گریـــــــان

گریـــــــان
«پێویستمان بەوەیە شەرم لە فرمێسکەکانمان نەکەین»
*چارلس دیکنس*
کێشەکە لەوەدا نییە گریان ئارامبەخشە یان نا، کێشەکە ئەوەیە پیاو رووی نایەت بگری و هەندێ ژن نایانەوێ بگرین و هەندێکی تریش ناتوانن بگرین... لە کاتێکدا یەکێک لە نیعمەتەکانی سروشت بە ئادەمیزادی بەخشیوە گریانە، گریانیش گوزارشتێکی سروشتی ئادەمیزادە لەهەردوو کاتی خۆشی و ناخۆشیدا.
هێند باوکم ئەوەندە جوان و میهرەبان نەدەبینی بەقەدەر ئەو کاتانەی فرمێسکەکانیم بە چاوەکانیەوە دەبینی ئەو دەمی نمرەکانمانی دەبینی کە قۆناغێکی خوێندنمان بەسەرکەوتوویی ئەبڕی. بە فرمێسکەکانی چاویەوە ماچی کارتەکەی مەکتەبی ئەکردین و ماچی خۆشمانی ئەکرد. یان ئەو کاتانەی نەخۆش ئەکەوتین یان خواحافیزیمان دەکرد، هۆن هۆن فرمێسکەکان بەسەر روومەتەکانیەوە ئەهاتنەخوارەوە. هەیبەتێکی پڕ سۆزی پێ ئەبەخشی، کیبریائێکی پڕمیهرەبانی. سەیرم لێدێت کە دەڵێن پیاوەکان بۆیە ناگرین، چونکە کیبریائیان نامێنێ.
زۆرجار گریان بە حاڵەتێکی لاوازی و بێدەسەڵاتی پێناسەدەکرێت، بۆیە دەبینیت زۆربەی پیاوان یان ناگرین یان فرمێسکەکانیان قووت دەدەنەوە و ناهێڵن بگرین، یان دوور لە چاوی خەڵک دەگرین.. وتوویانە گریان لە ژن هاتووە، یان کە پیاوێک گریابێت پێیان وتوە وەکوو ژن ئەگری، ئەمە بۆ؟ چونکە ژن کەمتر ئەتوانێت فرمێسکەکانی گلداتەوە، یان زۆرجاریش وتوویانە ژن فرمێسک وەکو چەکێک بەکاردەهێنێت لەکاتی پێویستدا، ئەمە هەمووی لەبەر ئەوەی پیاو هەمیشە پێی ناشرینە فرمێسک لە چاوانیا ببینرێت.
ئێلیزابێت گیلبەرت ئەڵێ: «داوای لێبوردن مەکە کە گریاویت، بەبێ ئەو هەستە ئێمە تەنیا رۆبۆتین».. تەنانەت ئەوانەی هەڵچوونەکانیان بە گریان گوزارشت لێدەکەن سیماو رووی دەرەوەیان ئارام بەخشترە لەوانەی کە ناگرین و رووی دەرەوەیان قەساوەتێکی پێوە دیارە..
هەڵبەتە حاڵەتی گریان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، لە رووی سایکۆلۆژییەوە، رەگەزی، پەروەردەیی و تەنانەت باوەڕی فکری و فەلسەفی و تێڕوانین لە فەلسەفەو حیکمەتی گریان، ئەو کەسانەی ئیدیعای ئەوە ئەکەن کە ناگرین خۆیان بە ئادەمیزادێکی بەهێز و توندوتۆڵ دەبینن، لە کاتێکدا گریان هیچ کاتێک لە توندوتۆڵی کەسایەتی و بەهێزی ئادەمیزاد کەم ناکاتەوە، بەپێچەوانەوە ئاسوودەییەکی بێوێنە دەبەخشێتە ئادەمیزاد.
گریان ئادەمیزاد بەشێوەیەکی بێوێنە لە دەوروبەری دائەبڕێت و دەیکاتە تۆپەڵێک لە هەست و سۆز، دەیکاتەوە بە منداڵێک کە هێشتا هیچ تاوانێکی نەکردوە. بۆیە ئادەمیزاد ناوبەناو پێویستی بە گریانە بۆ ئەوەی لەخۆی و دەوروبەری پاک بێتەوە، چونکە گریان بۆخۆی بریتییە لە حاڵەتێکی هەڵچوونی دەروونی دەرئەنجامی رووداوێکی دیاریکراوە و ئادەمیزاد دەکەوێتە ژێرکاریگەرییەوە..
کە گوتراوە ژن لە پیاو زیاتر ئەگری نیشانەیەکی لاوازی و بێدەسەڵاتییە، مەسەلەکە ئەوەیە گوایا لەرووی زانستییەوە لە جەستەی ژندا گلاندی فرمێسک زیاتر هەن و زیاتر ئەڕێژن، بۆیە ژن زیاتر توانای گریانی زیاتری هەیە، هەندێ کەسێک کە بەسەختی ئەگرین تا رادەی ئەوەی ئازاری قوڕگیان ئەدەن، وادەزانن لەبەر ئەوەیە کە هەست ئەکەن ئەمە لوتکەی بێدەسەڵاتییانە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە دوو حاڵەت لەیەک جیاکەنەوە ئەویش چییان پێ ئەکرێ یان پێناکرێ بۆ گۆڕینی هەلومەرجەکە شتێکە و، کە بگریت بۆ ئەوەی ئارام بیتەوە یان ئازارێک لەدەروونتایە و دەبێت دەریکەیت شتێکی تەواو جیاوازە، لەم حاڵەتەدا ئەگەر نەگریت تەنیا بۆ ئەوەی بێدەسەڵات نەنوێنیت ئەوە ترۆپکی ئازارە و لەناوەوە وێرانت ئەکات. مەسەلەکە زۆر لەوە سادەترە کە ئێمە تێیگەیشتووین، بەچەند وشەیەکی تر من باوەڕ دەکەم گریان یارمەتی بیرکردنەوەش دەدات، هەمووجارێک کە دووچاری کێشەیەک بوومەتەوە ئەگەر پێویستم بەبەتاڵبوونەوە بووبێت یەکەمجار گریاوم دوایی بیرم لەچارەسەر کردۆتەوە، کە کەسێکیشمان لێ دەڕوات بۆی دەگرین بۆ ئەوەی دوایی بتوانین بەردەوامی بە ژیانمان بدەین. چونکە ئازار لە شوێنێکدایە تەنیا گریان پەی پێ دەبات، تەنها لەوێوە فرمێسکەکان هەڵئەقوڵێن. ئەگەر نەگرین ئارام نابینەوە.
Top