ئیراده و ئیدارە

ئیراده و ئیدارە
زانای بواری زمانی ئەڵمانی پڕۆفیسۆر دوکتۆر لوتز ماکینسۆن لە کتێبێکی زمانەوانیدا بەناوی ئەڵمانییەکی باش لە نووسین و ئاخافتندا دەڵێت
‎‎‎‎‎ـــ “ لە نووسین و ئاخاوتندا هەتا وشەی ئەڵمانی بۆ واتاو مانایەکی دیاریکراو هەبێت، نابێت وشەی بیانی بەکاربێت، چونکە ئەوە کارێکی ناماقووڵه، خۆ ئەگەر وشەی خۆماڵی وامان نەبوو بە تەواوی ئەو مانایە ببەخشێ، ئەوکات پەنا بۆ وشەی بیانی دەبەین.”
بەڕای پسپۆڕان و زمانناسانی وەکو دوکتۆر جەمال نەبەز و ڕەوانشادان مەسعود محەمەد و ح.س.سۆران و هی تریشەوە، لە ئاکامی دراوسێتی و پەیوەندی و ئاڵوگۆڕەوە شیمانەی جێگۆڕکێی وشەو زاراوەی زمانە دراوسێ و تەنانەت دوورەکانیش بۆ ناو یەکدی هەمیشە هەبووەو هەیە، بۆخۆشم ئەوەم لە نێوان زۆر لە گەلانی دنیادا بینیوە، بۆیە بەلامەوە کارێکی ئاسایی و سروشتییە، بەڵام بەداخەوە ئەم دیاردەیە لەڕابوردوو و ئێستای کوردستاندا زۆر لەوەی تێپەڕاندووە کە تەنها بە ئاڵوگۆڕی سروشتی و دراوسێیانە لێكبدرێتەوە.
بە درێژایی مێژوو نەتەوه سەردەستەکانی کوردستان لەگەڵ سەپاندنی زمانەکەیان بەسەرماندا، سەتان و بگرە زێتر لەوەش وشەیەیلی نازداری کوردییان بە داگیرکاری بردۆتە نێو زمانەکانیانەوە، بێئەوەی ئاماژە بە کوردیبوونیان بکرێ، تەنانەت کردوویانە بە موڵکی ڕەسەنی خۆیان و هەر یەکەیان بە جۆرێ خۆی دەکاتە خاوەنی.
ئەگەر پێکەوە لە تەك خوێنەری بەڕێزدا بیسەلمێنین لاپەڕەکانی مێژووی ئێمە پڕە لە داگیرکاری بە دەس ئەو سێ برا گەورە موسڵمانانەی دراوسێمانەوه، ئەوکات دەزانین بەشی خاکمان کاولکاری و بەشی خەڵکیش ماڵوێرانی بووە، بەڵام دەبێت لەوە زیاتر و ئەوەش بزانین کە ئەوان جگە لە شمشێر و چەکه کوشندەکانیان، چەکی ئایدیاو هزر و دنیابینینی خۆیان هێناوەو بەسەرماندا سەپاندویانە، کە ئەمەیان ئەگەر کاریگەری لە شمشێره کانیان زۆرتر نەبووبێ، کەمتر نەبووه.
باوەڕم وایە یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەهامەتی کورد ئەوەیە کە لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دەگمەن نەتەوەیەكی دی وەکو ئەو دەبینین هێندە ئامادەیی تێدا بووبێت بۆ پیرۆزکردن و خۆ بە قوربانیکردنی هزر و ئایدۆلۆژییە بیانییە جیاوازەکانی کە بە درێژایی مێژووەکەی دەیان جار بە شەپۆلی چڕو پڕ هاتوون یان هێنراونەتە کوردستانی خاکی خۆڕسکی هەزاران ساڵەی.
ئێمە بۆ تەنها جارێكیش نابینین کورد وەکو نەتەوەکانی دی ئایدۆلۆژیایەکی کردبێت بەقوربانی خۆی یان هەرهیچ نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندی و دابونەریتی خۆیدا سازاندبێتی تا سوودی لێوەربگرێت، بە پێچەوانەوە ئەم خۆی لەتەکدا سازاندووه، هەندێ جار لەوەشی تێپەڕاندووە و خۆی کردووە بە خاوەنی و لە ڕیزی یەکەمی بەرگریکارانی بووە، بۆیە هەمیشە ئەو هزر و ئایدیایانە ئەوپەڕی کاریگەرێتی بەسەر کوردەوە هەبووە، کە بێگومان زۆربەی جار نەرێنی بووە.
ئەو کاریگەرێتییە تا ئێستاش زۆر بە ڕوونی بەسەرجۆری ژیان و دابونەریت(ترادیتسیۆن)ی خەڵکیدا زاڵە، تەنانەت بیرکردنەوەو ڕوخساری بەرهەمەکانی زۆرێك لە بەناو ڕۆشنبیرەکانی کوردیش لەوەی تێنەپەڕاندووە.
خۆ ئەگەر لەوە بگەڕێین کە ئەو بۆچوونە نەویستراوو بەکارهێنانی وشەو دەستەواژە زۆر و ئاڵۆزانە کە نە سوود بە مێشك، نه ئاسوودەیی بە دەروون، نە خۆشی بە دڵ دەگەیەنن نیشانەیەکی دیاری بێسەلیقەیی و ناکارامەییانە، ناتوانین لەوەیان بگەڕێین کە چ کارەساتێکی زمانەوانیان قەوماندووە کە ناکرێ بە گەورەکردنی ناو و فەلسەفاندنی بابەتەکانیان پەردەپۆش بکرێت.
ئەوان کە لە پێناوی ئەوەی لە مێشکیاندایە، سڵ ناکەنەوە لەوەی سەتان وشەی ناسازی، ناپێویستی، بیانی بەکاربهێنن، هەمووی لە ناشارەزاییانەوه نییە، بەڵکو دەیانەوێ بەو کارەیان خۆیان لەوه بەرزتر نیشان بدەن کە لە ئاستێکدابن هەمان ئەو وشە کوردیانە شایانی نووسینەکانی ئەوان بێت.
ئەو کۆلکە خوێندەوارە خۆ بە زلزانانە بەرانبەر فەرهەنگ و خەڵکی کوردو خۆ بەکەمزانانە بەرانبەر نەتەوەو زمانەکانی دراوسێ، بەو هزر و وتار و ڕەفتارە نەرێنییانەیان که وەك چەکوش پێی بەربوونەتە ئەو خانەیەی خەریكە بۆ کورد دروست دەبێت، گەر وا دەزانن لە کەشکەلانی زانین دان، زۆر بە هەڵەدا چوون، بەڵام هەڵەی ئەمان گەلێك گەورەیە، چونکە ئیرادییە نەك ئیداری.
Top