ئابووری و ستایلێكی گونجاو بۆ كۆمەڵگا لەم قۆناغەی ئێستای عێراق دا

ئابووری و ستایلێكی گونجاو بۆ كۆمەڵگا لەم قۆناغەی ئێستای عێراق دا
وێڕای ئەركە هەنوكەییەكانی سیاسەت كە كۆمەڵگای عێراقی پێوەی سەرقاڵ بووە، بەهۆی توندبوونەوەی قەیرانەكان و ململانێی ئێستای هێزەكانی فەرمانڕەوا لە بەغدا، هەروەها بەهۆی چەكەرەكردنی بزاڤی جەماوەریی كە داوای گۆڕانكاری سەرتاسەری دەكەن بۆ ئەو بارودۆخەی وڵات و دەستەبەركردنی زیاتری ئازادییە گشتییەكانی كۆمەڵگایان گەرەكە، جگە لەمەش گرفتی ناجێگیری ئاسایش كە ژیانی هاووڵاتییانی خستۆتە مەترسییەوەو رۆژانە چەندین كەس بەهۆی ئەو كەشە نائارامە لەناو دەچن، یا لەڕێگای چەكی بێدەنگەوە لەملاوئەولا خەڵكی تیرۆر دەكرێن، خەمی ئابووریش لە پێشەوەی هەموو خەمەكانی ترە كە لە هەڵسوكەوت و گوفتاری خەڵكیدا بەتەواوی رەنگی داوەتەوە، چونكە پەیوەندییەكی راستەوخۆی بەگوزەرانییانەوە هەیە. ئابووری باكگراوەندێكی ئەكتیڤ و بزوێنەری هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا بە تایبەتی لە مەسەلەی دیاردە سلبییەكانی بەكارهێنانی ناعەقڵانییانەی سامانی ئابووری بەنموونە نەوتی خاو كە عێراق هەیەتی، هەروەها سیادەی كێشەی گەندەڵی پارەو گەورەیی قەبارەی بێكاری و بەرفراوانبوونی كەلێن لەنێوان هەژاران و دەوڵەمەندان و غیابی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە دابەشكردنی سامانەكاندا ئەمانە كۆمەڵێك كێشەن رۆژانە خۆیان بەرهەم دەهێننەوەو گرفتەكان قووڵتر دەكەنەوە .
ئەم هۆكارانە لایەنی جۆریی لەژیانی مرۆڤ و كۆمەڵگادا تەسك دەكەنەوە، خۆیان لەسەر ژیانی سیاسی و بزاڤی كۆمەڵگایی و رۆڵی هێزو پارت و كەسایەتییە سیاسییەكانی عێراق فەرز دەكەن، بیرمەندی سۆسیۆلۆژی ئەڵمانی ماكس فیبەر لەسەر حەقە، كاتێك دەستنیشانی سێ فاكتەری بنەڕەتی دەكات، كە تاو بەململانێ كۆمەڵایەتییەكان دەدەن، وەك ئەوانەی لە ناو كۆمەڵگای عێراقیدا هەن، لەوانە ململانێ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی، پارە، پلەو پایەی كۆمەڵایەتی . ئەم دیاردەیە هەموو گەلانی عێراقی پێوە گیرۆدە بووە، بەو گەلانە لە هەرێمی كوردستانیشدا دەژین، بوونی ئەم دیاردەیە جەخت كردنەوەیەكی راستەوخۆیە لەو واقیعەی دەڵێت سیاسەت و ئابووری دوو دیوی یەك دراون، ژێرخانی كۆمەڵایەتی بۆ دەسەڵاتی سیاسی دەستنیشانی سروشتییانەی جۆری سیاسەتی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەكات . ئەم گرفتە ئابوورییە بەهەموو باكگراوەندە سیاسی و ئابوورییەكانەوە چەندین سەدەیە گەلی عێراقی خستۆتە ژێر بارێكی ناهەموارەوە بەبەردەوامی ئومێد دەخوازن، لەگەڵ كۆتایی هێنان بەرژێمی تۆتالیتار قەیرانەكە چارەسەر بكرێت كەس لەو باوەڕەدا نەبوو دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەعێراقدا ڕوویان دا، ئەم قەیرانە بەردەوام بێت، ئەوەتا لە واقیعدا خەمی زۆربەی كۆمەڵگایە كەئەمەش دەرئەنجامێكی لۆژیكییە بۆ سروشتی دەسەڵات و سیاسەتی ئابووری ئێستای كە بەتەمومژ داپۆشراوە، لەلایەكی ترەوە ململانێ لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی حزب و كەسایەتییەكان بوارەكانی ژیانی ئیفلیج كردووە، چونكە ئەوانە بەرژەوەندی خەڵكانی چەوساوەیان پشتگوێ خستووە ئەو خەڵكانەی ساڵەهای ساڵە چاوەڕێی گۆڕانكاری بوون، ئەم ململانێ بارگاوی كراوانەی بەدەستێوەردانی دەرەكی، بەربەستی بەردەم هەنگاوەكانن وای لە كۆمەڵگا كردووە لە شوێنی خۆیدا بچەقێت و بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتووری بشێوی. پێشتر ئابووریزانەكان ناكۆك بوون لەسەر ئەوەی چ ستایلێكی ئابووری گونجاو بۆ عێراق دابنرێت باشە، هەركاتێك لەسەر ستایلێكی دیاریكراو رێك دەكەوتن بەتایبەت ستایلێك پێوەندی بەسروشتی ئەو قۆناغەوە هەبێت كە عێراقی بەسەردا تێپەڕیوە، كەچی شێوازی ئابووری گشتی ناكۆكی كردوون، كە ناكرێت تەنیا ستایلێك ئەم شێوازە دیاری بكات بەڵكو زۆر هەلومەرج و فاكتەر هەن كە چوارچێوەیەكی دیاریكراو بۆ ستایلی گشتی دادەنێن، بەپێی یاسا تایبەتیەكانی ئابووری و تایبەتمەندییەكانیشی، ئێمە لەبەردەم واقیعێكی عێراقیدان، كە لەسەر سیاسەتمەدارو ئابووریزانەكانی فەرز كردووە كە ستایلی ئابووری بازاڕ هەڵبژێرێت، واتا ئابووری سەرمایەداری بەپێی رێسا بابەتییەكانی ئابووری بۆ وەدیهێنانی گەشەكردن، ئەم هەڵبژاردنە گوزارشت لە حەزو ویستێكی زاتی ناكات بەڵكو بەرجەستەبووی پێداویستییەكی بابەتییە كە ناتوانرێت لێی تێپەڕێنرێت، تاكو دەرفەت بۆ هەموو كۆمەڵگا دروست بكات و پێوەندییە هەمەجۆرەكانی بگۆڕێت، بەتایبەتی ئەوانەی پێش سەرمایەداری لە بەرژەوەندی پێوەندییە بەرهەمهێنە سەرمایەدارییەكاندایە، بەو هۆیەی كە مۆدێرنەترن و زیاتر وەڵامدەرەوەی پەرەپێدانی عێراق و گەشەسەندنی ئابوورین.
ستایلی ئابووری بازاڕی ئازاد زاراوەیەكی گوزارشتكارە لەسەروەرێتی پێوەندییەكانی بەرهەمهێنان، چەسپاندنی یاسا ئابوورییە بابەتییەكانی تایبەت بەستایلەكەو میكانیزمی كاركردنەكانی ئەم ستایلە ئابوورییە بەپێی یاسا ئابوورییەكانی پێوەندی قۆرخكاری كۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنرێت، چونكە لەسەر بنەڕەتی موڵكییەتی تایبەتی بۆ ئامرازەكانی بەرهەمهێنان و سەرمایە دادەمەزرێت، هەروەها لەسەر بوونی هێزی كار كە ئەركی كڕین و فرۆشتن لەبازاڕی كاركردندا دەكات، دواجار لەسەر بەهای كەلوپەلە بەرهەمهێنراوەكان كە لەنێوان خاوەن سەرمایەو خاوەن هێزی كار بەو رێژەیەی كە بازاڕەكە كۆنترۆڵی دەكات، دادەمەزرێت. ئەمەش هەموویان وابەستەن بەو یاسایانەی كە لەلایەن رژێمی سیاسی وڵاتەوە دادەڕێژرێنەوە. كاتێك یاساكانی ئابووری سەرمایەداری بەشێوازێكی هەرەمەكی و دوور لە چاودێری كۆمەڵ و حكومەتی دەكەونە كار بەرەو دروستبوونی ناڕێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەچن، ناڕێكی لە دابەشكردنی سامان و سەر لەنوێ دابەشكردنەوەی. هەروەها لە خراپ بەكارهێنانی سامانی كۆمەڵایەتی كە دەبنە هۆی پەیدابوونی بێكاری و هەژاری و جیاوازی لە ئاستی بژێوی خەڵك و داهاتی تاكەكەسی. كە لەدواجاردا كۆمەڵێك هاودژی كۆمەڵایەتی و ململانێی چینایەتی و ناكۆكی سیاسی لێدەكەوێتەوە. لە عێراقدا واقیعی كۆمەڵایەتی لە ئاستی پەرەپێدانی ئابووری و هۆشیاری كۆمەڵایەتیدا زەحمەتە ستایلی ئابووری سۆشیالیستی پێ جێبەجێ بكرێت، بەڵكو ئێمە لەبەردەم ئەركی جێبەجێكردنی ستایلی سەرمایەدارین، بەمەرجێك لە ستایلی دامەزراوەیی پارەو سەرمایەی نێودەوڵەتی خۆمان لابدەین، تا ئابووری كۆمەڵگاكەمان دووچاری گرفتی گەورە نەكەینەوە. بەرنامەی چاكسازی ئابووری و خۆگونجێنی پەیكەربەندی كە لەلایەن دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشنیاز كراوە تەنیا تاك رەهەند نییە بەڵكو بۆ عێراق زۆر دژوارە كە ناتوانرێت خاڵەكانی جێبەجێ بكرێت، بەهۆی نەبوونی پێداویستیەكانەوە، هەروەها كۆمەڵێك ئەركی بنەڕەتیش دەفەوتێنێت لەوانە :
1- پێوەندی ئۆرگانی نێوان سیاسەت و ئابووری و بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگا دەفەوتێنێت كە پێویستە رەچاو بكرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەم كارە مومارەسەی سیاسەتێكی چینایەتی تووند دەكات، سیاسەتێك بەرژەوەندی وڵاتانی پێشكەوتووی سەرمایەداری دەپارێزێت، هەروەها بەرژەوەندی توێژەكانی خاوەنداری بنەماكانی بەرهەمهێنان سەردەخات لە گفتوگۆی دیموكراتی سیاسی دوور دەخاتەوە. هەروەها زۆر لەسەر لیبرالیەتی ئابووری و ئازادی كێبركێ دەدوێت بەوشێوەیەی توانای وڵاتانی تازە پێگەیشتوو لەسەر كێبركێ و مانەوەیان لەناو بازاڕی نێودەوڵەتی لاواز دەكات بەهەموو مانای وشە، بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتی و دیموكراتییەكان و مافەكانی مرۆڤ لەناو ژیانی سیاسی دیموكراتیدا لەبیر دەباتەوە، هەروەها رۆڵی چالاكانەی دامەزراوە ئابووری و ژیارییەكانی سەندیكاش لاواز دەكات تەنیا خەمی جەخت كردنەوەیە لەسەر تێكەڵكردنی ئابوورییەكان و بازاڕی ئەم وڵاتانە بەبازاڕی نێودەوڵەتی و كردنەوەی دەروازەكانی لەبەردەم چالاكییە قۆرخكارییە نێودەوڵەتییەكان، هەرەوەكو چۆن داوا لە حكومەتەكانی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دەكەن پابەندی ئیرادەی سیاسی وڵاتانی پێشكەوتوو ببن بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی سەپاندنی ئابووری، بەجێبەجێكردنی ئەو جۆرە سیاسەتە ئابوورییەی زۆربەی رەهای خەڵكی سوودی لێنابینن. بەڵكو كەمینەیەكی كەمی كۆمەڵگا لێی سوودمەند دەبن.
2- ئەمجۆرە سیاسەتە بەرژەوەندی توێژە هەژارو چەوساوەكانی كۆمەڵگا دەخەنە ژێر پێوە، كە پێویستیان بەپشگیری حكومی هەیە لەهەموو شێوەكانییەوە، بەتایبەت لە عێراقدا كە تازە لەژێر دەستی دیكتاتۆرییەت و گەمارۆی ئابووری و كۆمەڵێك جەنگی وزە پروكێندا هاتۆتە دەرەوە، كە بەهۆیانەوە حاڵەتی هەژاری لەناوەندە میللییەكاندا زۆر بووە، ڕێژەی دانیشتووانی وڵات لەوانەی لە ژێر هێڵی هەژاری دان زۆر بوون، لەباری ئێستادا دامەزراوەكان داوای لابردنی كۆبۆنی خۆراك دەكەن كە دەبوایە بۆ ئەوانەی كە پێویستیان پێیەتی باشتر بكرایە، ئەم داواكردنەی دوایی بووە هۆی داگیرسانی فتیلەی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە.
3- ئەم واقیعەی كە ئەم وڵاتانە لەبیری دەكەن گرنگییەتی بوونی كەرتی حكومییە كە ئەكتیڤ و دینامیكی بێت، هەروەها لەڕووی كارگێڕی و تەكنیكییەوە ئامادەكرابێت و لەرووی سیاسیشەوە سەربەخۆ بێت بۆ جێبەجێكردنی چالاكییە ئابوورییەكان بەتایبەت هەندێكیان سەرچاوەی سامانیان لا كەڵەكە بووەو دەتوانن بۆ كاری گەشەپێدان ئاڕاستەی بكەن، چونكە كەرتی تایبەت لەو بوارەوە بەهێواشی دەچێتە پێشەوە، بۆیە دەوڵەت پێویستی بە زیادەی بەرهەمهێنان هەیە لەو پرۆژانەدا كە سەرمایەی كەرتی تایبەت ناڕژێتە ناوی، لەپێناوی دابینكردنی پشتگیری رێژەیی حكومەت و دوورخستنەوەی پرۆژەكان لە قۆرخكاران .
4- هەروەها داوا دەكرێت خەرجی بەكارخستنی حكومی كەم كرێتەوە، تاكو ناڕێكییەكانی ئێستا كە كۆمەڵگای كردووە بەدوو سەربازگەوە تووندتر نەبنەوە، كە لایەنی هەژاران و دەوڵەمەندانە، هەروەها پێگەی توێژی ناوەند لە بەرهەمهێنان ناهێڵێت لەسەر نەخشەی كۆمەڵایەتی دانیشتووانیش بێكاریان دەكات، هەروەها لایەنی دەوڵەتی هان دەدات بۆ كڕینی چەك، بەمەش بودجەی ئەم وڵاتانە لەكەمی دەدەن و تووشی قەرزاری دەرەكی دەبنەوە، لەدوا جاردا ناچاریان دەكات گرفتە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەكانیان لەڕێگای جەنگەوە چارەسەر بكەن . ئەم سیاسەتەی چەكداركردنی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بەهۆی قەرزەوە رەت ناكاتەوە، ئەو زیانە گەورانەی كە بەرچالاكی ئابووری و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزاری و سووەكانیەوە ژیانی خەڵكی تێك دەدەن لەبیر دەكات، هەموووشمان دەزانین چی كارەساتێك لەدوای ئەم حاڵەتانەوە دروست دەبن خراپترینیان نەمانی پارەیە بۆ تەرخانكردنی لەبوارەكانی پەروەردەو تەندروستی گشتی و كەلتوورو گواستنەوە تاد ..گەلانی راپەڕیوی عەرەب كاتێك هەستاون هۆكاری هەستانەكەیان بەهۆی سیاسەتی دیكتاتۆری و داپڵۆسێنەری سیاسییەوە بەتەنیا نییە بەڵكو بەهۆی ئەو سیاسەتە ئابوورییانەوەیە كە حكومەتەكانیان پیادەیان كردووە لەسەر بنەمای ئابووری بازاڕی ئازادو بەكوالێتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بەنكی نێودەوڵەتی و رێكخراوی بازرگانی جیهانی كە نەك دادپەروەری كۆمەڵایەتی رێژەیی دروست ناكات بەڵكو بێكاری و هەژاری كەلێنی گەورەی لە نێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵگا خستۆتەوە هەموو پارەو سامان دەخاتە دەستی توێژێكی كەمی كۆمەڵگاو زۆربەی خەڵكیشی لێبێبەش دەكات، لەبەر ئەوە ململانێ كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەكان تووندوتیژیان تێدەكەوێت و دەمانگەیەننە ئەو حاڵەتەی كە ئێستا گەلانی وڵاتانی عەرەبی تێیكەوتوون كە بەناچاری دەچنە پێشەوە بۆ دیاریكردنی چارەنووسیان و كۆنترۆڵكردنی داهاتوویان، گونجاوترین پێشنیاز بۆ قۆناغی ئێستای عێراق، ئابووری بازاڕی كۆمەڵایەتییە گەرچی ئەمە ستایلێكی ئابووری سەرمایەدارییە بەڵام بەستراوەتەوە بەم واقیعەی پێویستی بە مامەڵەیەكی كۆمەڵایەتی تایبەت هەیە دەكرێت سەرەكیترین لایەنی ئابووری بازاڕی كۆمەڵایەتی بەمشێوەیە دیاری بكەین:
1- پێدانی رۆڵێكی ئەكتیڤ و سەرەكی بۆ كەرتی تایبەت و هاندانی و پشتگیریكردنی دەسەبەركردنی ئامڕازەكانی پەرەپێدانی ئەم رۆڵەی لە ئابووری عێراقیدایە، ئەمەش لە ڕێگای دەوڵەتەوە .
2- پێدانی رۆڵێكی گرنگتر ئەویش بە نەخشەو پلانەوە بۆ كەرتەكانی نێودەوڵەتی تا تەواوكاری ئەركی كەرتی تایبەت بێت، هەروەها رۆڵی قۆرخكار ببینێت بۆ كەرتی دەرهێنان و دابەشكردنی نەوتی خاوو پرۆژەكانی ژێرخانی ئابووری لەوانەش كەرتی ئاوو كارەبا، بەمەرجێك رۆحی كێبركی دروست بكات لەنێوان ئەو گرووپانەی كاری پیشەسازی گۆڕین دەكەن، كە دواجار سوودی هەیە بۆ ئابووری نیشتمانی و كۆمەڵگاش چونكە كەرتی تایبەت بەتەنیا ئەم ئەركەی پێ هەڵناگیرێت بۆیە كەرتی دەوڵەت پابەند دەبێت بەكاركردن لەسەر بنەماكانی ئابووری و چاودێری، ئەوەش بەپێی میكانیزمەكانی ئابووری بازاڕ لە بواری كێبركێ و هەروەها كۆنترۆڵكردنی تەكلیفەی بەرهەمهێنان و نرخەكان و هاندانی ئابووری بۆ وەبەرهێنەرانی.
3- ئەكتیڤكردنی رۆڵی هەردوو كەرتی هاوبەش و هەرەوەزی بۆ ئەوەی پرۆسەی پەرەپێدانی خێراو سەركەوتووی چالاكی كەرتی تایبەت و دەوڵەتی و كۆمەڵگایی بەشدار بن بەتایبەت لەبواری گوندەكان و پیشەسازی بچووك بەڵام بەتەكنیك و كوالێتی بەرزەوە كە زەحمەتە بەتەنیا كەرتی تایبەت ئەم لایەنە پێش بخات، یا دەكرێت وەبەرهێنە بچووكەكان هەموویان لە كۆمەڵەی هەرەوەزی كۆبكرێنەوە تا بەرهەمەكانیان دیار بێت .
4- جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابووری بازاڕی كۆمەڵایەتی پێویستی بەم خاڵانەیە:
• دەرچواندنی یاسای تایبەت بە رێگەگرتن لە قۆرخكاریی و دانانی ئاستێك بۆ ناڕێكخراوەیی كێبەركێی و وەرگرتنی باجە هەڵكشاوەكان لەسەر سامانی راستەوخۆی دانیشتووان و كەمكردنەوەی باجی ناڕاستەوخۆ كە لەسەر شتومەكە خزمەتگوزارییەكان دادەنرێن. كە جیاوازی ناكەن لە نێوان خەڵكیدا لەسەر بناغەی دەستكەوتی ساڵانەیان و ئاستی بژێوییان..
• دانانی ئاستێك بۆ موچەو یەكسان كردنی لە نێوان پیاوان و ئافرەتان لەو كارانەی كە هاوبەشن تێیدا.
• دانانی یاساكانی دابینكردنی تەندروستی و كۆمەڵایەتی پەككەوتەیی و موچەی خانەنشینكردن و پشووی ساڵانەو هاوكاری بۆ نەخۆشكەوتن و دووگیانی ..تاد
• گرنگیدانی زیاتر بە كێشەكانی كە بەهۆی نادادپەروەری كۆمەڵایەتی و ژیانی و بارودۆخی كرێكاران و دیاریكردنی ماوەكانی كار دەكەونەوە هەروەها هاوسەنگ كردنی موچە لەگەڵ زێدەبایی وو...تاد
• پێشكەشكردنی پشتگیری حكومی بەردەوام بۆ ئەو خۆراك و كەلوپەلانەی هەژاران چینی چەوساوە پێویستیانە، لەوانەش نان و هەندێك خۆراكی كشتوكاڵی كە لە بازاڕەكانی جیهانیدا كێبەركێی زۆریان لەسەرەو ئەمەش بۆ زامنبوونی بەرهەمهێنان لە عێراقدا هەروەها پاراستنی ئاسایشی خۆراكی .
5- سەندیكاو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی رۆڵی ئەكتیڤانەی خۆیان ببینن بۆ تێكۆشان لە پێناوی دەستەبەركردنی مافی كرێكاران و كارمەندانی كارگێڕی، تاكو چارەسەری ئەو ناكۆكییانە بكەن كە لەنێوان كارو سەرمایە دروست دەبێت بەمشێوەیە دەتوانین ئەو بنەمایانە دابین بكەین كە ڕێگا دەگرن لە تووندبوونەوەی ململانێی چینایەتی یا ململانێی كارو سەرمایە لە پێناوی پێشخستنی پەرەپێدان و سوودوەرگرتن لەهەموو هێزو تواناكانی وڵات، قەناعەتم وایە كە عێراق لەم كاتەی ئێستادا لە ڕووی تێوری و پراكتیكەوە ناتوانێت سیاسەتی كرانەوەی ئابووری پیادە بكات، چونكە لە ڕووی پراكتیكەوە توانای خۆی كەمە بۆ پەرەپێدانی ئابووری، هەروەها ناتوانێت بواری كشتوكاڵ تازە بكاتەوە بەهۆی ئەو كێبركێ ناهاوسەنگەی دروست بووە بۆیە دابینكردنی گەیشتن بەپرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام پێویستی بەوەیە بازرگانی دەرەكی لە پێنج هۆكاری بنەڕەتیدا كۆبكرێتەوە.
• پەرەپێدانی بەردەوام بخرێتە خزمەتی پرۆسەی پەرەپێدانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و فێركردن و ژینگەو كەلتوورەوە واتا پەرەپێدانی ئابووری و مرۆیی لە پێناوی وەدیهێنانی كەڵەكەبوونی لایەنی مەعریفەی بەردەوام لە سامانی نیشتمانیدا .
• تێركردنی بازاڕ بەكەلوپەلی بەكارهێنان لەگەڵ گرنگیدان بەجۆری ئەو كەلوپەلە هێنراوانەی دەرەوە.
• پێویستە دەوڵەت بۆ ساڵانی داهاتوو رۆڵی رێكخەرو ئیجابیانەی كاریگەری هەبێت لەسەر جووڵاندن و ئەكتیڤ بوونی یاسای خواست و خستنەڕوو لە پێناوی دابینكردنی سەقامگیری لە نرخەكان و خوڵقاندنی هاوسەنگی عەقڵانی لە نێوان مووچەو داهاتی تاكەكەسی ساڵانەی خێزانەكان بەتایبەت ئەوانەی كە داهاتیان نزم و دیاریكراون، هەروەها دابینكردنی كەلوپەلە پێویستەكانی كۆمەڵگا بەنرخی گونجاو .
• هەمەچەشنەكردنی سەرچاوەكانی داهاتی نەتەوەیی لە ڕێگای زیادكردنی رۆڵی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و كشتوكاڵی نەك تەنیا نەوتی خاوو غازی سروشتی كە ئێستا كۆی هاوردەكردنی پێوە پابەندە .
• هەوڵدان بۆ وەدیهێنانی هاوسەنگییەكی رێژەیی لە تەرازووی بازرگانی عێراقیدا بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر، هەروەها هاوسەنگی كردن لە نێوان هێنراوو هەناردە، كە دەتوانێت كاریگەری ئیجابی دروست بكات لەسەر تەرازووی پێدان.
• سیاسەتی نەختینەو بانكەكان و كۆمپانیاكانی دڵنیایی رۆڵێكی هاندەر بگێڕن لە وەدیهێنانی گەشەسەندنی ئابووری، ئەمەش بەپێی روانینەكانی ئابووری بازاڕ، لێرەدا سیاسەتی دارایی دەبێتە ئامڕازێك بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی ئابووری .
Top