دادپەروەری بۆ ؟ چۆن دابین دەكرێت ؟

دادپەروەری بۆ ؟ چۆن دابین دەكرێت ؟
«دادپەروەری»، تایبەتمەندییەكی خوداییە و دابینكردنی داوایەكی كۆمەڵایەتی وئامانجێكی سەرەكی گەلانە. ئامانجی نووسینی ئەم بابەتە وەڵامدانەوەیەكی ساكاری ئەو (2 ) دوو پرسیارەیە كە ناونیشانی وتارەكە پێك دێنن.
بۆ وەڵامی پرسیاری یەكەم، دادپەروەری بۆ ؟، دەڵێین : دابینكردنی «دادپەروەری» بۆ ئێمە نەك تەنیا داوا و ئامانجە بەڵكو ئەركە چونكە :
1 - ئێمەی كورد، كە بەدرێژایی مێژوو ستەممان لێكراوە، پتر لە هەموو نەتەوەیەكی تر قوربانی نەبوونی «دادپەروەرین » و باشترین بەڵگەیش بۆ سەلماندنی ئەم راستیە دابەشكردنی نیشتمان و نەتەوەكەمانە بەسەر چەندین وڵاتدا و نەبوونی نەك دەوڵەتێكی یەكگرتووی كوردی بەڵكو نكۆڵیكردن لە بوونیشمان دەكرێت و ئەمڕۆ ئێمە گەورەترین نەتەوەین لە جیهاندا كە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان نین.
2 - دابینكردنی «دادپەروەری» ئەركێكی ئاینیە. خوداوەندی مەزن لە قورئانی پیروز و هەموو پەیامە ئاسمانیەكاندا فەرمانمان پێدەكات كە ( دادپەروەر بین ).
3 - دابینكردنی «دادپەروەری» ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوایەتیە كە گەلی كورد بە درێژایی مێژووی خۆی خەباتی بۆ كردووە و قوربانی بۆ داوە و ئامانجێكی سەرەكی راپەڕین و شۆڕشەكانی بووە.
4 - «دادپەروەری» پرەنسیپ و بەهایەكی مرۆڤایەتیە. مافی تاك و كۆمەڵگایە كە بەشێوەیەكی «دادپەروەرانە» مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
5 – گەشەپێدانی بەردەوام، كە ئەمڕۆ بووتە دروشمی هەموو دەوڵەتانی جیهان و كار بۆ بەدەستهێنانی دەكەن، پێویستی بە دابینكردنی «دادپەروەری» هەیە. گەشەپێدانی بەردەوامی كەرتە ئابووری و خزمەتگوزاریەكان و گەشەپێدانی هەرێمی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە دابینكردنی «دادپەروەری» هەیە لە هەرێمدا.
6 – نەبوونی «دادپەروەری» لە هەر شوێنێك و كۆمەڵگایەك دیاردەیەكی بێزراوە و شەرمە كە ڕازی بین بە بەردەوام بوونی و كارنەكەین و هەنگاوی پێویست نەنێین بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی.
7 - دابینكردنی «دادپەروەری» ئەمڕۆ داوایەكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە كە دیارە هەست بە نەبوونی «دادپەروەری» دەكەن.
بۆ وەڵامی پرسیاری دووەم، دادپەروەری چۆن دابین دەكرێت؟ دەڵێین: «كە دابینكردنی (دادپەروەری رەها) لەتوانای مرۆڤدا نییە بۆیە لە هیچ شوێنێك و لەهیچ كاتێكدا بەدی نەكراوە و ناكرێت. كەوابوو مەبەست لە دابینكردنی «دادپەروەری»، دابینكردنی «دادپەروەری ڕێژەییە»، كە دابینكردنی و بەرزكردنەوەی ڕێژەكەی،(رێژەی دادپەروەری) داواكاری و ئامانجی مرۆڤایەتی و كۆمەڵگا جیهانیەكانە. رێژەی دابینكردنی دادپەروەری لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی تر و لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر دەگۆڕێت و دابینكردنی رێژەیەكی بەرز لە «دادپەروەری» سیمای كۆمەڵگا دروستەكانە. هەرچی تایبەتە بە دابینكردنی دادپەروەری لە كۆمەڵگای ئێمەدا بەرێژەیەكی خوازراو، بە بۆچوونی ئێمە، دەكرێت بە رێگای ئەم خاڵانە بەدەست بهێنرێت:
1 – رەخساندنی هەلی یەكسان، لە هەموو بوارەكاندا، بۆ ئەندامانی كۆمەڵگا. بۆ نموونە رەخساندنی هەلی یەكسان بۆ خوێندن، بۆ بازرگانیكردن، بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەگوزاری.... تاد. كاتێك ناتوانرێت، لەبەر هەر هۆكارێك بێت، هەلی یەكسان بڕەخسێنرێت بۆ هاووڵاتیان ئەركی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنە كە بە یاسا و رێنماییەكان كێشەكە چارەسەر بكات. بۆ نموونە كاتێك ناتوانین هەلی یەكسان بڕەخسێنین بۆ خوێندن، ناتوانین قوتابخانە و مامۆستا بۆ قوتابیانی شارۆچكە و شارەدێكان دابین بكەین، وەك چۆن لە ناوەندی پارێزگاكان قوتابخانەی باش و مامۆستایانی بە ئەزموون و شارەزامان بۆ قوتابیان دابینكردوە، پێوستە بە یاسا و رێنمایی بەڵانسەكە راست بكەینەوە. ئەوەی ئەمڕۆ پەیڕەو دەكرێت لەم بوارەدا و پێی دەوترێت «دابەشبوونی جوگرافی» لە وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆكاندا نەك هەر بەڵانسەكە راست ناكاتەوە و هەلی یەكسان ناڕەخسێنێت بۆ قوتابیان، بەڵكو قووڵتری دەكاتەوە.
2 – دابەشكردنی دەسەڵات و لێپرسراویەتی لە نێوان پایتەخت و پارێزگاكان، لە نێوان پارێزگاكان و قەزا و ناحیەكان، لە نێوان وەزیر و بەرێوەبەریە گشتیەكان.. تاد. هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لێپرسراویەتی كارێكی ئاسان نییە، نازانم بۆ تا ئێستا لای ئێمە كەسانێك هەن خۆیان بە «سوپەرمان» دەزانن و بڕوایان بە توانای خەڵكانی تر نییە ؟. هۆكارێكی سەرەكی پێشكەوتنی كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان دابەشكردنی دەسەڵات و لێپرسراویەتیە لەنێوان دەسەڵاتی ناوەند و دەسەڵاتە لۆكاڵیەكاندا، لە نێوان پۆستە باڵاكان و پۆستە نزمەكاندا.
3 – دابەشكردنی سامان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لە نێوان پارێزگا و قەزا و ناحیەكان، بە رێگای دابەشكردنی دادپەروەرانەی پرۆژە ئابوری و خزمەتگوزاریەكان، لە لایەك و لە نێوان فەرمانبەران و هاووڵاتیان، بە رێگای كەمكردنەوەی ئەو گاپە گەورەی كە هەیە لە نێوان موچە و دەرماڵەكاندا، لە لایەكی تر. دابەشكردنی دەسەڵات و سامان ئەوە ناگەیەنێت كە بەشێوەیەكی یەكسان دەسەڵات و سامان دابەش بكرێت بەڵكوو دەبێت پرۆسەی دابەشكردنەكە پشت بە بنەمای دادپەروەرانە ببەستێت.
پێكهێنانی یەكەی كارگێری بچووك بەرووبەر و گەورە بە دەسەڵات، بۆ نموونە بە پارێزگاكردنی ناوچەكانی سەر بە هەڵەبجە، رانیە، سۆران... تاد هەنگاوێكە بە ئاراستەی راست بۆ دابەشكردنی دەسەڵات و لێپرسراویەتی و سامان دەبێت دەستخۆشی و پێشوازی لێ بكرێت نەك هانی خەڵك بدرێت خۆپیشاندانی دژ بكات !.
4 – كاتێك دەسەڵات و لێپرسراویەتی و سامان دابەش دەكرێت پێویستە دەزگایەكی چاودێری ورد و كارا هەبێت كە لە توانایدا بێت هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ كارەكان ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بتوانرێت دەستخۆشی لە كارە باشەكان بكرێت و خاوەنەكانیان پاداشت بكرێن و سەرپێچیكەرانیش سزا بدرێن. پەیڕەوكردنی پرەنسیپی پاداشت و سزا «هۆكارێك دەبێت بۆ دابینكردنی «دادپەروەری».
5 – یەكسان بوون بەرامبەر بە یاسا و پەیرەوكردنی پرەنسیپی «سەروەری یاسا» بە كردار نەك تەنیا بە وتە. نابێت یاساكان وەك «ماڵی جاڵجالۆكە» بن تەنیا بەسەر هەژاران و بێ پشتیواناندا جێبەجێ بكرێن و دەسەڵاتداران یاساكان پێشێل بكەن بێ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
6 - پرۆسەی دابینكردنی «دادپەروەری»، لە كۆمەڵگای ئێمەدا، پێویستە لە نێو پارتە سیاسیەكانەوە دەست پێبكات. پێویستە بەرپرسیاریەتی و ئەرك و مافەكان لە نێو ئۆرگانەكانی پارتەكاندا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بە سەر ئەندامانی پارتەكاندا دابەش بكرێت، بە پشت بەستن بە بنەماكانی دڵسۆزی، خەبات و قوربانی، لێهاتوویی. ناڕەزایی لە نێو پارتەكانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ نێو كۆمەڵگا. پارتێكی «دادپەروەر و تەندروست» حكومەتێك و كۆمەڵگایەكی «دادپەروەر و تەندروست» دێنێتە كایەوە
Top