وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پێویستى به‌ هه‌گبه‌ى كاروچالاكى هه‌یه‌

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پێویستى به‌ هه‌گبه‌ى كاروچالاكى هه‌یه‌
نیگار كێشى به‌ناوبانگى هۆڵه‌ندى ڤان كۆخ ده‌لێ" گه‌ر مرۆڤ ویستى له‌سه‌ر هه‌ق و راستى بژی، پێویسته‌ كار بكات و بوێر بێت".
گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌سه‌ندنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن پێویستى به‌ بنیاتنانى تواناى تاكه‌كان هه‌یه‌، كه‌ له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ كارده‌كه‌ن. بێگومان پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى میلله‌تان به‌نده‌ به‌ پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ئه‌وه‌ش به‌دی نایه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو كۆى كاره‌كته‌ره‌كانى ناو پرۆسه‌كه‌ به‌ بوێرى و دڵسۆزی كار نه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م كاره‌كته‌ره‌كان له‌ مامۆستاى قوتابخانه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ كاربه‌ده‌ستانى وه‌زاره‌ت به‌ دڵسۆزی و بوێری كار بكه‌ن، پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكى ووردی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ هه‌بێت بۆ تواناكان و به‌رهه‌مه‌كان، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ بوونى سیسته‌مێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى هه‌مووان بكات، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له‌ سه‌ر بنچینه‌ى كار كردن و دڵسۆزی و ویژدان بێت، پێویسته‌ هه‌گبه‌ى چالاكی په‌روه‌رده‌یی بۆ هه‌موو كاراكته‌ره‌كان ئاماده‌ بكرێت، بۆ نموونه‌ هه‌موو مامۆستایه‌ك هه‌گبه‌یه‌كى چالاكییه‌كانى په‌روه‌رده‌یی هه‌بێت، كه‌ هه‌موو چالاكییه‌كانى له‌ به‌شدارى كردن له‌ خول و په‌ره‌پێدانى تواناكان و هه‌ر چالاكییه‌كى په‌روه‌رده‌یی و فێركردن كه‌ ئه‌نجامى ده‌دات به‌ درێژایی ساڵ له‌ (2/1تا31/12)ى هه‌ر سالێك له‌ خۆ بگرێت به‌ دۆكیۆمێنتاری په‌سند كراو و پشتگیری كراو له‌لایه‌ن كارگێڕی قوتابخانه‌كه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى هه‌ر سالێك هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ریه‌ك له‌ مامۆستاكان بكرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكه‌ پێك ده‌هێنرێت له‌ (دوو سه‌رپه‌رشتیارى كارگێڕی و به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كه‌)، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ره‌كانیش هه‌مان هه‌گبه‌ى په‌روه‌رده‌ییان هه‌بێت له‌لایه‌ن (به‌رێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ و سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌م و سه‌رپه‌رشتیارێكى كارگێڕى) هه‌ڵسه‌نگاندنى پێویستیان بۆ بكرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ سه‌رجه‌م سه‌رپه‌رشتیارانیش بگرێته‌وه‌ له‌و ساڵه‌ دا كام چالاكى و كارى په‌روه‌رده‌ییان ئه‌نجام داوه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى (به‌رێوه‌به‌رى سه‌رپه‌رشتیارى پارێزگا و سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كه‌مى قه‌زاكه‌ و یاریده‌ده‌رى به‌رێوه‌به‌ری سه‌رپه‌رشتیاری) هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێت. ئه‌و پرۆسه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ پێویسته‌ ساڵانه‌ ئه‌نجام بدرێت به‌ پێی پێوه‌رى په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست نمره‌یان بۆ دابنرێ و به‌ پێى هه‌ڵسه‌نگاندنى لیژنه‌كان بۆ هه‌گبه‌ى چالاكی هه‌ر یه‌كه‌یان پێوانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى پێویستیان بۆ بكرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ به‌رێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتیارى یه‌كه‌میش له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نجام بدرێت و بۆ به‌رێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌كانیش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ سه‌رجه‌م به‌رپرسى هۆبه‌ و به‌رێوه‌به‌رى به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیش بگرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان دادپه‌روه‌ر بین پێویسته‌ له‌لایه‌ن به‌رێز جه‌نابی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى به‌رێزان هه‌ڵسه‌نگاندنى وورد به‌ پێى پێوه‌رى زانستى و په‌روه‌رده‌یی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌رێوه‌به‌رانى گشتى پارێزگاكان و به‌رێوه‌به‌رانى گشتى وه‌زاره‌ت و راوێژكاران و شاره‌زاكانیش بكرێت، ئه‌وانیش هه‌مان هه‌گبه‌ى كاروچالاكی په‌روه‌رده‌یی ساڵانه‌یان هه‌بێت تا هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان له‌ سه‌ر بنچینه‌ى هه‌گبه‌ى كاروچالاكییه‌كان بێت و به‌ دۆكیۆمێنتاری بسه‌لمێندرێت كه‌ به‌ درێژایی ساڵ هه‌ر به‌رێوه‌به‌رێكى گشتى و راوێژكارێك هێنده‌ كاروچالاكى و پرۆژه‌ و داهێنانى هه‌بووه‌ و دڵسۆزانه‌ و خۆنه‌ویستانه‌ كارى كردووه‌ له‌ پێش خستن وسه‌رخستنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، هه‌روه‌كو سه‌ركرده‌ى به‌ ناوبانگى میسری (سه‌عد زه‌غلول) ده‌لێ " پیاو بریتییه‌ له‌ راشكاوى له‌ گوتن و دڵسۆزی له‌ كار".

*
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چالاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی
Top