به‌رسینه‌ و یه‌كپۆشی مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كان

به‌رسینه‌ و یه‌كپۆشی مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كان
پادشای مه‌كدۆنی ئه‌سكنده‌ری مه‌كدۆنی ده‌لێ" من قه‌رزاری دایك و باوكمم، چونكه‌ ژیانیان بۆ ده‌سته‌به‌ركردووم، وه‌ قه‌رزاری مامۆستاكه‌مم، چونكه‌ ژیانێكى نوێی بۆ ده‌سته‌به‌ركردووم".
گومانى تێدانییه‌ مامۆستا داهێنه‌ر و ده‌سته‌به‌ری ژیانێكى نوێیه‌ بۆ قوتابییه‌كانى بۆ كۆمه‌ڵگه‌، له‌ سه‌ر ده‌ستى مامۆستا كۆمه‌ڵگه‌ پێش ده‌كه‌وێت و ته‌كان ده‌دات به‌ره‌و كه‌ناری زانست و ئارام، گرنگه‌ شكۆ و پایه‌ی مامۆستا پارێزراو بێت هه‌م له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتى هه‌م له‌لایه‌ن دام و ده‌زگاكان، هه‌میش له‌لایه‌ن خودی مامۆستاكان خۆیانه‌وه‌ شكۆوپایه‌ و سنوری خۆیان بپارێزن و هه‌رده‌م خاڵى وه‌رچه‌رخان و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ بن، خاڵى سه‌رهه‌ڵدان و سه‌ركه‌وتن بن.
ئه‌لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ باسى بابه‌تێك بكه‌م به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌ سه‌ر كۆی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن هه‌یه‌ به‌گشتى، وه‌ له‌ سه‌ر مامۆستا و قوتابی به‌ تایبه‌تى. ئه‌ویش یه‌كپۆشى یان به‌رسینه‌ (صدریه‌) بۆمامۆستایان به‌ پێویستى ده‌زانم مامۆستایانمان له‌ قوتابخانه‌كان له‌ كاتى ده‌وام و وانه‌ ووتنه‌وه‌ به‌رسینه‌(صدریه‌) بپۆشن هه‌نگاوێكه‌ بۆ رێكخستن و وه‌كو یه‌ك لێكردنى روواله‌ت و دیمه‌نی مامۆستاكانمان له‌ هه‌مان كاتدا سه‌نگى مامۆستا ده‌گونجێنێ له‌گه‌ڵ پایه‌ و شكۆی كاره‌كه‌ى، هاوسه‌نگییه‌ك ده‌داته‌ پێگه‌ی مامۆستا، وه‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌و هه‌موو گێژه‌ لووكه‌ى ره‌نگاو ڕه‌نگى جل و به‌رگ كه‌ هه‌میشه‌ مامۆستایان دوو دڵ وراڕان رۆژانه‌ چ جۆره‌ ره‌نگ و شێوازێك بپۆشن، واته‌ ئاسوده‌یی و متمانه‌یه‌ك ده‌به‌خشێته‌ ده‌روونى مامۆستا و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م مامۆستایان له‌ بارێكى ده‌روونى قورس رزگاریان ده‌بێت و باری خێزانیش سوكتر ده‌بێت، چونكه‌ هه‌موویان له‌ ناو قوتابخانه‌ به‌رسینه‌یان پۆشیوه‌ سه‌رجه‌م خشل و زێر و جلی گران به‌ها و ره‌نگا و ره‌نگ ده‌كه‌وێته‌ ژێر به‌رسینه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن هه‌مووان وه‌كو یه‌ك ده‌بن، له‌ بیرمان نه‌چێت قوتابیانیش رزگارده‌بن له‌ باری ده‌روونى و لاسایی كردنه‌وه‌، ئه‌وانیش بیروهۆش و هزریان له‌ جیاتى هه‌ر ته‌ماشای جل و به‌رگی ره‌نگا و ڕه‌نگ بكه‌ن، به‌ڵكو سه‌رنجیان ده‌چێته‌وه‌ لاى بابه‌ته‌كان و چۆنیه‌تى باس كردنى مامۆستا و شی كردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه‌، وه‌ده‌كرێ چه‌ند ره‌نگێك ده‌ست نیشان بكرێ دوور له‌ ره‌نگه‌كانى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، بۆنموونه‌ بۆ كارگێڕى (ره‌ساسی)بێت بۆ مامۆستایان(شینی كاڵ) بێت بۆ فه‌رمانبه‌ران (په‌مه‌یی) بێت یان هه‌ر ره‌نگێكى تر. له‌ بیرمان نه‌چێت قوتابخانه‌یه‌ك له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر چه‌ند سالێكه‌ به‌رسینه‌ بۆ كارگێڕى و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌پۆشن و شێوازێكى جوان وگونجاوه‌، ئه‌وكات رێزو سوپاسمان دایه‌ سه‌رجه‌م كارگێڕى و مامۆستاكان بۆ هاندان و به‌رده‌وام بوون.
ده‌كرێ له‌ ئاستى په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى پارێزگا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ دیراسه‌ بكه‌ن تا چه‌ندگونجاوه‌ بۆ جێ به‌جێ كردن له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كان یانیش له‌ چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك وه‌كو تاقی كردنه‌وه‌ و په‌سند كردنى بیرۆكه‌كه‌، كه‌ من به‌ لایه‌نێكى ئیجابی باشى په‌روه‌رده‌یی ده‌بینم و ده‌كرێ هه‌موو لایه‌ك هاوكاربین بۆ بنیاتنانى بیرۆكه‌ی باش و چاره‌سه‌ره‌كان به‌ به‌رده‌وامى.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكی وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕی په‌روه‌رده‌یی
Top