سەرۆكی ھەرێم نامەیەك ئاراستەی عێراقییەكان دەكات و ھۆشداری لە گرووپەكانی دەرەوەی یاسا دەدات

سەرۆكی ھەرێم نامەیەك ئاراستەی عێراقییەكان دەكات و ھۆشداری لە گرووپەكانی دەرەوەی یاسا دەدات
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، نامەیەكی ئاراستەی سیاسییە عێراقییەكان كرد و رایگەیاند، گەلی عێراق "زۆری چه‌شتووە و شایه‌نی ژیانێكی باشترن، عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەنده‌ بە سەرچاوە سرووشتی و مرۆییەكان، بابه‌ته‌كه‌ بەس نەوت و غاز نییە".

لە دوای دیداری لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن، لە پاریس، نێچیرڤان بارزانی لە نامەیەكیدا، كە ئاراستەی عێراقییەكانی كرد لە میانی چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی "الحرة" گوتی: "بە ھەموو سیاسییە عێراقییەكان دەڵێم، كاتی ئەوە ھاتووە بەیەكەوە دانیشین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لە رووی سیاسییەوە، بەمەبەستی دابینكردنی ئایندەیەكی باشتر بۆ وڵات، چونكە، گەلی عێراق زۆری چه‌شتووە و شایه‌نی باشترن".

لە دیدارەكەیدا لەگەڵ كەناڵی "الحرة"، سەرۆكی ھەرێم سەبارەت بە دانوستانەكانی ئێستای بودجەی عێراق گوتی: "ھەڵبەتە ئەوە بۆ ئێمە گرنگە، رێككەوتنێك كراوە لە نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا، ئومێد دەكەین جێبەجێبكرێت".

گوتیشی: "گرنگە ھەموو عێراقییەكان بزانن، كەوا ھەرێمی كوردستان ھۆكاری تێنەپەڕاندنی بودجە نییە، ھەرێمی كوردستان وەك چۆن دەیەوێت ھەولێر و سلێمانی پێشبكەون، دەیەوێت پێشكەوتن لە ناسرییە، كەربەلا، نەجەف، رومادی، مووسڵ و تەواوی شوێنەكانی دیكەش ھەبێت".

نێچیرڤان بارزانی باسی ئەو ھەڕەشانەشی كرد، كە تاكو ئێستا رێكخراوی داعش لە عێراقی دەكات و گوتی: "هه‌ڵبه‌ته‌ داعش ھێشتا ھەڕەشەیەكی ئەمنی جددیە لە سەر تەواوی عێراق، لە میانی گفتوگۆماندا لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن، جەختمانكردەوە لەوەی پرسی داعش ھێشتا ھەڕەشەیە لە سەر سەقامگیری عێراق و ئاسایشه‌كەی".

گوتیشی: "سەبارەت بە پرسیارتان لەبارەی گرووپەكانی دەرەوەی یاسا، ئێمە ھەر لایەنێكی دەرەوەی یاسا بە ھەڕەشە دەزانین نەك تەنھا لەسەر ھەرێمی كوردستان، بەڵكو لەسەر تەواوی عێراق و لەسەر سەقامگیری عێراق، لەو بڕوایەداین، كە دەبێت چەك لە دەست دەوڵەتدا بێت و پێویستە ئەوە لە چوارچێوەی یاسادا رێكبخرێت".

سەرۆكی ھەرێم، نیگه‌رانی خۆی دەربڕی لە ھەوڵی ھەندێك لایەن بو شلەژاندنی سەقامگیری عێراق و گوتی: "ئێمە بە شێوەیەكی گشتی زۆر نیگه‌رانین لەو لایەنانەی ھەوڵ دەدەن كاربكەن بۆ تێكدانی ئەمن و سەقامگیری عێراق و لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسادا كاردەكەن، لە ھەمان كاتدا، لەو بڕوایەداین ئەو جۆرە رەفتارانە خزمەت بە سەقامگیری عێراق ناكه‌ن، بۆیە دەبێت ھەموومان لەم پرسه‌دا ھەڵوێستمان ھەبێت".

لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی واژووكردنی چەند رێككەوتنێك لەنێوان كۆمپانیای تۆتالی فەرەنسایی و عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "یەكەم، ئێمە دڵخۆشین بەوە، چونكە ئەمڕۆ كێشەی گەورەی عێراق، پرسی دابینكردنی كارەبایە، وەك خزمەتێك كە پێشكەش بە گەلی عێراقی بكرێت، ئێمە زۆر دڵخۆشین بەو رێككەوتنە و ئومێد دەكەین جێبەجێبكرێت و ببێتە سەرەتایەك بۆ پێشكەشكردنی خزمەتی باشتر بۆ تەواوی عێراقییەكان".

روونیشیكردەوە، "ساڵانە قەبارەیه‌كی زۆر گەورەی غاز بە فیڕۆ دەچێت، لە ھەمان كاتیشدا عێراق ناچارە كارەبا و غاز لە دەوڵەتانی دراوسێی بكڕێت، ئێمە پیرۆزبایی لە وەزارەتی نەوتی عێراقی دەكەین و پیرۆزبایی لە رێزدار مستەفا كازمی دەكەین و ئومێد دەكەین، ئەو رێككەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ بەرژەوەندی تەواوی عێراقییەكان".

نێچیرڤان بارزانی جەختیكردەوە، "ئێمە وا دەبینین پێشكەوتنی بەسرە، كەربەلا، نەجەف و ئەنبار پێشكەوتنی كوردستانە، و ھەر پرۆژەیەك ببێتە مایەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ عێراقییەكان لە ھەر شوێنێك بێت، بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشییە".

سەرۆكی ھەرێم، جەختیكردەوە، فەرەنسا رۆڵێكی گرنگی ھەیە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەروەھا لە عێراقیش، "فەرەنسا بەشێكە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ھاریكاریكردنی عێراق دژ بە داعش، لە رووی سیاسییەوەش بەردەوام پشتیوانی لە سەقامگیری عێراق دەكات".

نێچیرڤان بارازنی گوتی: لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ماكرۆن ئەنجامیدا، "جەخت لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ كراوەتەوە، یەكەمییان داعش و ھەڕەشە تیرۆریستییەكان و سەرۆك ماكرۆن جەختیكردەوە لەسەر پشتیوانیكردنی عێراق و ھەرێمی كوردستان و سەقامگیری ئەمنییان".

گوتیشی: پێشتر ماكرۆن سەردانی عێراقی كردووە و دوێنی، "جەختیكردەوە لەو رۆڵەی كە دەتوانێت بیگێڕێت لە سەقامگیری عێراق لە رووی سیاسی و ھەروەھا ئەمنییه‌وه‌".

سەرۆكی ھەرێم ئاماژەشیكرد، ماكرۆن "پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و گەلی كوردستان كرد بە بۆنەی سەردانە سەركەوتووەكەی قداسەتی پاپا"، كە سەردانی عێراق و ھەرێمی كوردستانی كرد و چاوی بە گشت پێكھاتەكان كەوت و جەختیكردەوە، "عێراق وڵاتی پێكەوە ژیانی تەواوی پێكھاتەكانە" و گوتی: "ئومێد دەكەین ئەو سەردانە ببێتە مایەی خێر و دەرگای نوێی دیكە به‌ڕووی عێراقدا بكاته‌وە".

سەرچاوە: "الحرة"
k24 -
Top