"بەغدا بە فەرمی جەختی لە یاساییبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان كردەوە"

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق و شارەزای دارایی ڕای دەگەیەنێت، بە پەسەندكردنی پشکی هەرێمی کوردستان، بەغدا و پەرلەمانی عێراق بە فەرمی جەختیان لە یاساییبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "چەندینجار پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دواکەوت، بەڵام لە كۆتاییدا توانرا دانیشتنەکە بکرێ و ماددەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ پەسند بکرێ".
جەختیشی كردەوە: ”لە یاساکەدا 12.67%ی پشکی هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە".

لەمبارەیەوە نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لێژنەی دارایی ڕاگەیاند: "ئەوەی جێگیر کراوە لە بودجەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان شتێکی باشە و جەختكردنەوەیە لە یاساییبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان".

ڕوونیشی كردەوە: ”لە 2014وە بەغدا دژی ئەوە بووە کە هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، ئێستا ئەوەی کراوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ داننان بە پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەس چیتر ناتوانێت لە دژی بێت".

نەجیبە نەجیب پێیوایە "لە چەند خاڵێکدا لە بڕگەکانی ماددە 11 باسی هەماهەنگیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە، هەروەها هەماهەنگیی دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولاش باسکراوە، شتێکی باشە و دانپێدانانێكی راستەوخۆیە بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کە بەپێی دەستوور پێشتر دەسەڵاتەكانی پێدراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕێکەوتنەی کراوە لە ڕووی سیاسی بۆ هەردوو حکوومەت گرنگە، بە تایبەتیش "بۆ چارەسەركردنی کێشەکانی دیكەی هەرێمی کوردستان و بەغدا گرنگە، وەك کێشەی بازرگانی و پارەی گەنمی جووتیاران و زۆر بابەتیتر، هەروەها دەرفەتێکی باشە بۆ بەهێزبوونی پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەندامەکەی پێشووی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەختی کردەوە لەپاڵ ڕێكکەوتنی هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەتوانێت ئیدارەیەکی باشی خۆی بدات و پشت بەخۆی ببەستێت. گوتیشی: "80%ی بودجەی 2021 دەبێتە بنەما بۆ بودجەی 2022 و بودجەی 2023، ئەوەش زۆر کێشه لە کۆڵ هەولێر و بەغدا دەکاتەوە".
basnews-
Top