ده‌ست نیشان كردنى دیدگا له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن

ده‌ست نیشان كردنى دیدگا له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن

ئه‌دیب و ره‌خنه‌گری ئینگلیزی جوناپان سویفت ده‌لێ" دیدگا بریتییه‌ له‌ هونه‌ری هه‌ستپێكردنى شته‌ شاراوه‌كان".
بێگومان دیارى كردنى دیدگا و په‌یامى چوار ساڵه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بریتییه‌ له‌ گرنگترین هه‌نگاوه‌كانى وێناكردن و ده‌ست نیشان كردنى فه‌لسه‌فه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ چوار ساڵه‌دا، به‌ پاڵپشتى خواى گه‌وره‌ و به‌ ئیراده‌ى له‌ بن نه‌هاتووی دڵسۆزانى په‌روه‌رده‌ و فێركردن دیدگای په‌روه‌رده‌یی چوار ساڵه‌ كه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ دیدگا فراوان و دوور مه‌ودا و ستراتیژیه‌تى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، ئه‌ویش بریتى ده‌بێت له‌ تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندن و ده‌رچوواندنى سه‌دان هه‌زار له‌ قوتابیانى خۆشه‌ویست متوربه‌ كراو به‌ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كارامه‌ییه‌كانى ژیان و خۆشه‌ویستیان بۆ خاك و نیشتمان و باوه‌ڕ به‌ خۆبوون و بوێری و یه‌كتر قه‌بوڵكردن وهه‌ڵگرانى په‌یامى زانست و باوه‌ڕبوون به‌ مافه‌كانى مرۆڤــ، ئه‌وه‌ش بێگومان له‌ ئه‌نجامى سیسته‌مێكى په‌روه‌رده‌ و فێركردنى به‌توانا كار بكات له‌ پێناو بنیاتنانى مرۆڤی كوردستانى له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.
هه‌ركاتێك دیدگا دیاری كرا بۆ ئیش و كاره‌كانى هه‌ر دام و ده‌زگایه‌ك ئینجا پلان داده‌نرێت، پلانى كار بۆ گه‌یشتن و ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌نجام ئه‌و پلانه‌ش پرۆسه‌یه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ دیدگا و په‌یام و ئامانجه‌كانى ده‌ته‌وێ جێ به‌جێ یان بكه‌ی تێیدا ره‌نگده‌داته‌وه‌ و كار ده‌كرێت بۆ جێ به‌جێ كردنیان. هه‌ر بۆنموونه‌ گه‌ربمانه‌وێ دیدگای په‌روه‌رده‌ و فێركردن دیارى بكه‌ین له‌ نێوان (2019-2023) كه‌ به‌شێك بێت له‌ دیدگا فراوان و دوورمه‌وداى نێوان (2019-2032) كه‌ ده‌مانه‌وێت كوردستان له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن بگه‌یه‌یته‌ ئه‌و ئاسته‌ به‌ مه‌رجێ هه‌موو تاكێكى كورد خوێنده‌واربێت بزانی بخوێنێته‌وه‌ و بنوسێ و كوردستان هه‌مووى خوێنده‌واربن و پرۆگرامه‌كانمان پرۆگرامی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و رێگاكانى ره‌وشت و كارامه‌ییه‌كانى ژیان بێت و پرۆگرامی بنیاتنانى مرۆڤــ بێت، باخچه‌ى منداڵان و قوتابخانه‌ى بنه‌ڕه‌تى له‌ هه‌موو گوند و گه‌ڕه‌ك و شار و شارۆچكه‌كان هه‌بێت و مامۆستایانمان خۆشگوزه‌ران بن و به‌جۆش و خرۆشه‌وه‌ په‌روه‌رده‌یان خۆش بوێت و قوتابخانه‌كانمان ژینگه‌ی له‌ باربن بۆ قوتابیان و ژماره‌ى قوتابیان له‌ پۆڵه‌كان له‌ نێوان (30-40) قوتابی زیاتر نه‌بن و قوتابخانه‌كان زۆربه‌یان یه‌ك ده‌وامى بن و زۆربه‌ى قوتابخانه‌كان به‌ ئه‌نته‌رنێت به‌ یه‌كه‌وه‌ ببه‌سترێنه‌وه‌ و به‌رده‌وام خول و راهێنان و مه‌شق بۆ كارگێڕى قوتابخانه‌كان و مامۆستایان و سه‌رپه‌رشتیاران بكرێنه‌وه‌ و مامۆستایان به‌ حه‌ز و خولیاوه‌ روو بكه‌نه‌ قوتابخانه‌كان وئاسوده‌بن و قوتابخانه‌ ماڵى قوتابی بێت و په‌یوه‌ندی قوتابی و مامۆستا له‌ لوتكه‌ى رێزوخۆشه‌ویستى بێت و قوتابخانه‌ حكومییه‌كان بگه‌یه‌نرێته‌ به‌رزترین ئاستى متمانه‌ لاى هاووڵاتیان و رێژه‌ى قوتابخانه‌ ناحكومییه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌ و پارێزراوبن له‌ بازرگانى پێكردن، هه‌موومان بزانین كه‌ ته‌نها په‌روه‌رده‌یه‌ هه‌رێم و ووڵات ده‌گۆرێت و به‌ره‌وپێشى ده‌بات ببینه‌ هه‌رێم و وولاتێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتوو، بێگومان ووڵاتانى پێشكه‌وتوو دیدگایان هه‌بووه‌ و كاریان بۆ كردووه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌. گه‌شبینم به‌ پاشه‌رۆژی گه‌شى كوردستان و نابێ له‌ بیرمان بچێت هه‌ر وه‌كو ده‌لێن هه‌ر دیدگایه‌ك بێ كار كردن خه‌ونه‌ و كاركردن بێ دیدگا كات به‌ فیڕۆ دانه‌، به‌ڵام دیدگا له‌گه‌ڵ كاركردن ده‌توانێ جیهان بگۆرێت.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی
Top