واشنتن رێگا بە عێراق دەدات بۆ ماوەی 4 مانگی دیكە بەردەوام بێت لە ھاوردەكردنی وزەی ئێرانی

واشنتن رێگا بە عێراق دەدات بۆ ماوەی 4 مانگی دیكە بەردەوام بێت لە ھاوردەكردنی وزەی ئێرانی
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان رەزامەندی دا بە درێژكردنەوەی لێخۆشبوون لە عێراق لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون لە بواری ھاوردەكردنی وزە بۆ ماوەی چوار مانگی دیكە، ئەمەش یەكەم لێخۆشبوونە لە سایەی ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، "جۆ بایدن"ەوە، كە درێژترین ماوەشە یاسا رێگەی پێبدات.

بەپێی ئەو لێخۆشبوونە نوێیەی ئیدارەی بایدن داویەتی بە بەغدا، عێراق دەتوانێت بەردەوام بێت لە ھاوردەكردنی كارەبا و غاز لە ھاوسێ رۆژھەڵاتیەكەی بۆ ماوەی چوار مانگی دیكە، واتە لەسەرەتای نیسانەوە تا سەرەتای مانگی ئابی داھاتوو، وەك كە بەرپرسێكی عێراقی روونیكردووەوە.

بە پێی ئاژانسەكە ئیدارەی بایدن دەیەوێت بەو ھەنگاوە دەستی ھاریكاری بۆ حكومەتی عێراق درێژ بكات، پێش دەستپێكردنەوە "دانوستانی ستراتیجی" لە نێوانیاندا، كە بڕیارە بەڕێگای ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە گەڕێكی دیكە لە 7ی نیسان دەستپێبكاتەوە.

سەرچاوە رۆژئاوایی و عێراقییەكان رایانگەیاند، بەرپرسانی عێراقی گلۆپی سەوزیان بۆ پێكراوە بۆ ئازادكردنی پارە شایستەكانی ئێران، كە گوژمەكەی 2 ملیار دۆلارە بەرامبەر بە ھاوردەكانی غاز بەڕێگای بانكێكی سوێسری.

سەرچاوە: فرانس پرێس
k24 -
Top