نە تۆ سەرۆک دەناسیت و نە سەرۆک پێویستی بە ناسینی تۆیە

نە تۆ سەرۆک دەناسیت و نە سەرۆک پێویستی بە ناسینی تۆیە
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئاوێنە عەبدوڵڵای مەلا نوری لە دەڕبڕینێکدا ئاماژە بەوە دەدات کە (من مسعود بارزانیم ناسیبێت) لە وەڵامی ئەم جۆرە لێدوان و ڕایانەدا دەڵێین، ھەرگیز تۆ سەرۆک بارزانیت نەناسیوە و ناشیناسیت ئاخر ئەو ئەو سەرۆکەیە کە متمانەی لە ٧٠%ی دەنگی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی وەرگرتووە و ئەوان دەیناسن نەک تۆ!
سەرۆک بارزانی ئەو سەرۆکەیە کە بەڕێز ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان کە تۆ ئەندامی تیایدا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانیدا و بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئەمینداری یەکگرتوو و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی وتبووی: (ئێمە دەزانین کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە) مەبەستی ئەوە بووە سەرۆک بارزانی ئەو سەرۆکە ئەمینەیە کە کوردستانی لە دەستدایە، بەڵێ بەڕێزیان دەیناسێ نەک تۆ!
سەرۆک بارزانی ئەو سەرۆکەیە کە پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی عێراق لە یاداشتەکانیدا دەڵێت (بارزانی کلیلی دۆزی کوردە)!
خاتوو (ئیما سکای) پرۆفیسۆر و سیاسەتمەداری بەریتانی و ڕاوێژکاری سیاسی پێشووی فەرماندەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ھاووڵاتی ژمارە (١٠٩٦) بەرواری١١/٧/٢٠١٣ لە وەڵامی پرسیارێکدا کە دەربارەی کەسایەتی سەرۆک بارزانی لێی کراوە ئاوا ڕای خۆی دەردەبڕێت (سەرۆک مسعود بارزانی یەکێکە لەو سەرکردە سەرنجراکێشانەی کە بینیومە لە عێراق زۆربەی بەرپرسانی ئێستای عێراق لەلایەن ھاوپەیمانانەوە دوای ڕوخانی سەدام پلەیان پێدراوە بە پێچەوانەوە بارزانی خۆی ئەو ڕۆڵەی سەرۆکی بزووتنەوەی کوردی بەدەستھێناوە)! ئەمانە سەرۆک بارزانی دەناسن نەک تۆ!
ئەمانەو ھەزاران نموونەی دیکەی لەو شێوەیە ھەن کە گەواھیدەرن بۆ ناسینی ڕاستەقینەی ڕێزدار سەرۆک بارزانی وەک ڕێبەرێکی ئازادیخواز و سەرکردەیەکی مێژوو کرد، ئەو پێویستی بە ناسینی تۆ نیە.
Top