كێشەی سوریا و شکستهێنانی لوتکەی سان پێترۆسبۆرگ

كێشەی سوریا و شکستهێنانی لوتکەی سان پێترۆسبۆرگ
لە کاتێکدا سەرانی گروپە بیستەکە سەبارەت بە لێدانی رژێمی سوریا خەریکی دانوستان بوون،خەلکی سڤیل لەو وڵاتە بە بەردەوامی کۆمەڵکوژییان بەرامبەر دەکرێت.
لە لوتکەی(سان پێترۆسبۆرگ) کە لە رووسیا بەسترا، ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ئەوروپای پێوە دیاربوو لەمەر مەسەلەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سوریادا. فەرەنسا کە یەکێکە لەو وڵاتە ئەورپییانەی کە تا ئێستاش سوورە لەسەر لێدانی سوریا،لە رۆژی دوایی لوتکەکەدا (فرانسوا هۆلاند)ی سەرۆکی فەرەنسا لەلایەن خۆیەوە هاوپەیمانانی ئەوروپای لەوە دڵنیا کردەوە کە تاوەکو راپۆرتەکەی کۆمەڵگەی جیهانی دژ بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەمەڕ هێرشە کیمیاوییەکەی(٢١)ی ئابی سوریا بڵاو نەکرێتەوە، هیچ بڕیارێک نادات بۆ هێرش کردنە سەر سوریا، هەروەک چۆن زۆربەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئەو بیروڕایەدا کۆکن، هەروەها ئەو خاڵەی کە زیاتر یەکێتیی ئەوروپا جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە کە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان پەلە بکات لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە،ئەگەرنا ئەوە مەسەلەکە پشتگوێ دەخرێت،هەرچەندە هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە رۆژی (٣٠)ی مانگی رابردووەوە ئەرکەکانیان تەواوکردووە، بەڵام بەپێی سەرچاوە دیبلۆماسییەکان رەنگە راپۆرتەکە لەهەمان رۆژدا بڵاو بکرێتەوە کە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەنگ لەسەر ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر سوریا دەدات. هەر لەمبارەیەوە (کارل بیلت)ی وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند کە مەسەلەی چاوەڕوانکردنی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان مەسەلەی رێزگرتنە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەگەر نا بەڵگەکان هەموویان ئاشکران و لەبەر دەستن کە کێ ئەو کارەساتەی لە سوریا ئەنجامداوە. هەروەها دووپاتیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیندستان و بەرازیل و چین پێیان وایە ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاوە ئاشکرا کراون بەس نین بۆ دەستتێوەردانی سەربازی لە سوریا، بەڵکو دەبێت گشت وردەکارییەکانی تر بزانرێن لەمەڕ قەبارە و چۆنییەتی و سەرچاوەی دروست کردنی ئەو چەکە کیمیاوییانە. لەلایەکی تریشەوە سەرۆکی وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، سعودیا و ژاپۆن له بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان کردەوه كە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی له هەر شوێنێک ئاسایشی خەڵک کەم‌دەکاتەوه، نەک تەنها ئەمە،بەڵکو مەترسیی بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەریش دەبێت. هاوکات (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتی ئەوەی کردەوە کە زۆربەی خەڵک، بەشار ئەسەد به بەرپرسیاری بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دەزانن،هەرچەندە «ڤیلادیمیر پوتین» ی سەرۆک کۆماری رووسیا، لەگەڵ ئەم رایەدا نییه، هەروەها ئۆباما حکومەتی بەشار ئەسەدی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان وەسف کرد. لەلایەکی دیکەوه پوتین له کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: زۆربەی سەرۆکەکانی بەشداربووی گروپی٢٠ دژی هەوڵی سەربازین دژ بە سوریا. پوتین ئاشکراشی کرد: تەنیا ئەمەریکا، فەرەنسا، کەنەدا، سعودیا و تورکیا لەگەڵ ئەوەدان که بەبێ رەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایش هێرش بکرێته سەر سوریا. لە راستیدا ئەو هەڵوێست وەرگرتنەی وڵاتانی رۆژاوا لە سەرووی هەمووشیانەوە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبوایە دوو ساڵ لەمەو بەر پیشانیان دابایە، نەک چاوەڕوانی روودانی کارەساتە کیمیاوییەکەی ٢١ ی مانگی رابردووی سوریایان کردبایە.
Top