پەرواز.. ناساندنی گوێگری عەرەب بە دەنگ و مۆسیقا و وشەی کوردی.. پەرواز بۆ وای کرد؟

پەرواز.. ناساندنی گوێگری عەرەب بە دەنگ و مۆسیقا و وشەی کوردی.. پەرواز بۆ وای کرد؟
ماوەیەک بەر لە ئێستا لەسەر واڵەکەم لە فەیسبوک بابەتێکم لەسەر پەرواز لەگەڵ یەکێک لە گۆرانییەکانی بڵاوکردەوە، کە لای من جێگەی ستایش و دەستخۆشی و سەپۆرتکردنە. ئەوەی بەلامەوە زۆر سەیر بوو هەندێ کەس هەتا ئێستاش زۆر کار و چالاکی بە نەفەسێکی نەتەوەیی توندڕەو دەخوێننەوە و هەڵوێستی نامەوێت بڵێم کوێرانە، بەڵکو گومڕایانەی لێ وەردەگرن. هەڵبەتە من داوای ئەوە ناکەم ئێمە هەرچیەکمان کرد دەستخۆشی کوێرانەمان لێبکرێ، بەس خۆ ناشکرێ کوێرانەش هەوڵی شکاندنمان بدرێت..
پێش پەرواز لەیلای فەریقی هەنگاوێکی بوێرانەی نواند و چووە میسر و لەگەڵ عەلی حەجاری گۆرانیبێژی بەناوبانگی میسری گۆرانیەکی دویتۆی جوانی تۆمارکرد، ئەو کاتە و هەتا ئێستاش هیچی وانە بە نیگەتیڤ و نەبە پۆزەتیف لەسەر ئەو هەنگاوەی لەیلا نەوترا، لەبەر ئەوەی تەنیا گۆرانییەک بوو و بە موبادەرەی شەخسی لەیلا خۆی بوو و هەروەک دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوادا نەهات، ئەگەرچی قسەی زۆرم لەسەر ئاوازەکە هەیە کە کوردی نییە، بەڵام ئەوەش کێشە نییە چونکە لانیکەم ئەو هەڵوێستە غەیرە کوردی بە دەنگ و وشەی کوردی بە گوێگری عەرەب ناساند و، لەبەر ئەوەشی کە دویتۆیەکی عەرەبی کوردی بووە، شەفاعەت بۆ ئاوازەکە دەکرێت.
لە حاڵەتی پەروازدا کاردانەوەکان جیاوازن، ئەوەندەی دەستخۆشی لە پەرواز کراوە هەتا ئێستا، ئەوەندەش رەخنەی لێگیراوە، بەباوەڕی هەندێ کەس وایە کە ئەگەر پەرواز ژن نەبوایە و پیاو بوایە ئێجگار رووبەڕووی ئەوجۆرە رەخنانە نەبوایەتەوە، لە کاتێکدا بەباوەڕی من مەسەلەکە وانییە، راستە ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە بوارە ئیبداعیەکاندا دوو جار باج دەدات، بەلام پەرواز ئەمجارە سێ جار باجی داوە، کە دەبوو سێ جار دەستخۆشی لێبکرێت. یەکەم لەبەر ئەوەی بەرنامەکە تایبەتە بە عەرەب، دووەم لەبەر ئەوەی ژنە، سێهەمیش لەبەر ئەوەی کورد بەداخەوە هەتا ئێستاش کە عەرەب بە دوژمنی خۆی دەبینێت، ئیتر دژایەتی هونەر و ئیبداعیشیان دەکات و دژایەتی کەسێکی وەکو پەروازیش دەکەن کە لە ناوەندێکی وادا بەو بوێریە ئامادەگی خۆی یەکەم وەکو ژن و دووەم وەکو کوردێکی بە هەڵوێست نواندووە.
راستە هەموومان خۆزگەمان خواستووە کە ئەو بەرنامەیەی پەرواز بەشداری تیاکردووە خۆزگە جیهانیتر بوایە، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە دەستکەوتە هەر لەسەرەتاشەوە راغب عەلامە ئاماژەی پێداو چەند جارێکی تریش راغبیش ئەندامانی دیكەی لیژنەکەش جەختیان کردەوە، کە ئەویش ناساندی گوێکری عەرەب بە دەنگ و مۆسیقا و وشەی کوردی، دووەم راکێشانی پرسێکی هونەری لەنێوان جیهانی عەرەبی و جیهانی کوردیدا لەرێگەی هونەری گۆرانییەوە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت ستەیجی عەرەب ئایدل یەکێکە لەو ستەیجانەی کە ملیۆنان گەنج خەونی پێوە دەبینن لەسەری بوەستن، چونکە لەکاتی پەخشی بەرنامەکەدا ملیۆنەها بینەری عەرەبی هەیە، ئەی ئەوە دەستکەوت نییە هەفتانە ملیۆنەها عەرەب، بە شۆڤێنی و نەتەوەیی و رەگەزپەرست و عیلمانی و چەپ و راستیان و خوێنەوار و نەخوێنەواریانەوە ئاشنای دەنگ و ئاواز و وشەی کوردی دەبن و هەر لەناویاندا رەنگە هەزاران دەنگی بۆ دەدەن و بە هەنگاوێکی بوێری دەزانن.
ئەی خۆ ساڵانە زۆر منداڵی بەهرەمەندی خێزانە کوردییەکان بەشداری لەو جۆرە بەرنامانەدا دەکەن لە وڵاتە ئەوروپی و ویلایەتە ئەمریکیەکان، ئەی بۆچی کەس نایەتە دەنگ و بڵێت ئەوانە چۆن کەسوکاریان رێگە دەدەن لە بەرنامەیەکی لەوجۆرە بەشداری بکەن، ئەی ئەوانە کورد نین؟ ئەی ئەو بەرنامانە خۆ کوردی نین.
خۆزگە میللەتی کورد هێندەی موعانات و مەینەتی و زوڵم و ستەم و زۆرداری دیوە، هەموو ئەمانەی لە ئێستادا بۆ هەستێکی جوانی حەز بە ئیبداع و جوان تەرجەمە بکات و هیچی تێناچێت ئەگەر دەسخۆشی لەپەرواز بکەین، خۆ لە کۆتاییدا کچێکی کوردە و لەسەر ستەیجی ئەرەب ئایدل لە هەموو کات زیاتر پێوەی دیارە کوردە و بیری نەچۆتەوە بە کوردی گۆرانی بڵێت.
ئەوەی بەردەوام جێگەی سەرسوڕمانمە ئەوەیە هەر کە ئەکتەر یان گۆرانیبێژێک یان کەسێکی ناودار لەناو عەرەب یان تورک یان فارسدا دەردەکەوت ئەگەر سیخوڕێکیش بووبێت بەڵام ناوبانگێکی هەبێت، خێرا دەبیستیتەوە گوایا بەرەگەز کوردە و شانازی پێوە دەکەن، وەکو دوای مردنی ئەکتەری میسری سوعاد حوسنی، خێرا گوتیان بەڕەگەز کورد بووە، لە کاتێکدا دەیان ساڵ ئەو ژنەمان دەبینی، قەت نەمانبیست رۆژێک لە رۆژان وشەیەک کوردی بەکاربێنێت یان ئاماژە بەوە بدات کە کوردە یان نا؟ بەم دواییە کچێک لە درامایەکی دۆبلاژکراوی تورکیدا بەناوی (علی مر الزمان) دەرکەوتووە کە ناوی (ئیلین)ـە خێرا بلاوکرایەوە گوایا بە ئەسڵ کوردی کەرکوکە و زۆر کەسیش هەر بە شانازیەوە ناوی دەبەن، ئیتر جگە لە دەیان و سەدان گۆرانیبێژ، ئەکتەر و سیاسەتمەدار و نازانم چی کە بە فەخر و شانازیەوە کوردی ئێمە دەڵێن بە رەگەز کوردن، کەچی کەسمان نەمان بیستووە رۆژێک لە رۆژان قسە بە کوردی بکەن یان لانیکەم بڵێن کە کوردن، کەچی پەرواز بە ئەوپەڕی بوێرییەوە لەسەر ستەیجی ئەرەب ئایدل دەوەستێ و بە کوردی گۆرانی دەڵێ و خۆی بە جەختەوە بە کورد ناساندووە، کەچی ئەوەندەی رەخنەی لێدەگرن ئەوەندە ستایشی ناکەن.
ئەی باشە ئەوەندەی کورد سەلیم بەرەکات و جەمیل صدقی الزەهاوی و نازانم کێ و کێی تری زلکردووە چونکە بەرەگەز کوردن، لە کاتێکدا یەک وشەیان بە كوردی نەنووسیوە، لە کاتێکدا پەرواز هەر لەسەرەتاوە ئەوەی فەرز کرد کە بە ناوی کوردستانی عێراقەوە بناسرێت، بەباوەڕی من ئێستا ئامانجی پەرواز رەنگە بردنەوەی نازناوی ئەرەب ئایدل نەبێت بەقەدەر ئەوەنەی هەوڵ و کۆششی ئەوە دەدات کە هونەری گۆرانیی کوردی بە جوگرافیای عەرەب بناسێنێت و ئەوەش ئیشکە دەبێت ستایش بکرێت و دەستخۆشی لێبکرێت و سەپۆرت بکرێت.
Top