عێراق و سعودیە پێنج رێككەوتننامە واژۆ دەكەن

عێراق و سعودیە پێنج رێككەوتننامە واژۆ دەكەن
سەرۆكوەزیرانی عێراق و جێنشینی شای سعودیە پێنج رێككەوتننامەیان لە بوارە جیاجیاکاندا واژۆ کرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودی "واس" رایگەیاند "ئەمڕۆ چوارشەمە 31-03-2021 بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و محەممەد بن سەلمان، جێنشینی شای سعودیە، عێراق و سعودیە پێنج رێككەوتننامەیان لە بوارە جیاجیاكاندا واژۆ كرد".

پێشتر دیوانی شاهانەی سعودیە رایگەیاند "لەسەر بانگهێشتی شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە سعودیە و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لەلایەن محەممەد بن سەلمان، جێنشینی شای سعودیە پێشوازیی لێ كرا".

شاندەکەی عێراق بۆ سعودیە کە مستەفا کازمی سەرۆکایەتیی دەکرد، لە ژمارەیەک وەزیر و ئەندامی لیژنەی هاوئاهەنگیی عێراق و سعودیە پێکهاتوون.

حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرنگە و ژمارەیەک دۆسیە تاوتوێ دەکرێن، کە جێگەی بایەخی هەردوو وڵاتن، لەوانە، چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ناوچەکە و هاوئاهەنگی و پشتیوانیکردنی پلانی دەستەی گەشەپێدانی نیشمانیی عێراق، کە خستوویەتیە بەردەم کۆمپانیا سعودییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ کۆمپانیا سعودییەکان و دروستکردنی پرۆژەی هاوبەش.

rudaw -
Top