ئەمریكا بڕیارێكی تایبەتی لەبارەی عێراقەوە دەركرد

ئەمریكا بڕیارێكی تایبەتی لەبارەی عێراقەوە دەركرد
ئەمڕۆ چوارشەممە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رای گەیاند وڵاتەكەی ڕیزپەڕی بۆ عێراق كردووە لەبارەی گەمارۆكانی سەر ئێران و مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەتی تاران، تا لە ماوەی 120 ڕۆژی داهاتوودا پارەی كڕینی كارەبا بە ئێران بدات.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە تا ئێستا حكوومەتی عێراق ڕۆژانە وزەی كارەبا لە ئێران دەكڕێت، ئەمەش سەرباری ئەوەی لە چەند كابینەی ڕابردووی حكوومەتەكانی عێراقدا، دەیان ملیار دۆلار بۆ پرۆژەكانی بەرهەمهێنان و چاككردنی كەرتی كارەبا تەرخان كراون.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراقیشەوە بە تۆڕی هەواڵی "رووسیا تودەی" راگەیاندووە كە وڵاتەكەی بۆ جارێكی تریش لەلایەن ئەمریكاوە ڕیزپەڕی بۆ كراوە و ١٢٠ ڕۆژی هەیە تا پارەی كڕینی وزەی كارەبا بە ئێران بدات.

جێی باسە ئەمریكا لە چەند ساڵی رابردوودا بە شێوەی بەردەوام گوشاری كردووەتە سەر كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكوومەتی عێراق تا هەوڵ بدەن لەناوخۆدا وزەی كارەبا بەرهەم بهێنن و چیتر پشت بە ئێران نەبەستن، بەڵام تا ئێستا عێراق بۆ دابینكردنی سێیەكی پێداویستییەكانی لە غاز و كارەبا، پشت بە ئێران دەبەستێت.
bas news -
Top