رۆڵ و ئه‌ركی مامۆستا به‌رامبه‌ر قوتابی

رۆڵ و ئه‌ركی مامۆستا به‌رامبه‌ر قوتابی
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ى سعودی محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ل راشد(1995-2005) ده‌لێ" له‌دواى هه‌موو میلله‌تێكى مه‌زن و شكۆمه‌ند په‌روه‌رده‌یه‌كى مه‌زن و شكۆمه‌ند هه‌یه‌، وه‌ له‌ دوای هه‌موو په‌روه‌رده‌یه‌كى مه‌زن و شكۆمه‌ند مامۆستاى نایاب و جیاواز هه‌یه‌".
گومانى تێدانییه‌ كه‌ مامۆستا رۆڵى سه‌ره‌كى و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ كۆى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، له‌و ووتاره‌دا نامه‌وێ باسى مافى مامۆستا بكه‌م، ته‌نها تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر رۆڵ و ئه‌ركى مامۆستا له‌ كۆى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن. مامۆستا كۆمه‌لێ رۆڵى جیاوازى هه‌یه‌ هه‌موویان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، له‌ هه‌موویان گرنگتر رۆڵ و ئه‌ركى مامۆستا به‌رامبه‌ر قوتابییه‌كانى، به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌ركى مامۆستا به‌رامبه‌ر به‌ قوتابییه‌كانى سنوردار نییه‌ و بێ كۆتاییه‌، ئه‌وه‌ مامۆستایه‌ قوتابی په‌روه‌رده‌ ده‌كات له‌سه‌ر ئادكاره‌ جوانه‌كان و رواندن و چاندنى هه‌ستى نیشتمانپه‌روه‌رى و خۆشه‌ویستى بۆ خاك و مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌ و ووڵات له‌ ناخى قوتابی، هه‌رده‌م مامۆستا نموونه‌ى پێشه‌نگ و پێشڕه‌وى جوانه‌ بۆ قوتابییه‌كانى له‌ كۆى هه‌ڵس وكه‌وت و ره‌فتار و گوفتار و كردار و دڵسۆزی واته‌ هانده‌ری قوتابییه‌كانیه‌تى بۆ كاری باش و به‌سوود و قازانج بۆكۆمه‌ڵگه‌، له‌ هه‌مان كاتدا رێ نیشانده‌ر و ئامۆژگاركارێكى به‌رده‌وامه‌ بۆ ئاراسته‌كردن و رێنمایی كردنى قوتابییه‌كانى به‌ره‌وكاری باش و به‌سوود، له‌ هه‌مان كاتدا زانین و فێركردنى قوتابییه‌كان له‌ سه‌ر بابه‌ته‌ پسپۆڕییه‌كان و هاندانیان تاوه‌كو له‌ داهاتوودا ببنه‌ ئه‌ندامێكى كارا و شیاو بۆ ووڵات و كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى دڵسۆزی و دادپه‌روه‌ری مامۆستاكه‌ نیشان ده‌دات له‌ كۆى هه‌ڵس وكه‌وتى له‌ قوتابخانه‌ دا له‌ ئه‌نجامى رواندن و بلاوكردن و ووشیارى نیشتمانى له‌ ناخی قوتابیان كه‌ له‌ ئه‌نجامدا تاكێكى تۆكمه‌ و به‌هێز دروست ده‌بێت وه‌كو شاخ بۆ نیشتمان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌مى مامۆستاى دڵسۆز و نایاب كه‌ هه‌رده‌م هه‌وڵ ده‌دات ئه‌مانه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ بپارێزێ كه‌ قوتابییه‌ و چه‌ق و ناوه‌ندى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌. ئه‌لێره‌وه‌ رۆڵ و ئه‌ركی مامۆستا به‌رامبه‌ر قوتابییه‌كان خاڵى وه‌رچه‌رخانى تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنى كۆمه‌ڵگه‌یه‌، چونكه‌ مامۆستا ده‌توانێ ته‌كان بدات به‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌، ئه‌و مامۆستایانه‌ى كه‌ نموونه‌یی و پێشه‌نگن له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ كۆمه‌لێ سیفات و ئادكاری جوان و سه‌رنج راكێشى هه‌یه‌، پێویسته‌ مامۆستایان خۆیان په‌رى به‌رده‌وامى پێ بده‌ن له‌ دڵسۆزی و راستگۆیی و دادپه‌روه‌ری پابه‌ندبوون به‌ كات و ئاماده‌یی به‌رده‌وام و پاراستنى ئه‌مانه‌ت و ووشیاری و به‌ ئاگایی له‌ كۆی پرۆسه‌كه‌ له‌ ناو قوتابخانه‌ و ده‌ره‌وه‌ى قوتابخانه‌ و خاوه‌نى هه‌ڵگری به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌كان بێت. له‌وه‌ش گرنگتر پێویسته‌ له‌مه‌و دوا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى پارێزگاكان و به‌هاوكاری و به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ساڵانه‌ به‌ به‌رده‌وامى جۆره‌ها خولی جیاواز بۆ سه‌رجه‌م مامۆستایان بكرێته‌وه‌، هیچ مامۆستایه‌ك نه‌چێته‌ پۆل و قوتابخانه‌ گه‌ر به‌شداری له‌ خوله‌ جیاوازه‌كانى په‌روه‌رده‌ و فێركردن نه‌كردبێت به‌ مامۆستایانى گرێبه‌ست و وانه‌بێژه‌كانیشه‌وه‌، چونكه‌ له‌ كۆتاییدا له‌ پۆل و قوتابخانه‌كانن و بۆیه‌ به‌شدارى كردن له‌ خوله‌ جۆراوجۆره‌كانى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن مه‌رجی سه‌ره‌كى بێت بۆمامۆستایان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ رۆڵ و ئه‌ركی پیرۆزى مامۆستا بپارێزرێت.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى
Top