وەهمی پەردەی کچێنی

وەهمی پەردەی کچێنی
ماوەی رابردوو بابەتێکم خوێندەوە زۆری ڕاچڵەکاندم، هێشتا لەژێر کاریگەری وشەکاندا بووم، لە چەند کەسێکم پرسی داخوا ئەوە ڕاستە؟ داخوا خەڵک ماوە هێشتا بەو جۆرە بیردەکاتەوە؟ ژنێکی بەتەمەن وتی: ئەی بۆ نا؟ خەڵک هەن زۆر لەوە خراپتر بیردەکەنەوە. ئەی ئەگەر وانەبێت ئەو هەموو ژنە ڕۆژانە بۆ دەکوژرێن یان ناپرسی ئەو هەموو ژنە لە داخی چی خۆیان ئەکوژن یان دەسووتێنن؟
سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران بوو ژنێکم دەناسی مێردەکەی لە بەرەکانی جەنگ بوو، چەند مانگ جارێک ئەگەر بۆی بکرایە سەردان بکاتەوەو ئەم ژنە ببینێت، ژنەکەی دابووە دەست ماڵی باوکی، رۆژێک ژنەکە بە گریان هات بۆ ماڵمان، بینیم هەموو لەشی شین بۆتەوە، وتم کێ وای لێکردوویت خۆ مێردەکەت لێرە نییە؟ گوتی ئەوە شوبراکەم وایلێ کردووم، کە چووم قسەم لەگەڵ شووبراکەی کرد، وتی پێم وتوە چام بۆ لێنێت، وتوویەتی دەستم گیراوە، منداڵەکەم لە حەمام ئەشۆم، چووبوو هەر لەناو حەمامەکە لێیدابوو و لەشی شین کردبۆوە، وتم بەس تۆ بۆت نییە نەک لێی بدەی، بۆت نییە داوای لێبکەیت چایت بۆ ئامادەبکات، وتی: ئەی مەگەر (ژنمان نییە؟) براکەم بە ئەمانەت لای من بەجێی هێشتووە، من بۆم هەیە لێشی بدەم و بۆم هەیە سەریشی ببڕم..
دەگەڕێمەوە سەر بابەتەکەی كە خوێندمەوەو رایچڵەکاندم: گوایا بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی چاودێر تەنها ساڵی‌ 2012 دا پشكنینی په‌رده‌ی كچێنی بۆ 320 كچ ئه‌نجامدراوه‌. لەم سەدەی بیست ویەکەدا و لەم سەردەمی عەولەمە و کرانەوە و گۆڕانی تێرم و پێناسەکان بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ هێشتا کچ هەن پشکنین بۆ پەردەی کچێنیان دەکرێت. زۆر سەیرە لە هەموو دنیاو لەهەموو زەمانەکانی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا ناوی (کچ و ژن) بە تەمەنەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا لای ئێمە بە تەوقیتی شووکردن و یەکەمجار سێکس کردنەوە بەستراوەتەوە، بەواتایەکی تر ئەگەر ئافرەتێک تەمەنی بگاتە پەنجا و شەست و بەرەوژوورتریش ئەگەر شووی نەکردبێت، نابێت سێکسی کردبێت، نابێت (پەردەی کچێنی) لەدەستدابێت، کەواتە هێشتا کچە و بە ژن ناونابرێت.
بەشبەحاڵی خۆم نەمدەزانی پەردەی کچێنی وەهمێکەو لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی خۆرهەڵاتی وەکوو کوردستاندا هەتا ئێستا عەقڵەکانی پێ فریودراوە و خەڵکی پێهەڵخەڵەتاوە، بەمەبەستی ئەوەی جێگایەکی ئەمین هەبێت تێرمی شەرەفی تیا هەڵگیرێت، ئەویش نێو لینگی کچە. ئاخر لە کۆمەڵگای ئێمەدا پیاوێک دزیش بکات و پیاویش بکوژێت و جاشیش بووبێت و سەدان کەسی بێتاوانی میللەتەکەی خۆشی بەکوشتدا بێت، هێشتا نازناوی بێ شەرەفی نادرێتێ وەکو ئەوەی کە دەدرێتە کچێک کە ئەگەر تەنيا دڵی بە کوڕێکدا بچێت.
ئەی ناپرسن بۆچی هەتا ئێستاش کە کچ شوودەکات پێی دەڵێن: بە دایکی کوڕان بیت، کوڕت نەمرێت؟ چونکە کوڕ/پیاو تەنيا شەرەف تەنها لای کچەکەیەو پیاو ئەوەی لەسەرە یان ئەتکی بکات یان شەرەفی هەڵدانەوەی ئەو پەردەیە وەرگرێت.
ئەو دەمەی راپۆرتێکی گەلێ بەسوودم بینی لەسەر پەردەی کچێنی، کە ئەسڵەن پەردە نیيەو تەنيا گۆشتێکی نەرم وناسکەو کونێکی بچووکی تیایە بۆ ئەوەی خوێنی سووڕی مانگانەی لێوە بێتە خوارێ، ئەوجا تێگەیشتم ئەوە هەر پەردە نیيە، لە ئەوروپا بۆ ئەوەی کچەکانیان لە ئازاری سووڕی مانگانە بپارێزن دەیانبەن بۆ لای پزیشک بە نەشتەرگەریەکی زۆر بچووک ئەو پارچە گۆشتە لادەبەن بۆ ئەوەی مانگانە تووشی ئەو ئازارە نەبن، کچ و ژنی لای ئێمەش (شەرەف و سەربەرزیيە ئەگەر شووش نەکەن و سێکس نەکەن هەموو تەمەنیان مانگانە بەو هەموو ئازارەوە بتلێنەوە تووشی تا و لەرز بن) چونکە هەڵگری شەرەفی عەشيرەتن..
ئاخرهەر بە بیردۆزی ئەو شوبرایەی براژنەکەی بە ژنی هەموو خێزانەکە دەزانێت، خێزانەکان کەرامەتی ئینسانی کچێک هەتک ئەکەن و مافی پشکنینی نێو لینگی بەخۆیان دەدەن تا بزانن هێشتا ئەو شەرەفەی بە ئەمانەت لەوێ دایانناوە ماوە یان لەدەستیداوە؟
Top