بنیاتنانى مرۆڤــ، بنیاتنانى نیشتمانه‌

بنیاتنانى مرۆڤــ، بنیاتنانى نیشتمانه‌

هه‌روه‌كو ده‌لێن" مرۆڤ دروست بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كار بكات و داهێنان بكات، هه‌روه‌كو چۆن چۆله‌كه‌ دروست بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بفڕێت".
بێگومان مرۆڤ له‌ دروست بوونییه‌وه‌ و به‌دیارى كراوى له‌ رۆژه‌كانى چوونى بۆ قوتابخانه‌ له‌ هه‌وڵى فێربوون و په‌روه‌رده‌كردن و كاركردن دایه‌، واته‌ رۆژ دواى رۆژ هه‌نگاوه‌كان زیاتر ده‌بن بۆ په‌روه‌رده‌كردنى و كاركردن، بۆیه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ى كارده‌كه‌ن له‌ هه‌وڵى بنیاتنانى مرۆڤـــى ترن یان له‌ هه‌وڵى بنیاتنانى ووڵاته‌كه‌یانن واته‌ بنیاتنانى مرۆڤـــ و كاركردنى مرۆڤ به‌ دڵسۆزی و به‌رده‌وامى ئه‌گه‌ر چاودێری هه‌بێت یان چاودێری نه‌بێت، واته‌ ئه‌نجامدانى هه‌ر كارێك به‌ رێگاى نایاب و ته‌ندروست به‌شێكه‌ له‌ بنیاتنان كه‌ له‌ بنچینه‌دا ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ره‌وشت و دڵسۆزی كه‌سه‌كان، هه‌ر بۆ به‌ بیر هاتنه‌وه‌ هاوكێشه‌ى خوارزمی زانای بیركاری گرنگه‌ كاتێ له‌ خوارزمی زاناى به‌ناوبانگی بیركارییان پرسی له‌ نرخى مرۆڤ؟ له‌ وه‌ڵامدا گوتى" ئه‌گه‌ر مرۆڤ ره‌وشتى هه‌بوو یه‌كسانه‌ به‌ (1) وه‌ ئه‌گه‌ر جوانیش بوو ئه‌وا سفرێك زیاد بكه‌ بۆ یه‌ك ده‌بێته‌ (10)، وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندیش بوو ئه‌وا سفرێكى تر زیاد بكه‌ ده‌بێته‌ (100)، وه‌ ئه‌گه‌ر پێگه‌ و پله‌شى هه‌بوو ئه‌وا سفرێكى تری بۆ زیاد بكه‌ ده‌بێته‌ (1000)، وه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی(1)ت بزر كرد كه‌ ره‌وشته‌ هه‌موو شتێ ده‌ڕوات و نرخی راسته‌قینه‌كه‌ى ناهێنێ ته‌نها سفره‌كان ده‌مینێته‌وه‌ كه‌ له‌ راستى دا ناكاته‌ شتێك. بۆیه‌ ره‌وشت بۆ مرۆڤ زۆر گرنگه‌ چ له‌ خێزان كه‌ دروستكه‌ری ره‌وشته‌ و خاڵى ده‌ستپێكه‌ چ له‌ په‌روه‌رده‌دا له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تى گرنگه‌ قوتابی په‌روه‌رده‌ بكرێت له‌ سه‌ر بنه‌ماكانى ره‌وشت كه‌ خاڵى گرنگه‌ بۆ بنیاتنانى مرۆڤـــ كه‌ له‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆری ووڵاتانى جیهان بابه‌تى ره‌وشت گرنگى پێ ده‌درێ له‌ قۆناغه‌كانى خوێندن.
هه‌روه‌كو ده‌بینین به‌ هێزى و پێشكه‌وتنى ووڵاتان له‌ زۆری چه‌ك و سوپای زۆر نییه‌ هه‌روه‌ها له‌ پاره‌ى زۆر و یه‌ده‌گى سامانى سروشتى نییه‌، به‌ڵكو به‌هێزى و پێشكه‌وتنى ووڵاتان له‌وه‌یه‌ تا چه‌ند وه‌ربه‌رهێنانیان له‌ مرۆڤ كردووه‌، ووڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان ئه‌وانه‌ن توانیویانه‌ مرۆڤ بنیات بنێن، چونكه‌ گرنگیدان به‌ بنیاتنانى مرۆڤـــ وه‌به‌رهێنانییه‌تى، ئه‌گه‌ر هه‌وڵماندا وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام بده‌ین به‌ ملیاره‌ها، به‌ڵام گرنگیمان به‌ بنیاتنانى مرۆڤـــ نه‌دا ئه‌وا یه‌ك هه‌له‌ى بچووك كه‌ له‌ مرۆڤ رووبدات كه‌ باش ئاماده‌ نه‌كرابێت و شیاو نه‌بێت بۆ كاره‌كه‌ى ده‌بێته‌ هۆى زه‌ره‌وزیانێكى زۆر كه‌ هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، بۆیه‌ گه‌ر هه‌وڵماندا هه‌موو شتێ دروست بكه‌ین بنیات بنێن به‌بێ بنیاتنانى مرۆڤـــ ئه‌وا هه‌رگیز سه‌ركه‌وتوو نابین له‌ دروست كردن و بنیاتنان و مرۆڤـــیش به‌خته‌وه‌ر نابێت.
بۆیه‌ به‌رهه‌مى بنیاتنانى مرۆڤـــ هه‌رده‌م دوو هێنده‌یه‌ و له‌ زۆر بوار دا ته‌نها له‌ یه‌ك لایه‌ن نا، به‌ڵكو به‌رهه‌مى باش زۆر ده‌بێت, هاوكارى و یارمه‌تى یه‌كتر زیاتر ده‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ زیندووتر و ووشیارتر ده‌بێت و نیشتمانیش به‌هێز ده‌بێت، بۆیه‌ هه‌رده‌م په‌یوه‌ندیه‌كه‌ په‌یوه‌ندى راسته‌وانه‌یه‌ مرۆڤ بنیات بنێن نیشتمان بنیات ده‌نرێت، مرۆڤ بنیات نه‌نرێت نیشتمان بنیات نانرێت، بۆیه‌ بنیاتنانى مرۆڤـــ، بنیاتنانى نیشتمانێكى به‌هێزه‌ به‌ رۆڵه‌كانى.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی
Top