کێ مێژوو ئەنووسێتەوە؟

کێ مێژوو ئەنووسێتەوە؟
ئەڵێن گوایا مێژوو خاوەن هێزەکان و سەرکەوتووەکان ئەینووسنەوە، ئەم بیردۆزەش لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا لەو رووەوە کە ئایا پیاو مێژوو ئەنووسێتەوە یان ژن بەجۆرێک لەجۆرەکان زەق دەبێتەوە. هەڵبەتە بەوپێیەی کە ژن لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بە گشتی و بەتایبەت لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتی و دواکەوتووەکاندا لایەنی ژێردەستە و لاواز و شکستهاتووە، کەواتە ژن مێژوو نانووسێتەوە، بەڵکوو پیاو ئەینووسێتەوە.
دەشڵێن گوایا: «لە پشت هەموو پیاوێکی مەزنەوە ژنێک هەیە»، ئەم وتەیەی کە زۆر کەس بەداخەوە باوەڕیان پێهێناوە و ئەیڵێنەوە و زۆرجار ئیجتیهادیشی بۆ کراوە، هەر ئەمەشە وایکردوە مێژوو پیاو بینووسێتەوە نەک ژن، ئاخر مێژوو ئەو پیاوانەش ناینووسنەوە کە لەپشت سەرکردە بەهێزەکانەوە رۆڵیان بینیوە، تەنانەت ئەو پیاوانەش ناینووسنەوە کە لە بەرەکانی پشتەوەی شەڕەکاندا جەنگاون و سەرکەوتنەکان لەسەر دەستی ئەوان بەدەستهاتووە، هەر ئەوانە ئەینووسنەوە کە لە ئیسراحەتا دانیشتوون و بەری سەرکەوتنە حازرەکانیان رنیوەتەوە، ئیدی ئەگەر ژنێکیش لە پشت پیاوێکی مەزنەوە رۆڵی گێڕابێت هەرگیز شەرەفی نووسینەوەی مێژووی پێنەدراوە و ناویشی نەبراوە، لە باشترین حاڵەتدا لە سێبەر و پەراوێزەکانی پیاوەکاندا باسکراون.
لەکۆی ئەمە تێدەگەم بۆچی رەگەزی نێر دراوەتە مێژوو، چونکە هەمیشە قارەمانێتی و دەسکەوتە سیاسی و گۆڕانکاریە گەورەکان و کودەتا کۆمەڵایەتیەکان و دەسکەوتە زانستیەکان و ...تاد هەموو بەناوی پیاوەوە کراون. باوەڕم وانیە ئەگەر حەپسەخانی نەقیب ئامۆزای شێخ مەحموودی حەفید نەبوایە و هاوسەری شێخ قادری برای شێخ مەحموود نەبوایە ئەو مێژووە نێرینەیە ئاوا باسی لێوە بکردایە و ئەو پێگەیەی بدایەتێ. بەبێ ناوهێنان ژنمان هەن کە لە ئێستادا ناوی دیارن، بەڵام ئەگەر بەراورد بکەیت هەمیشە ئەو ژنانە ناودارترن کە کچ یان خوشک یان هاوسەری پێشمەرگەیەکی شەهیدی ناوداری حزبێکن، یان بەشێوەیەک لەشێوەکان بەشانی پیاوێکدا هەڵزناون و گەیشتوونەتە پێگەیەک، بەڵام ئەو ژنانەی کە بەجۆرێک لەجۆرەکان بەشێوەیەکی عیسامی خۆیان پێگەیاندوە هەرگیز ئەو ناو و ناوبانگەیان نییە. هەمیشە مێژووی پیاوانەی ئێمە باسی ژنی یان لەسەر جێگای نووستن کردوە، یان لە خانەی چەوساوەیی و ژێردەستەیی، یان وەکوو لەشفرۆش یان بەهۆی چیرۆکێکی ئابڕووبەرەوە ناوی براوە. ئەم بیردۆزە چ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و چ لەزۆر بواری مەعریفیدا بە زەقی رەنگیداوەتەوە، بەتایبەت لە بواری راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی هەواڵدا.
هەمیشە باسی ژن لە ژێر دێڕەکانی مێژوودا لە پەراوێزدا بووە، ئەگەر سەیری مێژووی چالاکیە کۆمەڵایەتی و مەعریفی و رۆشنبیریەکان بکەین هەمیشە باسی پیاو لە ریزی پێشەوە بووە، ئەگەر سەیری کورتە و درێژەی هەواڵەکان بکەین دەبینین هەمووی پیاوانەیە، ئەگەر سەیری سەر مێزی دانوستان و مشتومڕە سیاسیەکان بکەین هەمیشە دیوەخانی پیاوانە بوە، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا لە میانەی سەرگوزشتەی پیاوێکدا ژن لە پشتی پیاوە مەزنەکاندا دانراوە.
تەنانەت مێژوو بەجۆرێک باس لە خۆکوشتنەکانی ژنەکان دەکات جیاواز لەوەی کە باس لە خۆکوشتنەکانی پیاوان دەکات، لەیلا عەلی بەهەر بەهانەیەک بێت کە بڕیاریدا کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، دەیان چیرۆکی سەیر و سەمەرەیان لەبارەی خۆکوشتنەکەی هۆنیەوە و لەلایەن هۆکانی راگەیاندن و ئەو کەناڵەی کە تیا دەستبەکاربوو هیچ ئەو گرنگیەی ئەوتۆی پێنەدرا وەکوو ئەو گرنگیەی کە دەدرێت بە هەواڵی خۆکوشتنی پیاوێک، هەمیشە ئەگەر ژنێک خۆی کوشتبێت چیرۆکێکی پەیوەندیدار بە نامووسەوەی دوادەخەن، بەڵام زۆرجار کە پیاوێک خۆی کوشتبێت گوتراوە یان بلیمەتێکی گەورەبووە یان باری سایکۆلۆژی باش نەبوە یان ئەویشیان زۆرجار بەستۆتەوە بە رۆڵی ئابڕووبەری ژنێکەوە لە ژیانیدا بۆیە بڕیاری خۆکوشتنی داوە.
هیچی ئەمانە بە سەیر و سەمەرە نابینم کە بیر لە بۆچوونەکانی نیتشە دەکەمەوە، ئەو شاعیرەی مێژوو بە مەزن ناوی تۆمارکردوە، چونکە لە چیرۆکێکی خۆشەویستیدا نشوستی هێناوە. نیتشە باوەڕی وابوە ژن تەنیا بۆ چێژی سەر جێگا و خستنەوەی پیاوە مەزنەکان باشە و، بۆیە دەڵێ: «ژن تەڵەیەکە سروشت ناویەتیەوە»، بەڵام ئەگەر نیتشە ژن بوایە هەرگیز بە شاعیرێکی مەزن مێژوو ناوی نەدەبرد، بەڵکوو بە چیرۆکێکی ئابڕووبەر سەرگوزشتەی ژیانی ئەگێڕایەوە.
ئەمە بووەتە کەلتوورێکی دژبە ژن کە وایلێهاتوە فەخر و شانازیشی پێوە دەکرێت، بۆیە زۆرجار بە ژنیان گوتوە: بەدایکی کوڕان بیت، یان کە مردوویەک مردوە گوتوویانە تەمەنی درێژی بۆ کوڕەکان بەجێهێشتبێت. ئاخر شەرمەزاریە هەتا ئێستاش کەسێک بە ژنێک بڵێت بە دایکی کجان بیت، یان لەدوای مردوویەک تەمەنی درێژ بۆ کچەکانی بخوازێت، هەر لەو روانگەیەشەوە هەتا ئیستاش لە زۆر خێزاندا مەسەلەی میراتی دەبێتە کێشەیەکی گەورە، چونکە نابێت کچ بەقەدەر کوڕی بەرکەوێت، چونکە هەمیش پیاو سەردار و بەخێوکەر و بەڕێوەبەرە بۆیە ئەبێت بەشی شێری بەرکەوێت.
ژن بۆی نییە خەتیب بێت، بۆی نییە ئیمام بێت، ژن بۆی نییە پێشنوێژی بکات، تەنانەت بەپێی زۆر لە یاسای شارستانی لە زۆر لە وڵاتانی دواکەوتووی خۆرهەڵات بۆی نییە بەبێ مەحرەم سەفەر بکات، ئیدی چۆن بۆی هەیە مێژوو بنووسێتەوە؟
Top