بەپێچەوانەی هەڵوێستی عێراق و كۆمكاری عەرەبییەوە، توركیا بەرانبەر قەیرانی لیبیا هەڵوێستی دروستانە بوو

بەپێچەوانەی هەڵوێستی عێراق و كۆمكاری عەرەبییەوە،  توركیا بەرانبەر قەیرانی لیبیا هەڵوێستی دروستانە بوو
هەڵەی هەڵوێست نواندنی حكومەتە عارەبییەكان:
لەسەرەتاكانی كێشە ناوخۆییەكەی لیبیاوە هەڵوێستی توركیا لەهەڵوێستی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەند ڕاستر دەرچوو، كاتێك هەوڵی توركیا میانگیرییانە بوو بۆ دروست نەبوونی جەنگی ناوخۆیی لە لیبیاداو دەستێوەردانی نێودەوڵەتیشی ڕەتكردەوە وێڕای ئەوەی وەك ئەندامێكی ناتۆ پابەندی خۆیشی بەبڕیاری دانانی ئاسمانێكی دژەفڕین دەربڕی دژ بە لیبیا، بەڵام بەردەوام داوای دیالۆگی لە هەردوولایەنی پێكداپژاو دەكردو خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەشی پێكراوو زامداران دەكردوە، تەڕابلوس هەستی بەم هێوری و سەلامەتیەی توركیا دەكرد بۆیە هەر زوو داوای لە توركیا و ماڵتا كرد سەرپەرشتی بڕیاری ڕاگرتنی تەقەلەیەككردن بكەن كە لەمانگی شوباتەوە قەزافی رایگەیاندبوو.
لەملاوەش كۆمكاری عارەبی هەڵوێستیان نەرێنی و هەڵە بوو لەبەرانبەر قەیرانی لیبیادا كاتێك هیچ رۆڵێكی هاكەزاییشیان بۆ ناوبژیوانیی لەنێوان هەردوولایەنی حكومەت و ئۆپۆزسیۆنی پێكداپژاودا نەگێڕا تەنانەت دەسپێشخەری سەرۆكی بەرازیلیشیان بەهەند وەرنەگرت كە لەسەرەتای مانگی شوباتەوە بۆخوێن نەڕشتن و سازدانی گفتوگۆ هەوڵی هێوركردنەوەی دەدا تا جەنگی ناوخۆیی هەڵنەگیرسێت تەنانەت بەرازیل و زۆر لە حكومەتەكانی وڵاتانی كیشوەری ئەمەریكای باشوور لە دژی دەستێوەردانی سەربازی وەستانەوە، توركیاش لە هەڵوێستی ئاشتیانەی بەرازیلی نزیك بوو ، لەبابەتێكی ترمدا بەناوونیشانی(دەرفەتی دیالۆگ وئەگەری دروست بوونی سیستمی فیدراڵی لە لیبیادا) كەلەسەر بارودۆخ و مێژووی لیبیا لەڕۆژنامەی تەئاخی لە 9/3/2011 لە بەغدا بڵاوم كردەوە، لەوێدا بەپێی دیدو ڕوانینم بۆ باری ئاڵۆزی نێودەوڵەتی كە لە هەڵپەی بڕیاردانی سەربازی بەولاوە شتێكی دی بەدی نەدەكرا ئەگەری دیالۆگ و ڕێگەچارەی ئاشتیانەم بۆ دۆخەكە كرد بەتایبەتی دوای ئەوەی قەزافی و سەیفولئیسلام دەروازەی ئەو ڕێگەچارەیەیان بەكراوەیی هێشتبووەوەو شاندیان بۆ هەمان مەبەست ڕەوانەی بنغازی دەكرد، لەو كاتەدا ئۆپۆزسیۆن بە هەندێك سەركەوتنی كاتییەوە غروور گرتبوونی و هەموو دیالۆگێكیان لەگەڵ حكومەت ڕەت دەكردەوە و وەڵامی ڕێگەچارەی ئاشتیانەیان نەدەدایەوە..
هەڵە چەندپات بووەكانی ئۆپۆزسیۆن:
وەك وتم ئۆپۆزسیۆنی هەڵەی زۆری تۆماردەكرد بە ڕەتكردنەوەی ڕێگەچارەی ئاشتیانە لەگەڵ تەڕابلوس گەر وەڵامی بۆ سازدانی دیالۆگ بدایەتەوە دەسكەوتی سیاسی و مەیدانی فرەیان بەدەست دەهێنا، بێ ئەوەی خۆیان ناچاری هەڵگرتنی چەك بكەن و حكومەتیش ناچار بكەن بەهاوشێوە وەڵامیان بداتەوەو و ئەو هەموو قوربانیانە لەناو خەڵكی سڤیلدا بكەوێتەوە كەدواتریش ژمارەی قوربانیان بەهۆی بۆردومانەكانی ئاسمانی نێو دەوڵەتییەوەو بەناوی پاراستنی گەلی لیبیاوە زۆر زیاتر كەوتنەوە.
تا ئێستاش ئۆپۆزسیۆن هەر بە ئومێدی لەناوبردنی حكومەتەوەیەو دانیشتن و دانوستان ڕەت دەكاتەوە گەرچی لێدانە ئاسمانییەكانی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئومێدیان نەبوو لە كاتێكدا بۆردومانەكان %30 هێزی سەربازییانەی ڕژێمی لیبیای پەكخستووە بەپێی ڕاپۆرتێكی نێودەوڵەتی كە لە 6/4/2011 دەرچوێنراوە، ڕژێمی قەزافی هەر لە بەرگریدایە و لە دوای بۆردومانەكانی ئەمریكی و ئەوروپایی لایەنگرانی قەزافی لە زۆربووندان..
هەڵوێستی رووسیاو ئەڵمانیا:
رووسیا پاشەكشێی كرد لەجێبەجێ كردنی بڕیارە نێودەوڵەتیەكە لەسەر لیبیا درا، لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی رووسی وتی نەپشتگیریمان لەو بڕیارەكرد و نە دەنگمان بۆدا ، ئەڵمانیاش بێلایەن بوو، صینیش دووپاتی دەكردەوە كە دیالۆگ تاقە چارەیە بۆ قەیرانی لیبیا و دەستێوەردانی نێودەوڵەتی ڕەت دەكردەوە، لەناو وڵاتانی عارەبیشدا تەنیا سعوودیە بەرگری لە گەل و حكومەتی لیبیا دەنواند ، بڕیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەت دەكردەوە و هەمان هەڵوێستی بێلایەنی ئەرێنی بەرانبەر یەمەنیش هەبوو بەم هەڵوێست دروستەیەوە دەتوانێت كاریگەری گونجاوو باشی بۆ سەرجەم كێشەكان هەبێت ..
دانوستان لە ڕیاز لەنێوان حكومەتی یەمەنی و ئۆپۆزسیۆن:
هەڵوێستی میانگیرانەی سعودیەو وڵاتانی كەنداو قەتەریان لێ دەربچێت لە قەناعەت پێكردنی هەردوو لایەنی تەنگژەی یەمەنی بۆ كۆكردنەوەی ئۆپۆزسیۆن و حكومەت لەشاری ڕیاز بۆ رێكەوتن لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە بەسەرپەرشتی وڵاتانی كەنداو بەبەرهەم هات.
واتە گەر ئەو ئومێدە هاتەدی لە ڕێی دیالۆگ و تێگەیشتنەوە تەنگژە توندوتیژەكان بگەیەنێتە ئەنجام وەك ئەوەی لە بەحرەینیش ڕوویدا كە هاوشێوە بوو ..
وادەگەیەنێت پەلە لە حوكمدان نەكرێت لەسەر ئەنجامی ڕووداوەكان و ڕاپەڕینەكانی تونس و میسر كە لەڕووی كردارەكییەوە بارودۆخیان سەقامگیر نەبوونەتەوەو هەرحكومەت دادەمەزرێنن و دەیڕوخێنن وتائێستاش مانگرتن و بێزاربوونی هاووڵاتیان لە جێبەجێ نەكردنی ئەو هەموو بەڵێن وئومێدەی دراون بەردەوامە زەمانێكی زۆری پێویستە تا جێبەجێ ببن
چەوتییەكانی ڕاپەڕینەكان :
یەكەمین هەڵەی سەرەكی كە خۆپیشاندەران لە تونس تێیكەوتن گوێنەگرتنیان بوو لە چاكسازی و پێشنیازی چاككردنە دەستوورییەكان لەلایەن رژێمی زێن عابدینەوە بەڵێنی پێدرا و كاتێك لە ڕووی سیاسی و دەستوورییەوە بەڵێنی بەجێبەجێكردنی دابوون بە پێی هەندێك هەلومەرجی كاتیی كە دەبوونە چەترێكی دەستووری بۆ خێراكردنی پرۆسەی چاكسازی، بەڵام گەنجانی ڕاپەڕیوی تونسی لەسەر كۆچپێكردنی بن عەلی مكوڕ بوون، ئەویش بێ ئەوەی ئەلتەرناتیڤ حازر بێت، بن عەلی سەری خۆی هەڵگرت و جومگە و ڕایەڵەكانی دەوڵەتی تونس لێك هەڵوەشێنران و هەرچەند سیماو رووخسارێكی رژێمی پێشوو بوونەوە بە پێشەنگ و ئیتر چاكسازی راستەقینە وەك پێشنیازی فەرامۆشكراویان لێهات و كەس تا ئێستا نەیتوانیوە جێبەجێیان بكات ، چونكە هەموو ئەوانەی ئێستا لە گۆڕەپانەكەدان بێ ئیرادەو دەسەڵاتن، بەو شێوەیەگەنجە شۆڕشگێڕەكانیان بە ڕاپرسی لاوەكییەوە سەرقاڵ كردبوو لەسەر دەرخستنی سامان و پارە و هەندێ تاوانی سەركردەكانی ڕژێمی پێشوو..
هەمان شت لە میسریش ڕوویدا لە ڕۆژەكانی دواییداكە یەكلایی كەرەوە بوون سەرۆك موبارەك بەڵێنی بە چاكسازی دەستووری دا و نەخشەی ڕێگای لەبەرانبەر هەڵبژاردنی ئازادانەو دانانی میكانیزم بۆ جێبەجێكردنی دەرچواند بەڵام سەركردایەتی خۆنشاندەران تەنیا یەك لایەنی داواكاری جەخت لێ دەكردەوە ئەویش ڕۆیشتنی موبارەك، وەك ئەوەی هەموو چارەی گرفتەكان لەو ئەفسوونەدا گیرسابێتەوە لەكاتێكدا زۆربەی شرۆڤەكاران و دادوەران و كەسانی عاقڵمەند مانەوەی موبارەكیان پێ ئاسایی بوو تا هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتە زامنكارێكی دەستووری و سیاسی وكارگێڕی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەڵام بەهاندانی ئەملاو ئەولا سەركردە لاوەكانی ڕاپەڕین گوێیان بەو هەموو بەڵێن و خۆپابەندكردنە دەستوورییانە نەدا لەكاتێكدا موبارەك لەڕووی كردارەكییەوە ڕایگەیاندبوو كە نە خۆی و نە كوڕەكەی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا خۆهەڵنابژێرنەوە واتە وازیان لە دەسەڵات هێنابوو ، دواتر موبارەكیش ڕۆیشت و ئیرادەیەكی ئەزموونداری دەوڵەتتداری لەگەڵ خۆی برد و كارگێڕی دەوڵەت ئیفلیج بوو، سوپا كۆنترۆڵی هەموو كایەو ڕایەڵەكانی دەسەڵاتی گرتە دەست بێ ئەوەی هیچ میسرییەك جورئەتی ناولێنانی هیچ شێوازێكی دۆخە تازەكەی پێ بێت، ئایا ئەمە حوكمی سەربازییە، یان حوكمێكی مەدەنیانەی نیمچە ئیفلیجی بێ بڕیارو ئیرادەیە !!!
ئایا دەكرێت خۆ لە هەڵەكان لابردرێت لە داهاتوودا ؟!
كەسانی شارەزای هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بە بارودۆخی گشتی ئەم وڵاتانە هەندێك وانەیان بەخێرایی لەم گۆڕانكارییانە وەرگرت ئەویش زەحمەتی پڕكردنەوەی سیاسی لەنێوان شەووڕۆژێكدایە، بەڵكو پێویستە قۆناغێكی گواستنەوەی گونجاو سازبكرێت بۆ دەساودەستكردنی دەسەڵات بەپێی بنەما دیموكراتییەكانی بەدامودەزگاییكردن و دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆكاروبار بەڕێخستن چونكە زۆربەی ئەم وڵاتانە نەشارەزاییان هەیە لە بواری بەڕێوەبردنی قەیرانی لەم جۆرانە..
گەڕانەوەیەك بۆ بابەتی پێشووم :
ئەم بابەتەم لە گۆڤاری گوڵانی هەفتانەلە 7/3/2011ورۆژنامەی زەمانی لەندەنی لە 21/3/2011 بە هەردوو زمانی كوردی و عارەبی بڵاوكردنەوە پوختەی ئەنجام لەو بابەتەدا ئەوەبوو كە قەیرانی لیبیا بۆ ماوەیەكی درێژتر دەمێنێتەوە بە تایبەتی لەگەڵ دەستێوەردانی نێودەوڵەتیدا و بە جۆرە هاوسەنگبوونێك كۆتایی پێ دێت لە نێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن ئەوكات بیر دەكرێتەوە لە دیالۆگ.
گوزارشتم لە ڕای تایبەتی خۆم كردبوو بە ئومێدی ئەوەی خێرایی زیاتر بكرێت لە ڕاگرتنی شەڕو خوێنڕێژی و دەرگای گفتوگۆ بخرێتە سەر پشت..
ئەوكات وتم دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و چەكداركردنی ئۆپۆزسیۆن ئازارەكانی گەلی لیبیایی زیاتر دەكات ئەوەتا ئێستاش ڕاپۆرتەكان ئەوەیان سەلماندووە كە ئەم گرفتە بۆ چەندین مانگی تر درێژەدەكێشێت، بەهۆی ئەوەی هەریەك لەجەمسەرەكانی ناكۆكی لەبەرژەوەندی خۆیاندان ناتوانن بارەكە هاوسەنگ بكەنەوەو تەنیا ڕێگەچارەی دیالۆگ و دانوستان لەبەردەمیان دەمێنێتەوە لەم كاتانەشدا ڕاپۆرتەكانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەر هاتنە ناوەوەی گرووپی پەڕگیر بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە میسرو یەمەن و لیبیاشدا دەدوێن ئەمەریكا و وڵاتانی خۆرئاواش لەمە دەترسان ، ئەنجومەنی ئەفریقی هەر زوو بە زوو نەخشەی ڕێگای بۆ چارەسەری ئاشتیانە داڕشتبوو كە قەزافی پێشوازی لەو هەوڵانە كردو ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ كردن نیشان دا..
هەوڵەكانی توركیا بۆ سازدانی دیالۆگ لە نێوان هەردوولایەندا:
ڕۆژنامەی زەمان لە 6/4/2011 دەریخست كە ناوبژیوانییەكی توركی لە ئارادایە بۆ بەستنی وتووێژی نهێنی لەگەڵ نوێنەرانی حكومەت و ئۆپۆزسیۆن لە لیبیا هەروەها بۆ ڕاسپاردنی دەسەڵات بە كەسایەتییەكی میانڕەوی ناوەندی گونجاو گەر ئەم هەوڵە بەردەوام بێت جەختكردنەوەیە لەسەر هەڵوێستی ئاشتیانەی توركیا بۆ پێوەندی كردن بە هەردوو لایەنەوە بە پێچەوانەی وڵاتانی عارەبی و كۆمكاری عارەبی كە لایانداوەتە لای تەرەفی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆڵی خۆیان بۆ ناوبژیوانی لەدەستداوە، تا لەمدواییەدا وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند كە عێراق لەگەڵ نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی لیبیایی كۆبۆتەوە، كە ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی بێ ئەزموونییە لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە چونكە دەبوایە لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو جەمسەری هاوكێشەكەدا دابنیشتنایە تا رۆڵیان لە ئاشتەوایی بگێڕابایە كە ئەمە ئەركی وڵاتانی عارەبییە ئەو ڕۆڵە بگێڕن وەك ڕۆڵگێڕانێكی مرۆڤدۆستانە لەم ڕووەوە..
تۆڵەسێنی ناشرینترین سیاسەتە:
زۆربەی دەوڵەتانی عارەبی لە تۆڵەی خۆیان دژ بە شەخسی قەزافی كەوتونەتە لای ئۆپۆزسیۆنەوە ئەمەش لە دنیای سیاسەتتدا هیچ خێرێكی بۆ كەس لێ شین نابێتەوە، بەو شێوەیە حكومەتی توركی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی بۆ كۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان قۆزتەوەو بە سەدان برینداری وەك كارێكی مرۆڤدۆستانە گواستۆتەوە بۆ چارەسەركردن وبەمەش نییەت پاكی خۆی لە نیشاندانی چارەیەكی گونجاو بۆ كێشەكە خستۆتە ڕوو، ئەم هەڵوێستە ئیسلامی و مرۆڤانەیەی توركیا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی دەدات ڕاسترین هەڵوێستە هەروەها ڕۆڵی سعودیەش لەگەڵ دیالۆگی ئاشتیانەدابووە هەر لەسەرەتا قەیرانەكەوە وەك چۆن هەمان ڕۆڵیش بۆ چارەسەری قەیرانەكانی بەحرەین و یەمەن دەگێڕێت ،كۆمەڵێك مەرج هەن لەلایەن هەر یەك لە دوو جەمسەری ناكۆكی ناو لیبیاوە گەر هەوڵەكانی ناوبژیوانی بەردەوام بن ئەنجامی بەرهەمداریان دەبێت چونكە تای تەرازووی هێز لای هەردوو لایەنەوە گەیشتۆتە ئاستی هاوسەنگی و چەند هەفتەیەكە لە مسڕاتەو برێگە و راس لارۆف چەقیون ..
دەست بەربوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕۆڵگێڕانی ئاشتیخوازانە:
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دامودەزگاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان هیچ پرۆژەیەكیان بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن پێ نییە، پەیامی نێونەتەوەیی ڕۆڵێكی ئیجابی وا دەخوازێت لەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەوە بۆ بانگێشتی سازدانی دیالۆگ نەك پەلەكردن بۆ پشتگیریكردنی لایەك لە دژی لایەكی تر وەك لە قەیرانەكەی لیبیا كردیان ، نەیەكێتی ئەوروپا نەئەمەریكا ئەو ڕۆڵە ئاشتیخوازانەیان نەگێڕا جگە لە ئەڵمانیاو رووسیا كە دەستێوەردانی سەربازییان ڕەتكردەوە، ئەنجامی كۆتایی لەو هەڵوێست سلبیانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژكردنەوەی ماوەكانی شەڕو خوێنڕێژییە ، زیاتر بوونی موعانات و ئازاری سەدان هەزار هاووڵاتی سڤیلە لە تەرابلوس و شارەكانی خۆرئاوای لیبیا كە ئێستا بێ دەرمان و خۆراك و سووتەمەنی لە گەمارۆیەكی توونددا ژیانی مەمرەو مەژی دەگوزەرێنن ..
پرۆژەو پێشنیازەكان:
رژێمی لیبیا زۆر پڕۆژەو پێشنیازی قبوڵكردووە لەوانە دانانی دەستوورێكی نوێ بۆ وڵات و دامەزرانی دامودەزگای شەرعی و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دەوڵەت و هەڵبژاردنی ئازاد و ڕاپرسی بۆ دیاریكردنی شێوازی سیستمی داهاتووی حوكم كە هەموویان پێشنیازی قابیل بەوەن هەردوو لایەنی حكومەت و ئۆپۆزسیۆن بەسەر مێزی دیالۆگەوە بەفیعلی كاری لەسەر بكەن، ئیتر چ بە سەرپەرشتی توركیا یان سعودیە یان ئەڵمانیا یان رووسیا یان بەهیممەتی هەمووانەوە بكرێت ئومێدێكە بۆ چارەسەرێكی خێرای ئاشتیانە بۆ ئەو گەلە هاوڕێیەی لیبیامان تا لە میحنەتی ناوەخۆ دەربچێتە دەرەوە ..
Top