ئازادی رادەربڕین و ئازادی بیروباوەڕی دینی

ئازادی رادەربڕین و ئازادی بیروباوەڕی دینی
ئازادی بە مانای رزگاربوونی ئادەمیزاد لەهەموو کۆت و بەربەستەکانی كە رێگرن لەبەردەم توانا و جموجۆڵ و بەرهەمەکانیدا، چ بەربەستی ماددی بن یان مەعنەوی، ئەوەش بەمانای رزگاربوونی ئادەمیزاد لە کۆیلایەتی لەهەموو بوارەکانداو رزگاربوونی لەدەست فشارو زۆرەملێ. ئازادی رادەربڕین یان گوزارشت (التعبیر) بەمانای ئەوەی ئادەمیزاد بتوانێت بەبێ فشار و زۆرەملێ گوزارشت لە ڕا و بۆچوونەکانی بکات بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ سزا و ئەشکەنجەیەک بێتەوە، چ لە رێی قسەکردن، گفتوگۆ، نووسین، ئەدەب یان هونەر، بەبێ هیچ سانسۆر و سنوورێک، ئازادی رادەربڕین بەم مانایەش ئازادی پەرستن و رۆژنامەوانی و هەروەها خۆپیشاندانیش ئەگرێتەوە.
ئەگەرچی ئازادی باوەڕ و بەتایبەت باوەڕی دینی ئەکەوێتە ژێر خانەی ئازادی رادەربڕینەوە، بەڵام بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانی دینەکانەوە هەمیشە بەریەککەوتنێک هەبووە لەنێوان ئازادی رادەربڕین و ئازادی هەڵگرتنی باوەڕی دینی بەتایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی دینیەوە، ئێستا لەگەڵ ئەوەی دین چەمکێکە لە پەیوەندیی ئادەمیزاد بە خوداو دینەکەیدا چڕدەبێتەوە، بەڵام ئەو چەمکە لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو ئیستا هەر ئەو چەمکە خوێندنەوەی تری بۆ دەکرێ لەبەر سەرهەڵدانی دەوڵەتی مەدەنی هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی دیاردەی مەزهەبی و تایەفەگەری، وەک بۆ نموونە تێڕوانینی سوننە بۆ ئازادی باوەڕ و پەرستن جیاوازە لە تێڕوانین و بۆچوونی شیعە، بەهەمان شێوە تێڕوانینی دەوڵەتەکانیش جیاوازییان هەیە لەو بوارەدا، وەکوو بۆ نموونە دەوڵەتی ئێران لەگەڵ تورکیا و هەروەها لەگەڵ دەوڵەتی سعودیە لە پێناسەکردنی ئازادیەکان و بەیاساکردنیان. ئەگەرچی لەدەرەوەی ئەمانە هەمووی شتێک هەیە پێی دەوترێت رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەویترو لە کۆتاییشدا ئازادی هیچ ناوێکی تر هەڵناگرێت و چەمکی ئازادی بیروباوەڕی دینیش بریتییە لە پەیوەندی ئادەمیزاد بە خوداوە.
لە ڕووی یاساییەوە لەگەڵ پێشکەوتنی ژیان و ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر شێوازی ژیان و بیرکردنەوەو دنیابینی ئادەمیزادەکاندا هاتووە لە سایەی دەوڵەتەکانداو پەرەدان بە یاساکان بە ئامانجی ئەوەی دین لەگەڵ ژیانی سەردەمدا بگونجێت، زۆربەی دەستوورەکانی وڵاتان لە جیهاندا ئاماژەیان بە ئازادی رادەربڕین (گوزارشت) و لەگەڵیدا بە ئازادی پەرستن و تێڕوانینیان بۆ پیرۆزییە دینیەکان داوە کە بەشێکە لە ئازادی رادەربڕین نەک بە پێچەوانەوە. لەم بوارەشدا گوتراوە ئازادی رادەربڕین دایکی دیموکراسیەتە. هەروەک دادگای باڵای ئەمەریکی پێناسەی یەکەمین دەستکاریکردنی دەستووری ئەمەریکی کرد کە ئازادی رادەربڕین زامن دەکات و بە یاسا پارێزگاری لێدەکات. ئەمەش مانای ئەوەیە کە یاسایەک یان بەندێکی دەستووریت هەبوو باسی لە ئازادی بیر و را و رادەربڕین (گوزارشت) کرد ئیتر ئەوە دایکی هەموو یاساکانە چونکە دەرەئەنجام ئازادی باوەڕی دینی و پەرستنیش ئەگرێتەوە، ئیتر پێویستت بەوە نابێت وەبیری کەسی بهێنیتەوە کە دەبێت رێز لە دین و پیرۆزیە دینەیاکن بگرێت بە یاسایەکی جیا.
هەڵبەتە فەلسەفەی پەیوەندیی گەڕاوەی نێوان ئازادی رادەربڕین و ئازادی پەرستن لەوەدایە کە وابەستەی هەبوونی باوەڕ و ئیمان بە هەبوونی ئازادی گوزارشت و بیروباوەڕە، ئەگەر ئازادی رادەربڕین نەبێت ئازادی پەرستن و بیروباوەڕی دینی نابێت، بۆیە ناکرێ بەهیچ جۆرێک لە جۆرەکان هیچ یاسایەک هەبێت کە زەمانەتی ئازادی بیروباوەڕی دینی بکات و داوای رێزگرتن بکات لە پیرۆزیە دینیەکان، بەڵام لەسەر حسابی ئازادی رادەربڕین و پێشێلکاردنی. چونکە ناوەڕۆکی ئازادی بیروباوەڕی دینی لە فەلسەفە و چەمکی هەڵبژاردندا (الاختیار) چڕدەبێتەوە دوور لە زۆرەملێ و فشار. بەبێ هەبوونی ئازادی بیروڕا و فکرەکان و ئازادی بڵاوکردنەوەیان مومکین نییە ئازادی راگەیاندنی دین و هەڵگرتنی بیروباوەڕی دین هەبێت، ئەسلەن ئازادی رادەربڕین زەمانەتی بەردەوامبوونی بیروباوەڕە دینیەکان ئەکات.
هەڵبەتە ئازادی بیروباوەڕی دینی دوو رەهەندی کەسی و کۆمەڵایەتی لەخۆ ئەگرێت، رەهەندی یەکەم لەوەدا ئەبینرێتەوە کە ئادەمیزادەکان ئازادی دەربڕین و راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی را و بۆچوونەکانیان هەبێت لە رێگەی گوزارشتکردن لەخودی خۆیان وەکوو ئاەمیزاد، لە کاتێکدا رەهەندە کۆمەڵایەتیەکە ئادەمیزاد ئەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتی، بۆیە ئەمجۆرە ئازادییە گەورەترین پایەکانی سیستەمی دیموکراسیە. لەبەر ئەوەی ئازادی دینی بەشێکە لە ئازادی رادەربڕین ناکرێ بەشەکە هیچ کاریگەریەکی نەرێنی هەبێت بۆ سەر ئازادیە گەورەترەکە. ئازادی بیروڕا بەهەموو جیاوازیەکانەوە زەمانەتی ئازادی ئەکات وەکوو چەمکێکی فرەڕەهەند بۆ هەموو جۆرەکانی ئازادییەکان. ئەمەش بە مانای ئەوەی ئەوانەی پێداگری لەسەر رێزگرتن لە پیرۆزیە دینیەکان دەکەن پێداگری لەسەر پێشێڵکردنی یاسایەکی سەردەمی دەکەن کە هەموو ئازادیەکان بە ئازادی دینیەوە دەگرێتەوە.
ئەگەر بەدەستووری ئەو وڵاتانەدا بچینەوە کە لەسەر بنەمای دین و شەریعەت وەکوو بنەمایەک بۆ یاسادانان دروستبوون دەبینین لە دەستوورەکانیاندا ئازادی بیروباوەڕی دینیان بە جیا لە ئازادی رادەربڕین کردووە، وەکوو لە دەستووری: لە دەستووری وڵاتی سعودیەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ هیچ جۆرە ئازادیەک نییە، دەستووری میسری لە ماددەی ٤٧ی باس لە ئازادی بیروڕا ئەکات، بەڵام پێش ئەوە لە ماددەی ٤٦یدا باسی لە ئازادی بیروباوەڕی دینی کردووە. لەدەستووری عێراقدا لە ماددەی ١٠یدا باس لە ئازادی بیروباوەڕی دینی ئەکات و لە بڕگەی دووەمی ماددەی ٣٥یدا باس لەوە دەکات کە دەوڵەت زەمانەتی پاراستنی تاک ئەکات لە هەموو جۆرەکانی زەۆرەملێی فکری و سیاسی و دینی. بەڵام لە دەوڵەتەکانی وەکوو رۆمانیا و بەلچیکا و کەنەدا و ئیسپانیا هەردوو ئازادی بیروڕا و هەڵگرتنی بیروباوەڕی دینی بەیەک بڕگە باس کراون. بەڵام لەهەموو ئەم دەستوورانە جوانتر دەستووری ئیتالیە کە یەک ماددەی هەیە ئەویش ماددەی ٢١ـە کە باس لە ئازادی بیروڕا ئەکات و لە ماددەکانی ٢ و ٣ و ٧ و ٨ و ١٩ و ٢٠یدا تەئکید لەسەر پرەنسیپی بەعیلمانیکردنی دەوڵەت ئەکاتەوە، چونکە تەواو لەوە تێگەیشتوون کە تەنها لە قودرەتی دەوڵەتی عیلمانیدایە کە زەمانەتی هەمووجۆرە ئازادیەکان بکات بە ئازادی دینیشەوە.
هەروەها هەموو پرۆتۆکۆل و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان کۆدەنگیان لەسەر جەختکردنەوە لەسەر زامنکردنی ئازادی بیروڕا و پاراستنی بەیاسا کردوە، لەوانە: جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ کە ماددەی ١٨ی باس لە ئازادی بیروباوەڕی دینی ئەکات و ماددەی ١٩ی باس لە ئازادی رادەربڕین ئەکات. هەمان شتیش لە رێکەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئەوروپی کە ساڵی ١٩٥٠ دەرچووە لە ماددەی ٩یدا باس لە ئازادی بیروباوەڕی دینی دەکات و ماددەی ١٠ی باسی ئازادی بیروڕا دەکات. هەروەها میساقی ئەفەریقی مافەکانی مرۆڤیش کە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن سەرۆکە ئەفەریقیەکانەوە واژووکراوە بە دوو ماددەی جیا، ٨ی باس لە ئازادی بیروباوەڕی دینی ئەکات و ٩ی باس لە ئازادی بیروڕا ئەکات. جگەلەمانەش میساقی عەرەبی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ٢٠٠٠ ماددەی ٣٠دا باسی ئازادی بیروباوەڕی دینی ئەکات و ماددەی ٣٢ باسی ئازادی رادەربڕین ئەکات. بەڵام هیچ ماددەیەک نابینیتەوە داوا لەخەڵک بکات رێزیان هەبێت بۆ پیرۆزییە دینیەکان، چونکە ئەوە شتێکە پەیوەندی بە خودی ئادەمیزادەکانەوە هەیە.
لەکۆتاییدا ئەم هەموو یاسایانە بۆ زیاتر رێکخستنی ژیانی مرۆڤ و هەڵگرتنی زۆرترین زەبروزەنگە لەسەر ئادەمیزاد، نەک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکانی، مەبەست لێیان ئاسانکردنی ژیانی کۆمەڵگایە نەک ئاڵۆزکردنی، مەبەست لێیان دابینکردنی زیاترین کەرامەتە بۆ ئادەمیزاد نەک سووکایەتی پێکردن و ملکەچکردنی بۆ شتێک کە رەنگە باوەڕی پێی نەبێت، ئەسڵەن بۆ فراوانکردنی سنووری ئازادیەکانیەتی نەک بۆ بەرتەسککردنەوەی.
Top