وەزارەتی كارەبای عێراق: فەرمانگەکانی حکومەت 3 ترلیۆن دینار قەرزدارن

وەزارەتی كارەبای عێراق: فەرمانگەکانی حکومەت 3 ترلیۆن دینار قەرزدارن
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، فەرمانگە و دامەزراوە حكومیەكان 3 ترلیۆن دیناری پارەی كارەبا قەرزدارن.

ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق راگەیاند: وەزارەتی كارەبا وێستگە و پڕۆژەكانی ئاوی لە بەرنامەی بڕینی كاتی كارەبا جیاكردووەتەوەو لەكاتی نائاسایشدا كارەبایان نابڕێت، تەنانەت ئەو گەڕەكانەی لە نزیك وێستگەكانیشن 24 كاژێر كارەبایان هەیە".

وەزارەتی كارەبا بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئەمینداریەتی بەغدا كردووە ئەو وێستگانە لە تۆڕی كارەبایی نێو گەڕەكەكان جیابكاتەوە، چونكە بە گوتەی عەبادی ئەو وێستگانە بەو هۆیەوە لۆدێكی زۆریان دەكەوێتە سەر، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامی نووسراوەکەیان نەدراوەتەوە.

سەبارەت بە قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا. گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق گوتی : "قەرزمان لەلای هاووڵاتیان و فەرمانگەکان هەیە، قەرزی هاووڵاتیان زۆر نییە، بەڵام فەرمانگەكان 3 ترلیۆن دینار پارەی كارەبا قەرزدارن و تاوەكو ئێستا نەیانداوە، ئەو قەرزەش مانگانە زیاد دەبێت".

دۆسیەی گەندەڵی لە وەزارەتی كارەبا، یەكێكە لەو 88 دۆسیە گەورەیەی گەندەڵی لە عێراق، لەمانگی ئابی ساڵی 2018 عەبدولكەریم عەبتان، ئەندامی لێژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق گوتی "نزیكەی 50 ملیار دۆلار لە سێكتەری كارەبا خەرج كراوە، بەڵام نەتوانراوە نیوەی بڕی پێویست كارەبا بەرهەم بهێنرێت، بەپێی بەدواداچوونەكانیش نزیكەی 30 ملیار دۆلار تەنیا لە وەزارەتی كارەبا، گەندەڵی تێدا كراوە".
rudaw -
Top