆی داواکارییەکانی بەشێک لە پەرلەمانتاران، پەسەند ناکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 27-3-2021، جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە (سۆمەرییە نیوز)ی راگەیاندووە، پەرلەمانی عێراق رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە.

جەمال کۆچەر هەروەها رایگەیاندووە، چەندین هەڵوێستی دژ بەیەک لە پەرلەمانی عێراقدا هەن و هەندێک لایەن هەن نایانەوێ پرۆژەیاسای بودجە تێپەڕێندرێت.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی، ئەوەی باودۆخەکەی سەختتر کردووە داواکاریی بەشێک لە پەرلەمانتارانە، کە بەجێهێنانی ئەو داواکارییانە نە لە دەسەڵاتی لێژنەی داراییدایە و نە لە دەسەڵاتی پەرلەمانیش.

جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو پەرلەمانتارانە لە داواکاریی خۆیان پاشگەز نابنەوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردووەتە مەرجی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق.

چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و دەنگدان بە بودجەش، هەروەک جەمال کۆچەر رایگەیاندووە، ”پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و پێویستیی بە چەندین دانیشتن دەبێت“.

بەشێک لەپەرلەمانتاران، بەتایبەت پەرلەمانتارانی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، داوا دەکەن بەهای دینار بەرز بکرێتەوە و لە پرۆژەیاسای بودجەدا بچەسپێندرێت و ئەو بەرزکردنەوەی بەهایەیان کردووە بە مەرجی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە.

ئەو داواکارییەی ئەو پەرلەمانتارانە لەکاتێکدایە، کە دیاریکردنی بەهای دینار تەنیا لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی عێراقە، چونکە بەپێی دەستوور، ئەو بانکە خاوەن دەسەڵاتی سەربەخۆیە.

رۆژی یەکشەممە 20-12-2020، بانکی ناوەندیی عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری وڵاتەکەی دا و بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە 122 هەزارەوە گەیاندە 147 هەزار دینار و لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراقیشدا، بەها بەرزکراوەکەی دینار چەسپێندراوە.

بریاربوو ئەمرۆ شەممە 27-3-2021 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە کۆ ببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی یەکشەممە (سبەی)، دواخرا.




باسنيوز
Top